هۆكارێكی دیكه‌ى بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشكرا دەبێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هۆكارێكی دیكه‌ى بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشكرا دەبێت

شارەزایەكی ئابووریی عێراقى، پلانێكی حكوومەتی عێراق بۆ گرانكردنی دۆلار ئاشكرا دەكات.

ڕاسم عگێدی، شارەزای ئابووریی عێراقی بە میدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاندووه‌: "ژمارەیەك ئابووریناس و ڕاوێژكاری ئابووری پێشنیاریان كردووە حكوومەتی عێراق بەهای دۆلار هەزار و 500 دینار بۆ یەك دۆلار جێگیر بكات، بانكی ناوەندیش بەو ئاڕاستەیە كار دەكات".

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داوه‌: "ئەو هەنگاوە ئەگەر سەركەوتوو بێت، ئەوا خانەوادە هەژارەكان زەرەرمەند دەبن و هه‌ڵكشانى نرخ ڕوودەدات”.

هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاریشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی "بانكە ئەهلییەكان لە پشت بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارن، بۆ ئەوەی قازانجی زیاتر بكەن".

ئەو ئابووریناسە هۆكاری كورتهێنانی دارایی لە عێراق بۆ دابەزینی بەهای نەوت دەگەڕێنێتەوە، كە كورتهێنانیش دروست دەبێت دەست بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان نابەن و پەنا دەبەنە بەر قەرز، ئەوەش كێشەی ئابووری دێنێتە پێش، "بۆیە حكوومەتى عێراق دەیەوێت نرخی دۆلار بەرز بكاتەوە، تاوەكوو كورتهێنان پڕ بكاتەوە، ئەوەش بۆ بازاڕ كارێكی باش نییە".

دوێنێ دووشەممە 13/12/2020، نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ زیاتر لە 130 هەزار دینار بەرز بووەوە، بەڵام دواتر بۆ 128 هەزار دینار دابەزی.

هه‌ر دوێنێ جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند‌: "حکوومەتی فیدراڵ بە پلان دەیەوێت بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزێت، تاوەکوو پڕۆژە بودجەی 2021 پەسەند دەکرێت، خەڵک لەگەڵ ئەو بەها نوێیە ڕابێت، بەجۆرێك بەهای 100 دۆلار بە فەرمی بۆ 130 تاوەکوو 145 هەزار دینار بەرز بکاتەوە، لە بازاڕەکانیش تاوەکوو 150 هەزار دینار بەرز دەبێتەوە، کە بەو هەوڵەش هاووڵاتییان زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، نرخی کاڵان و رێژەی هەڵاوسان بەرز دەبێتەوە".

جەمال کۆچەر ئاشکرای دەکات دژی هەوڵەکەی حکوومەتن، گوتیشی: "زۆرینەی ئەندامانی لێژنەی دارایی لەگەڵ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار نین، بەڵام حکوومەتی عێراق لەسەر هەوڵەکانی بۆ ئەوەی کورتهێنانی دارایی پڕ بکاتەوە، سوورە، بۆیە داوای کردووە یان دەستکاریی یەدەگی بانکی ناوەندی و دراوی قورس بکرێت، یاخود بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابه‌زێنرێت".