بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ: شەڵتەرەکانی داڵدەدانی ژنان هۆکارێکن بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کوشتنی ژنان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ: شەڵتەرەکانی داڵدەدانی ژنان هۆکارێکن بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کوشتنی ژنان

بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێ کە شەڵتەرەکانی داڵدەدانی ژنان بوونەتە مایەی چارەسەرکردنی بەشێکی زۆری کێشەکانی ئافرەتان و تەنیا لە ماوەی یانزە مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 110 کەیسی داڵدەدانی ژنان هەبووە.

ئاری ڕەفیق، یاریدەدەری بەرێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لە وەزارەتی ناوخۆ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "شەڵتەرەکان یەکێکن لە گرنگترین کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کورستان کە لە ساڵی 2007ەوە دامەزراون و ئێستاش گرنگییەکی زۆریان پێدەدات و شەڵتەرەکانی داڵدەدانی ئافرەتان لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێمەوە دەپارێزرێن هەر لە هێنانی ئافرەتەکە تاوەکو ڕەزامەندی دادوەری لەسەر وەردەگیرێت، ئەوکات دەهێنرێتە شەڵتەرەکان".

گوتیشی: "ئەگەر شەڵتەرەکان نەبوونایە ڕێژەی کوشتنی ئافرەتان چەند هێندەی ئێستا زیاتر دەبوو، چونکە ئەو شەڵتەرانە بوونەتە مایەی چارەسەرکردنی بەشێکی زۆر لەو کەیسانەی کە دێنە ناو ئەو شەڵتەرانەوە و تووشی کێشەی خێزانی یان کۆمەڵایەتی بوون، بەمەش وایان کردووە ڕێژەی کوشتن کەم ببێتەوە، ئەگەر شەڵتەریش نەبووایە چارەنووسی بەشێکی زۆری ئەو خانمانە ئێستا نادیار دەبوو".

 

ئاشکراشیکرد، لە ساڵی 2015ەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ هەزار و 400 ژن لە ناو شەڵتەرەکانی هەرێمی کوردستان داڵدە دراون، هەتا مانگی ڕابردووش نزیکەی 110 کەیسی ژنان و کچانمان هەبوو کە داڵدەدراون لە شەڵتەرەکانی هەرێمی کوردستان و ئامارەکانی ئێمە داخۆشکەرن و پێمان دەڵێ کە شەڵتەرەکان بوونەتە هاوکارێکی زۆر باشی ئافرەتان و ئەو خێزانانەی تووشی کێشە دەبن.


جەختیشیکردەوە: "شەڵتەر شوێنێکی کاتییە بۆ داڵدەدانی ئەو ئافرەتانەی کە تووشی کێشە بوون بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، هیچ کەسێک نییە تا هەتایە لەو شوێنە بمێنێتەوە، ڕێوشوێنی تایبەتیش دیاریکراوە بۆ پێدانەوەیان بە خێزان و کەسوکارەکانیان، ئێمە کاتێک ئافرەتەکەیان ڕادەست دەکەینەوە لەسەرەتادا بەڵێننامە لە کەسوکاریان وەردەگیرێت کە بەڵێنی پاراستنی ئەو ئافرەتە بدەن و ئەگەر هات و بەڵێنەکەیان نەبردەسەر و ئەو ئافرەتەیان ڕووبەڕووی کوشتن کردەوە ئەو کات ئێمە بە یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەین و سزا دەدرێن، ئەو کەیسانەش حاڵەتی دەگمەنن و لە ساڵانی ڕابردوودا ڕوویداوە، بەڵام زۆرینەیان لە لایەن خێزانەکانیانەوە قبوڵ کراونەتەوە و پابەندی بەڵیننامەکانی ئێمە بوون، ئافرەتیشمان هەبووە کە لە لایەن خێزانەکەیەوە قبوڵ نەکراوتەوە و ماوەی چەند ساڵێک لە شەڵتەرەکانمان ماوەتەوە، بەڵام شەڵتەر باشترین شوێنە بۆ دامرکانەوەی توڕەیی خێزانەکان تاوەکو کچ و ژنەکانیان قبوڵ بکەنەوە".