شەوی چلە (یەڵدا) و ڕەنگدانەوەى لە مێژوودا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شەوی چلە (یەڵدا) و ڕەنگدانەوەى لە مێژوودا

شەوی چلە بچکۆلە (شەوی یەڵدا) درێژترین شەوی ساڵە کە دەکەوێتە نێوان شەوی 20 لەسەر 21 ی کانوونی یەکەمی ساڵی زایینی، ئەم شەوە ھەر لە خۆرئاوابوونی ڕۆژی 30ی سەرماوەزەوە 20ی "کانوونی یەکەم"ەوە تا دەگاتە ھەڵاتنی خۆر لە بەیانی ڕۆژی 1ی بەفرانبار (21ی کانوونی یەکەم) درێژەی ھەیە، لەو کاتەدا ھەردوو بورجی کاژۆڵە و کەوان لە یەکتری تێدەپەڕن، لە نیوەی باکووری گۆی زەوی بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافییەوە بە ئاراستەی پێچەوانەی خۆر دەچەمێتەوە، بۆیە ماوەی بەریەککەوتنی تیشکی خۆر دەکەوێتە ئەوپەڕی کەمی، لە دوای ئەمەوە چیتر شەو درێژ نابێت، بەڵکوو دووبارە ڕۆژ بەرە بەرە درێژ دەبێتەوە و تیشکی زێڕینی بەسەر زەویدا پەخش دەکات.

وشەی یەڵدا لە بنەڕەتدا لە زمانی ئارامی وەرگیراوە کە یەکێک لە زمانە کۆنەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، و بۆ ماوەیەکی درێژ لای نەتەوەکانی ڕۆژھەڵات زمانی لەیەک تێگەیشتنی گشتی بووە، (یەڵدا) واتە لەدایکبوون، لە وشەی (ولد، یولد) ھاتووە، دیارە مەبەست لە ناوی (یەڵدا) لەدایکبوون و درێژبوونەوەی ڕۆژە. چونکە یەڵدا یەکێک لەو جەژنانەیە لە ڕەچەڵەکی ئایینی مێھردا ھەیە و زۆر لە لێکۆڵەران و ڕۆژھەڵاتناسان بە شەوی لەدایکبوونی “میترا”ی ناو دەبەن و پەیڕەوانی میتراییزم ئەم شەوە بە شەوێکی پیرۆز دادەنێن، بۆیە لەو شەوە دا کۆ دەبنەوە و لە دەوری ئاگر کەسەرچاوەی ڕووناکی و وزەبەخشییە ئاھەنگ دەگێڕن، میتراییەکان بە ڕێوڕەسمی تایبەت شەوی یەڵدایان بەڕێ کردووە، تا ڕۆژی ٢١ی ١٢ی هەموو ساڵێک جەژن بگرن، چونکە لایان وابوو ئەو ڕۆژە، ڕۆژی لەدایکبوونی خۆرە.

لە ڕۆژگاری ڕابردوودا دانیشتوانی کوردستان بە شێوەیەکی فراوان ئەم یادەیان بەرز و پیرۆز ڕاگرتووە و تا سەردەمانی دەسەڵاتی سیاسی و فەرھەنگی میرنشیینە کوردەکان لە ھەموو کوردستاندا یادی شەوی یەڵدا دەکرایەوە، تا ئێستاش لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا یادی دەکرێتەوە و ھەندێ دابونەریتی تایبەت بەخۆی ھەیە، لەو شەوەدا شەوچەرە و گوێزەبانە بۆ خواردن دابەش دەکرێت، بەڵام لەگەڵ بەھێزبوونی دەسەڵاتی عوسمانییەکان ئەم یادکردنەوەیە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی شکستی ھێنا و یادی بۆنە و نەریتە کۆنەکان بەناوی نەگونجان لەگەڵ ئایین قەدەغە کران و لەبیر خەڵک چوونەوە.

