كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی تەندروستی: ئەگەر ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا کەم ببێتەوە خوێندن دەست پێ دەکاتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند ئێستا ڕێژەی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا ڕوو لە کەمبوونە، چونکە هاووڵاتیان زیاتر پابەندی ڕێنماییەکانن، بۆیە ئەگەر بەم شێوەیە بێت، ئێمە پێشنیازی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن دەکەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی١٢ی٢٠٢٠ لە دیوانی وەزارەتی تەندروستی لە شاری هەولێر کۆنفرانسێک بۆ هەڵسەنگاندنی خوێندنی ئەلیکترۆنی و گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن لەسەر ئاستی وەزارەتی تەندروستی و خوێندنی باڵا بەڕێوە چوو.

لە کۆنفرانسەکەدا د. خاڵس قادر بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێستا ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خوار دەچێت و ئەگەر بەم شێوەیە بێت، ئێمە پێشنیازی کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن دەکەین".

باسی لەوەش کرد: "کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا، بۆ پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان دەگەڕێتەوە و تا هاووڵاتییان زیاتر پابەند بن، ژمارەی تووشبوان کەمتر دەبێتەوە".

لەبارەی هاوکارییەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا د. خاڵس قادر گوتی: "ئێمە هەموو هاوکارییەکی مەعنەوی و لۆجستی مەیدانی پێشکەش دەکەین بۆ ئەوەی پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە بەوپەڕی سەلامەتی بەڕێوە بچێت و خۆشمان بە وردی چاودێریی پرۆسەکە دەکەین".