"بوونی کۆمپانیاکان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بووژانەوەی ئابووری هەیە"
پشتیوان وەرتی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی هەولێر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (باسنیوز) چەند پرسێکی پەیوەست بە کۆمپانیاکانی خستە ڕوو و راشی گەیاند تۆمارکردنی کۆمپانیاکان کاریگەریی راستەوخۆی لە دروستکردنی چەندین هەلی کار هەیە و سەرچاوەیەکی داهاتیش دەبێت بۆ حکوومەت.
سەرەتا پشتیوان باسی لەوە کرد: "ئەمساڵ وێڕای هاتنی پەتای کۆرۆنا، بەڵام زۆر کۆمپانیا تۆمار کراون و لە ساڵی 2020دا تاکوو ئێستا ئەو كۆمپانیایانەی لە هەولێر تۆمار كراون، 787 كۆمپانیان، لە نێوانیاندا 28 كۆمپانیای بیانی هەیە".
جەختیشی كردەوە: "بە گشتی لە هەولێر 16هەزار و 793 كۆمپانیای خۆماڵی تاكوو ئێستا تۆمار كراون، لە نێوانیاندا 2 هەزار 395 كۆمپانیایان بیانین، لەگەڵ 364 نووسینگەی ئەو كۆمپانیایانەی كە لە سلێمانی و دهۆك تۆمار كراون، بەڵام نووسینگە لە هەولێر دەكەنەوە".
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تۆماکرری کۆمپانیاکانی هەولێر ئاشكراشی كرد: "بەگشتی لە کۆی 30 هەزار کۆمپانیای تۆمارکراوی خۆماڵی و بیانی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 17 هەزار کۆمپانیا لە پارێزگای هەولێر تۆمار کراون".
پشتیوان وەرتی پێی وایە، تۆمارکردن و زیادکردنی کۆمپانیاکان رۆڵی بۆ پێشخستنی ئابووریی هەرێمی کوردستان هەیە و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بووژانەوەی ئابووریی وڵات هەیە، چونکە سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیا هۆکارێکە بۆ بەفەرمیکردن و بە سیستەمکردنی کاری بازرگانی، دەبێتە هۆی گەشەسەندن و دروستکردنی چەندین هەلی کار و سەرچاوەیەکی داهاتیش دەبێت بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەڕێگەی دانی باج و رسوومات بە حکوومەت".
ئاماژەی بەوەش دا: "کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیاکان زۆر گرنگی بە کەمکردنەوەی رۆتین داوە و یەکێک لە بەرنامەکانی کابینەی نۆیەم بریتییە لە بە ئەلیکترۆنیکردنی کاری فەرمانگەکانی حکوومەت و نەهێشتنی رۆتین، ئێستا وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی سەرقاڵی دروستکردنی سیستەمێکی ئەلیکترۆنییە بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و بە ئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەی کۆمپانیاکان لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە پارێزگاکان".
ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێستا بەهۆی گونجاونەبوونی شوێنی بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری کۆمپانیاکانی هەولێر و کەمیی ژمارەی فەرمانبەر و زۆریی کاری رۆژانە، ناتوانین هەموو خزمەتگوزارییەک لە ئاسانکاری و خێرایی راییکردنی مامەڵەی رۆژانەی کۆمپانیاکان پێشکەش بکەین و بەڕێوەبەرایەتییەکەمان پێویستی بە فراوانکردن هەیە لەڕووی دابینکردنی باڵاخانەیەکی گەورە و زیادکردنی ژمارەی فەرمانبەرانمان، بۆ ئەوەی هەموو مامەڵەیەک بە کەمترین ماوە رایی بکەین، لەسەرووی ئەمانەشەوە، زۆرمان پێویست بە بەئەلیکترۆنیکردنی کارەکانی فەرمانگەکەمان هەیە، ئێستا کۆمپانیا خۆماڵییەکان و لقی کۆمپانیا بیانییەکان لەڕێگەی وێبسایتی (crkrg.org) بە سیستەمی ئەلیکرۆنی تۆمار دەکرێن، لە وێبسایتەکەدا تەواوی زانیاری و رێکارەکانی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە هەر سێ زمانی کوردی و عەربی و ئینگلیزی بەردەستە، هەرچەندە وەزارەتی بازرگانی سەرقاڵی سیستەمێکی تۆکمەتر و فراوانترە بۆ شوێنگرتنەوەی ئەو سیستەمە، بەڵام تاکوو ئێستا گشت کۆمپانیاکان لەڕێگەی ئەم سیستەمەوە تۆمار دەکرێن".
پشتوان وەرتی راشی گەیاند: "زۆرینەی ئەو کۆمپانیایانەی ئێستا تۆمار دەکرێن، لە بواری بازرگانیی گشتی و کاروباری نشینگەی بیانین و زۆرینەی کۆمپانیا بیانییەکانیش لقی کۆمپانیا تورکییەکانن".
بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکانی هەولێر لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ کۆمپانیای وەهمی هەیە، گوتی: "ناتوانین بڵێین کۆمپانیای وەهمی هەیە یان نییە، بەڵام بەهۆی نەبوونی چاودێری و پشکنینەوە، بەشێکی زۆری کۆمپانیاکان بارەگای فەرمییان نییە، لە کاتێکدا بەپێی یاسای کۆمپانیاکان، پێویستە هەر کۆمپانیایەک بارەگایەکی فەرمیی هەبێت، کە تابلۆیەکی هەڵواسراوی هەبێت بە ناوی کۆمپانیاکە، رەنگە لێرە و لەوێ کەسانێک هەبن بەبێ ئەوەی بە کۆمپانیا تۆمار کرابن، لەژێر ناوی کۆمپانیا کار بکەن و خۆیان بناسێنن، بەڵام هەر حاڵەتێکی ئاوا لە هەر شوێنێک هەست پێ بکەین، داوایان لەسەر تۆمار دەکەین و رووبەڕووی یاسایان دەکەینەوە".
باسی لە باجدانی کۆمپانیاکان کرد و جەختی کردەوە: "بەپێی رێنوێنیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە بێ پێشکەشکردنی پاکانەی باج، مامەڵەی هیچ کۆمپانیایەک رایی ناکرێت و هەر کۆمپانیایەک پێویستە ساڵانە پاکانەی باج پێشکەش بکات".