شەوی چلە (یەڵدا) یان یەکێکە لە جەژن و بۆنە مێژوویی و کۆنەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھاوبەشە لە نێوان نەتەوەکانی ھیند و ئاری و ماد و نەتەوەکانی تری میزۆپۆتامیا. دوایین شەوی پاییز، یان مانگی سەرماوەز، لە نیوەی باکووری گۆی زەوی بە درێژترین شەوی ساڵ دادەنرێت. لە شەوی یەڵدا بەدواوە درێژایی شەو کەم دەبێت و ڕۆژەکان درێژتر دەبنەوە.

وشەی یەڵدا ڕیشەیەکی سریانیی ھەیە بە واتای "لەدایکبوون" و "ھاتنە دنیا"یە، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ لەدایکبوونی خۆر و ڕووناکی، یان میترا. ڕۆمییەکان ئەو ڕۆژە بە "ناتالیس ئانایکتوس" یان "ڕۆژی لەدایکبوونی ڕووناکی" ناو دەبەن. ئەبورەیحان بیرونی زانای بەناوبانگی ئێران وەک جەژنی "لەدایکبوونی مەزن" یان "میلاد اکبر" باسی لەو جەژنە کردووە ئەوەش ھێمایەکە بۆ لەدایکبوونی خۆر و ڕووناکی.

لە کۆندا چلە دوو ڕێکەوت بوو لە ناو ڕۆژمێردا، چلەی ھاوین و چلەی زستان، چلەی ھاوین کە دوایین ڕۆژی جۆزەردان و یەکەم رۆژی پوشپەڕە و بە درێژترین رۆژی ساڵ دادەنرێت و چلەی زستان کە دوایین شەوی سەرماوەزە و درێژترین شەوی ساڵە. لە رابردوودا کشتوکاڵ بناغەی سەرەکی ژیانی خەڵکی پێکدەھێنا و گۆڕانکاریەکانی کەش و ھەوا و وەرزەکان کاریگەری لە سەر کشتوکاڵ و شێوەی ژیانی ئەوان دادەنا ھەر بۆیە تەنانەت ڕۆژمێرەکانیش بەپێی ئەو گۆڕانکارییانە داڕێژراون، ئەگەر سەرنج بدەین ناوی مانگەکانی ساڵنامەی کوردی و زۆربەی نەتەوەکانی تری ئاری پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ کشتوکاڵ و گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا ھەیە، بەو پێیەی درێژی و کورتیی شەو و ڕۆژەکان کاری دەکردە سەر چالاکییەکانی کشتوکاڵ و جووتیاری، ئەوانیش ناچار بوون چالاکییەکانیان لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە ڕێک بخەن.

پێشتر و پێش ئەوەی کە زانستی کرۆنۆلۆژیا (کات و ڕۆژژمێری) پەرە بستێنێ، مرۆڤ لەسەر بنەمای گۆڕانی وەرزەکان و بەپێی ئەزموون، ناویان بۆ وەرزەکان دادەنا و هەندێ کات بۆ تێگەیاندنی زیاتری خەڵک چیرۆک و ئەفسانەیان بۆ ساز دەکرد، بۆ وێنە وەرزی زستان کە لە سێ وەرز پێکدێت دابەش دەکرا بەسەر سێ بەشدا و 45 رۆژی یەکەم بە "چلە بچکۆلە" ناودێر دەکرا و لە سەرەتای بەفرانبارەوە کە بە شەوی "چلە" ناسراوە دەستی پێ دەکرد و هەتا 15ی بەفرانبار درێژەی دەکێشا و پاشان بەشی دووەم کە بە "چلە گەورە" ناسراوە، دەستی پێدەکرد و هەتا 15ی ڕەشەممەی دەخایاند کە لەڕووی سەرماو سۆڵەوە سەختترین کاتی ساڵ دەناسرا.

