بەوێنە.. ئەشکەوتی ھەزارمێرد دووەم کۆنترین ئەشکەوت لە هەرێمی کوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەوێنە.. ئەشکەوتی ھەزارمێرد دووەم کۆنترین ئەشکەوت لە هەرێمی کوردستان

ئەشکەوتی ھەزارمێرد، بەدووریی ١٣ کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری سلێمانییەوە و لە نزیک گوندی ھەزارمێردە، ئەو ئەشکەوتە لە تەنیشت چیای (بەرانان) هەڵکەوتووە و وەک یەکێک لە شوێنەوارە گرنگەکانی کوردستان و عێراق دەناسرێت، لەڕووی مێژووییەوە بە دووەم ئەشکەوتی کۆن لە کوردستان دادەنرێت، بەھۆی تاریکایی ناو ئەشکەوتەکە، بە ئەشکەوتی تاریکیش ناوی دەھێنرێت.

لە ماوەی رابردوودا چەند ئامێر و کەلوپەلی کۆن لەناو ئەشکەوتەکەدا دۆزراونەتەوە کە مێژووی دێرنییان بۆ٥٠ ھەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە و دەرکەوتووە بۆ کاروباری ژیانی رۆژانە سوودیان لێ وەرگیراوە.

 لەبارەی ناونانی ئەو ئەشکەوتەوە شوێنەوارناسان پێیانوایە ھۆی فراوانی و گەورەیی ئەشکەوتەکە ناو نرابێت کە جێگای ھەزار پیاوی تێدا بووبێتەوە، بەدەر لەوەش خەڵکی ناوچەکە (ھەزارمێرگ)یشی پێ دەڵێن بە واتای زەوی تەڕ و پڕ ئاو دێ.

بەپیی سەرچاوە شوێنەوارناسییەکان، چەند جارێک کنە و پشکنین بۆ ئەشکەوتی ھەزارمێرد کراوە و لە ئەنجامدا چینی سەرەوەی ئەشکەوتەکە کۆمەڵێک پاشماوەی گۆزە و گلێنەی جۆراوجۆری تێدا دۆزراوەتەوە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی شارستانیی ئیسلامی و لە چینێکی دیەکی ئەشکەوتەکەدا ھەندێک ئێسک و پرووسک کە ھی ئاژەڵ و باڵندەی کوندە پەپوون و تەوری دەستی و بەردە ئەستێی جۆری موستێری تێدا دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەیان بۆ ۳۰ ھەزار تا ٥۰ ھەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.