ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی١٢ی٢٠٢٠ لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، ساڵڕۆژی ئاڵای کوردستان بەرز ڕاگیرا.
سەرەتا و دوای نمایشی سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب، تیپی مۆسیقای سەربازی مەراسیمەکەی دەست پێ کرد و یەکەی ڕێکاری سەربازی ئاڵای کوردستانیان بەشکۆوە هەڵکرد.
دواتر شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لە وتارێکدا ڕای گەیاند: "ئەم ئاڵایە نیشانەی سەربەرزیی هەموو تاکێکی نەتەوەکەمانە و نیشانەی گیانفیدایی تەواوی شەهیدانمانە، بۆیە پاراستن و بە بەرزی هێشتنەوەی ئەو ئاڵایە ئەرکی هەموانە".
وەزیری پێشمەرگە گوتیشی: "هەرێمی کوردستان لەژێر ئەم ئاڵایەدا خاوەن سەروەریی خۆیەتی و هیچ کاتێک سازش لەسەر مافەکانی خۆی ناکات".