بەشی سێیەم و کۆتایی کە بە "خاتوو زمهەریر" ڕۆژی کۆتایی کەلە 15ی ڕەشەممەوە دەستی پێ دەکرد و هەتا کۆتایی زستان و سەرەتای بەهار و نەورۆزی دەخایاند و بە خاتوو زمهەریر ناسرابوو و لە ئەدەبی زارەکی و ئەفسانە و چیرۆکی کوردیدا جێگەی تایبەتی هەیە. لە چیرۆکی زستاندا وا هاتووە چلە بچکۆلە و چلە گەورە و خاتوو زمهەریر برا و خوشکن و پاشان یەکە کە کۆچ دەکەن و دوایی زمهەریر خوشکی بچووکیان لە کۆتایی ساڵدا بە کڕێوە و بەفر و بەستەڵەکی سارد و هاتنی زوقم، تۆڵەی دوو براکەی دەکاتەوە و دوایی بە "بەفرە پرووشە" ملوانکەکەی دەڕنێت و شیوەنیان بۆ دەکات. 

دوایی وردە وردە و بە ئەزموون مرۆڤەکان بۆیان دەرکەوت لە ھەندێک وەرزدا ڕۆژەکان درێژترن و ئەوان دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر کەڵک لە ڕووناکیی خۆر وەربگرن بۆ کشتوکاڵ کە بناغەی سەرەکی بژیویان بوو. ھەر بۆیە ھێدی ھێدی ڕووناکی و خۆر بووون بە ھێمای ژیان و چاکە، تاریکیش بوو بە ھێمای خراپەکاری و ستەم. گەلانی "ھیند و ئاری" و "ھیند و ئەورووپی" دوایین شەوی پاییزیان وەک شەوی لەدایکبوونی خۆر و ڕووناکی دادەنا و تەنانەت ڕۆژی یەکەمی زستانیان بە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێ دادەنا، چونکە لەو بڕوایەدا بوون کە ئاھورامەزدا بەسەر ئەھریمەندا سەرکەوتووە و بە درێژیی ڕۆژ و رووناکی زیاد بووە.

لە "ئاسارولباقیە"ی ئەبورەیحانی بیروونی و لە قانوونی مەسعوودی ئەو رۆژە وەک خۆرە روز و خۆرەم روز واتە "رۆژی پیرۆز" ناوی براوە. ھەروەک ئاماژەی پێدرا تاریکی ھێمای شەیتان و ئەھریمەن بووە، دوایین شەوی پاییزیش کە درێژترین شەو و تاریکترین شەو بووە، بە شەوێکی شووم و پڕنەھامەتی دانراوە، ھەر بۆیە لە کۆنەوە لەگەڵ خۆر ئاوابوونی دوایین رۆژی پاییز، خەڵک بە داگیرساندنی ئاگر ھەوڵیان دەدا تاریکی و ھێزە ئەھریمەنییەکان بڕەوێننەوە و لە خۆیانی دوور بخەنەوە.

خەڵک لەو شەوەدا لە لای یەک کۆدەبوونەوە و بە خواردن و خواردنەوە و گۆرانیوتن و ھەڵپەڕکێ شەونخوونیان دەکێشا و چاوەڕوانی ھەڵھاتنی خۆر دەبوون. ئەو سفرەیەی لەو شەوەدا دەڕازێنرایەوە لە لای زەردەشتیەکان بە "مەیزەد" ناسرابوو چەرەسەکەش پێی دەوترا "لۆرک". لە نەزرگە و پەرستگەکانی میترایی نزا دەکرا بۆ سەرکەوتنی ڕووناکی بە سەر تاریکی و ئەھریمەندا ئەو نزایەش پێ دەوترا "نی یەد". خەڵک کە بە ئاھەنگگێڕان و شەونخوونی شەوی یەڵدایان بەسەر دەبرد، یەکەم ڕۆژی زستان یان خۆرە روز، یان ڕۆژی پیرۆزییان دەرکردە پشوو.

