سروە عوسمان: هونەرم کردووەتە سەرچاوەی بژێوی ژیانم
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سروە عوسمان: هونەرم کردووەتە سەرچاوەی بژێوی ژیانم

"کارەکەی من دەگمەنە"

سروە عوسمان خانمە هونەرمەندێکی کوردستانە و لە تەمەنی منداڵییەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە و بۆ یەکەمینجارە کارێکی جیاواز ئەنجام دەدات کە بە بۆیەی زەیتی نووسین لەسەر کەلوپەلی جوانکاریی خانمان دەنەخشێنێت.

سروە، بۆ (باسنیوز) گوتی: "هونەر بۆ من هەم خولیایە هەم بۆ ماوەییە لە خێزانەکەمەوە، چونکە سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەم بەپێی حەز و ئارەزووی خۆیان بۆ کاری هونەری بەهرەمەندن لە کارێکدا، منیش لە تەمەنی منداڵیمەوە کە ئەوکات لە خۆشەویستیم بۆ کاری هونەری وێنە کێشان لەسەر کاغەزی چیمەنتۆ وێنەم دەکێشا، دواتر پەرەم بە هونەرەکەمدا و تێکەڵم کرد لەگەڵ هونەری کاری دەستی".

گوتیشی: "لە خۆشەویستیم بۆ هونەرەکەم سەرجەم ئەو کەلوپەل و کارە دەستییانەی کە دروستیان دەکەم خۆم لەسەر کاغەز دیزاینیان دەکەم و هیچیان دووبارە نین، هەروەها بە بەکارهێنانی بۆیەی زەیتی نووسین لەسەر کەلوپەلی جوانکاریی خانمان دەنەخشێنم کە لە ڕابردوودا کاری لەمشێوەیە نەکراوە".

سروە دەشڵێت: "هونەر بۆ من هەم خولیایە هەم بووەتە سەرچاوەیەکی باشی ئابووری بۆم و دەتوانم لە ڕێگەی فرۆشتنی کارە هونەرییەکانمەوە پێداویستییەکانی خۆم دابین بکەم، خێزانەکەشم لەم کارەمدا زۆر هاوکاریم دەکەن و تا ئێستاش لە چەندین پێشانگەی هونەریدا بەشداریم کردووە و دەستخۆشییەکی زۆرم لێکراوە".

گوتیشی: "هونەر کارێکی قورس نییە بۆ خانمان و هەر کارێک حەز و خولیات بۆی هەبێت دەتوانیت تیایدا سەرکەوتوو بیت، بەڵام لە کوردستان دەرکەوتنی ئافرەتان تا ڕادەیەک سەختە لە سەرەتادا و بەهیوام هەر خانمێک بگات بە خەونەکەی خۆی و تواناکانی خۆیان دەربخەن".