كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پەرلەمان چاودێریی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

ئەمڕۆ سیشەممە لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێی چەند پرسێکی پەیوەندیدار بە پەیوەندییەکانی دەرەوە و ڕەوەندی کوردستانی کۆ بوونەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ی١٢ی٢٠٢٠دوای کۆبوونەوەکە ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کورستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا بۆ میدیاکان گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لەوە کرد کە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە، دەبێ کار و چالاکییەکانیان لەژێر چاودێریی پەرلەمانی کوردستاندا بێت، خاڵی دووەمیش تاوتوێی گلەییەکانی ڕەوەندی کوردی و هەڵسەنگاندنی گلەییەکانیان لە لایەن نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو، پاشان قسەکردن لەسە هەوڵی بە یاساییکردنی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو".

ڕێبوار بابکەیی باسی لەوەش کرد: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان 14 نوێنەرایەتیی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە دەبێ هەموو کارەکانیان بە یاسایی بکرێن".

هەر لەمەبارەوە لە پرێس کۆنفراسەکەدا سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستا گوتی: "فەرمانگەکە ڕۆڵی گرنگی لە وەرگرتنی کۆمەک و هاوکاریی جەنگی دژە داعشدا هەبووە، بەڵام کەموکۆڕیشمان هەبووە و ئەوەش لەم دانیشتنەدا کە لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمان کردمان، باسمان لێوە کردن و کۆبوونەوەکە گرنگیی خۆی هەبوو".

سەفین دزەیی باسی لەوەش کرد: "بەهۆی دۆخی کۆرۆناوە نەمانتوانیوە ئەو گەشتانەمان ڕێک بخەین کە بانگێهشت کراوین، بەڵام بەپێی توانا بەشداری ئەو کۆنگرە و کۆنفرانسانەمان کردووە کە بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان گرنگییان هەیە".

لەبارەی ڕۆڵی نوێنەرایەتییەکانی دەروەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەفین دزەیی ئاماژەی بەوە کرد: "نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە سیاسەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەن و بەردەوامیش وەڵامی داواکاریی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە دەدەنەوە".