ئەمە ھاوکاتە لەگەڵ کوودەتای زستان بەسەر پاییزدا یان گۆڕانی کەشوھەوا بەم ھۆیەوە ڕۆژ درێژتر دەبێت و شەو کورتتر دەبێتەوە، لەلایەکەوە وەرزی خەزان و ماتەمینی سروشت بەسەر دەچێت، لەلایەکی تریش سەرەتا و دەرکەوتنی وەرزی سەرما و سۆڵە، بەفر و کڕێوە، بەستەڵەک و سەھۆڵبەندانە، لە کاتێکدا مرۆڤ گیرۆدەی تووڕەیی سروشتە، چاوەڕێی وەرزی بەھار و گوڵ و گوڵزار و سەرلەنوێ ژیانەوەی سروشت و نوێبوونەوەی ژینگە و گیانەوەرە، ھەر لە کۆنەوە ئەم دیاردە سروشتییە لەسەر خەڵکانی کەونارا و پێشینان کاریگەریەکی قووڵی داناوە و ئەو شەوەیان بە واتای زاڵبوونی ڕووناکی بەسەر تاریکیدا ئاماژە کردووە، پیرۆزی و سەرکەوتنی ڕووناکیان بەسەر تاریکیدا جێژن گێڕاوە، ھەتا سەرکەوتنی مێھر و تێکشکاندنی ئەھریمەن بە چاوی خۆیان ببینن، لەناو زۆر لە نەتەوەکانی ڕۆژھەڵات ئەم جەژنە بەڕێوە دەچێت، بەڵام ھەریەک لە نەتەوەکان لەژێر ناوی جیا و بە شێوەی جیاواز یادی دەکەنەوە.

جاران لەھەموو کوردستاندا بە فراوانی یادی شەوی یەڵدا دەکرایەوە و لە ھونەر و ئەدەبی کوردیدا ڕەنگدانەوەی خۆی بوو، شاعیرانی کلاسیکی کورد لە سەردەمی یادکردنەوەی شەوی یەڵدا بە شێعرەکانیان بەشداریی ئەو شەوەیان کردووە، حەزرەتی نالی دەڵێ:

شەوی یەڵدایە، یا دەیجوورە ئەمشەو/ کە دیدەم، دوور لەتۆ بێ نوورە ئەمشەو

لەگەڵ سەرھەڵدانی ئایینی مەسیحی ناکۆکی و ململانێ لە نێوان میترایی و مەسیحی سەری ھەڵدا، بە تایبەت لە سەدەی سێیەمی زایینیدا مەسیحیان لە کوردستان تووشی ململانێیەکی ئایدۆلۆژی توند بوون لەگەڵ میتراییاندا، بەھۆی بوونی ھێزی بێزەنتییەوە وەک ھێزێکی مەسیحیان بارودۆخەکە بە قازانجی ئایینی مەسیحی کۆتایی ھات، بەڵام مەسیحیان بۆ ڕاکێشانی میتراییان بەلای خۆیاندا یادی لەدایکبوونی ئەو ڕۆژیان کردە یادی لەدایکبوونی عیسای مەسیح، دیارە بە تێپەڕبوونی کات و دوای چەندین جار دەستکاریکردن و ڕێکخستنی ڕۆژژمێر یادی لەدایکبوونی عیسایان لە نێوان ٢١/١٢ بۆ ٢٥/١٢ گۆڕی و خۆیان لەگەڵ ئایینی میتراییدا گونجاند، زۆر لە مێژوونووسان لەو باوەڕەدان بەھۆی نزیکایەتیی ئایینی میترایی لە ئایینی مەسیحیدا شەوی یەڵدا بە شەوی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح دەزانن.

