مەرج و ڕێنوێنیی پێدانی قەرز بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشتیاری دەردەکرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مەرج و ڕێنوێنیی پێدانی قەرز بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشتیاری دەردەکرێ

 بەڕێوبەری گەشتوگوزاری کۆیە ڕای گەیاند، ھەنگاوەکانی پێدانی قەرز بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشتیاری کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق دەدرێتە وەبەرھێنەران، قۆناغی باشی بڕیوە و ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

ئیسماعیل عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری کۆیە بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "بانکی ناوەندی عێراق بڕیاری داوە قەرز بداتە وەبەرھێنەران بۆ ئەوەی پڕۆژەی گەشتیاری پێ جێبەجێ بکەن، ئەو قەرزە دەدرێتە وەبەرھێنەرانی خۆشمان بۆ ئەوه‌ی لە ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی گەشتیاری جێبەجێ بکەن".

ئیسماعیل عەبدوڵڵا گوتیشی: "بۆ ئەو مەبەستە نوێنەری بانکی ناوەندی سەردانی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستانی کردووە و بڕیارە لە نزیکترین کاتدا مەرج و ڕێنوێنی و چۆنێتی پێدانی قەرزەکە و جۆری پڕۆژە گەشتیارییەکان ڕابگەیەندرێن و دەست بە جێبەجێکردنی پێدانی قەرزەکە بکرێت".

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری کۆیە ڕونیشیکردەوە کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی کە لەمیانی بەشداریکردنی کۆبونەوەیەکی ئۆنلاین کە پێش ماوه‌یه‌ك بانکی ناوەندی لەگەڵ دەستەی گه‌شتوگوزار و بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق سازی دا، بڕی قەرزەکە بەپیی گەورەیی و بچووکی پڕۆژە گەشتیارییەکە دەبێت کە زۆرترینی دەگاتە یەک ملیار دینار و ماوەی دانەوەشی پێنج ساڵە".

بەگوتەی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری کۆیە بەپێدانی ئەو قەرزە وێڕای ئەوەی کە کەرتی گەشتیاری ھەرێمی کوردستان دەبووژێتەوە، دەرفەتیکی زۆری کارکردنیش بۆ بێکاران دەڕەخسێت، بە تایبەت بۆ دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگاکانی گەشتوگوزار.