ئەگەر لە کوردستان ئاوڕێکی کورت لە مێژووی شەوی یەڵدا بدەینەوە و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی ئەم جەژنە لەبەرچاو بگرین، دەبێ بیگێڕینەوە بۆ سەر ڕەچەڵەکی ئایین لە کوردستان و دابونەریتی کوردەواری لە سەردەمی کۆندا، وەک دەزانین بونیادەکانی ئایین لە مێژووی کورددا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن، ھەر لە سەرەتای پەیدابوونی مرۆڤی کورد و تێکەڵاوبوونی بە دیاردەکانی سروشت و ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی مرۆڤی کورد ئایینیش وەک سیستەمێکی کۆمەڵایەتی ژیانی خەڵکی ئەم ناوچەیە، دانیشتوانی کوردستان لە سەرەتاوە ھەوڵ و تەقەڵای خۆیان داوە بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ژیان.

لە کوردەواریدا شەوی یەڵدا وەکوو جەژنەکانی دیکەی کوردەواری وەک نەورۆز و چوارشەمەسووری و ئەوانی‌تر نەریتێکی کۆنە، لەم شەوەدا لە کوردەواری کۆبوونەوەی خێزان لە دەوری یەکتر  بە دانان و ڕێکخستنی شەوچەرەی نێو دیوەخان و بەسەربردنی چلەی زستان شەویان گوزەراندووە بە گێڕانەوەی حیکایەت و چیرۆکە کۆنەکان کە ئازایی و قارەمانی و لەخۆبووردوویی تێدا ڕەنگی داوەتەوە، یان شکست و تێکشکان و نائومێد و تێھەڵچوونەوە و بەرگریکردن شەرمەشقی کارەکان بووە، زۆربەی جار قارەمانانی ئەو چیرۆکانە کچانی شۆخ و شەنگ و لاوانی قارەمانی نەتەوەکەمان بوون کە لە شۆخ و شەنگی و ئازایی و جوامێریدا نموونەیان دەگمەنە، بەرھەمی ئەو جوانی و چەلەنگی و لە خۆبوردوانە چەندان چیرۆکی وەک: خاتوون زین و کاکەمەم، شیرن و فەرھاد، قەڵای دمدم و دوانزە سوارەی مەریوان و چەندانی ترن.

شەوی یەڵدا ھاوکاتە لەگەڵ کۆتاییھاتنی گەڵاڕێزان و ماڵئاوایی دوایین ھەڵوەدابوونی سروشت بەرەو بەفرانبار و باوبۆران و کڕێوە و باکوت و سەھۆڵبەندان، وەک سروشت لەناو مێژووی ئێمەدا دان بەخۆدانان باوە و بە ئومێد و بڕوایەکی پتەوەوە چاو دەبڕینە داھاتوو، ئەمەش خەسڵەتێکە ھەمیشە مرۆڤی کوردی لە ھەڵخلیسکان و تەسلیمبوون و وابەستەیی بە گەورەیی پیشان داوە، ئیتر بە پشوودرێژییەوە لە داھاتوو ڕاماوە و بەو ھیوایەی بەھار ھەردێ و بە بڕوایەکی بەھێزەوە ھەنگاوی بەرەو گەلویستی و ژیاندۆستی ھەڵێناوە و بە چاوکراوەییەوە لە ئاسۆی ڕوانیوە و ھەوڵی داوە بە ھونەر و زانست و مرۆڤدۆستی کوانوو و ئاگردانی زستانی نەتەوەکەمان بگەشێتەوە، نەتەوەی ئێمە کاروانێکی دوور و درێژی ناھەمواری تێپەڕاندووە و چەندین شەوی یەڵدای درێژی بە ھیوای خەونە خۆشەکانی ڕۆژی کردووەتەوە، ئیتر بە ئومێدی ئەوەی تەزووی گەرمای بەھاری ژیانەوەی داھاتوومان شادی و خۆشەویستی ببەخشێ.

سەرچاوە: کتێبی میترا و بۆنە کۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نووسینی: ئەحمەد یاحەقی

- مێژووی ئۆڵی و فەلسەفەی نەتەوەیی کورد، لە نووسینی محەمەد حیجازی