چالاكوانێك خۆی دەبێتە قوربانیی توندوتیژیی خێزانی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

چالاكوانێك خۆی دەبێتە قوربانیی توندوتیژیی خێزانی


کچێکی چالاک، لە یەکێک لە رێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافی ژنان، کاتێک بەسەرهاتی خێزانی و مامەڵەی هاوسەرەکەی دەگێڕێتەوە، وەک شتێکی باوەڕپێنەکراو دێتە بەر گوێت، چونکە ئەو هەم چالاک و هەم خۆی دژی ئەم توندوتیژییانە کار دەکات، کە دەرهەق بە ژنان دەکرێن.

تەمەنی ئەم چالاکوانە٣٠ ساڵە. ماوەی شەش ساڵە هاوسەرەکەی توندوتیژیی بەرامبەر دەکات، کاتێک لێی دەپرسی: بۆچی خۆت یەکلا ناکەیتەوە؟ دەڵێت "تا ئیستاش دەمەوێ لەبەر منداڵەکانم بەرگە بگرم، بەڵکوو باوکایەتییان بۆ بکات".

ژینا (ناوی خواستراوە) لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا هاوسەرگیریی لەگەڵ هاوپۆلێکی خۆی لە زانکۆ کردووە، دایکی سێ منداڵە، بەڵام لەبەرئەوەی هەر سێ منداڵەکەی کچن، وەک خۆی دەڵێت، پیاوەکەی و ماڵی خەزووری بە بیانووی جیاجیا کێشەیان بۆ دروست کردووە: "بەر لەوەی منداڵم ببێت هیچ کێشەیەکمان نەبوو، ژیانم لەگەڵ هاوسەرەکەم زۆر خۆش بوو. پەیوەندییشم لەگەڵ ماڵی خەزوورم باش بوو، بەڵام کاتێک منداڵی یەکەمم و تا سێیەمم کچ بوون، هەموویان رەفتاریان لەگەڵم گۆڕا، وەک ئەوەی تاوانێکم کردبێت".

ژینا، باس لەوە دەکات، کە قەت باوەڕی وا نەبووە رۆژێک پیاوەکەی لەگەڵیدا بگۆڕێت، بەتایبەتیش لەسەر شتێک، کە هیچ دەسەڵاتی ئەوی تێدا نییە: "سەرەتا کە هەستم بە گۆڕانی ماڵی خەزوورم کرد، توانجیان لێ دەدام و بە هاوسەرەکەمیان دەگوت، دەبێ ژنێکی دیکە بێنی، پێم وابوو ئەو قەت بیری بەلای شتی وادا ناچێت، چونکە کەسێکی دەرچووی زانکۆ بوو، لە قسەکردن و نواندنیشدا هیچی نەهێشتبووەوە گومانی لێ بکەی".

ژینا، ئێستا جیا لە هاوسەرەکەی، لەگەڵ منداڵەکانی لە ماڵی باوکی دەژی، هاوسەرەکەی نەک هەر ژینا نابینێت، سەردانی منداڵەکانی خۆیشی ناکات، لەبەرئەوەی کچن: "سەرەتا کە هەستم بە گۆڕانکاری کرد، گومانم وا بوو، کە بەهۆی ناکۆکیی ماڵی باوکی لەگەڵ من بێتاقەتە، دەمویست لەوە تێ بگەم، کە ماڵی باوکیشی بۆ ئەو گرنگن، بەڵام کاتێک وای لێ هات بە دوو سێ شەو نەگەڕێتەوە ماڵەوە، ئیتر زانیم بیرکردنەوە و عەقڵی ئەویش لە هی باوکی جیاواز نییە".

ژینا دەگێڕێتەوە: "سەرەتا کە نەدەهاتەوە ماڵ، کاتێک تەلەفۆنم بۆ دەکرد لە کوێیە؟ بۆچی شەو درەنگە و نەهاتووەتەوە؟ باوکی یان برایەکی وەڵامیان دەدایەوە و دەیانگوت، خەوتووە. کاتێک دەم پرسی ئەی بۆ بە منی نەگوتووە ناگەڕێتەوە، من تا ئێستا چاوەڕێیم؟ دەیانگوت، بۆ ناکرێ شەوێک لە ماڵی باوکی بمێنێتەوە؟".

ئەو ژنە باس لەوە دەکات، کاتێک دڵنیا بوو، کە ئیتر هاوسەرەکەیشی بە خۆی و کچەکانی رازی نییە، بەدوای چارەسەردا گەڕاوە: "سەرەتا لەو رێکخراوەی کاری لێ دەکەم، لەگەڵ سەرۆکی رێکخراوەکەم قسەم کرد، زۆریش شەرمم دەکرد، کە من ئەو کێشەیەم هەیە، چونکە وا باسی هاوسەرەکەم کردبوو، کە زۆر مرۆڤدۆستە و زۆر رێزم دەگرێت. سەرۆکی رێکخراوەکەمان لەگەڵ توێژەرێکی کۆمەڵایەتی قسەی کرد، کە لەگەڵ هەردووکمان دابنیشن".

ئەو ژنە گەنجە لەم هەوڵەیشی سەرناکەوێ، چونکە هاوسەرەکەی ئامادەی هەموو دانیشتنەکان نابێت: "لە دانیشتنی یەکەم و دووەمی ئێمە، لەگەڵ توێژەرە کۆمەڵایەتییەکە ئامادە بوو، دوای ئەوە منداڵەکانی بردە پارک و شەوێک لە ماڵ مایەوە، بەڵام باوکی خۆی بە ئۆتۆمبێل هاتە بەردەرگا و گوتی بێت ئیشم پێیەتی، ئیتر نە بۆ دانیشتنەکانی دیکە ئامادە بوو، نە سەردانی ماڵی کردەوە".

ژینا، ئەوەی بە زۆر سەخت باسی دەکات ئەوەیە، کە نازانێ رۆژانە چۆن وەڵامی پرسیاری منداڵەکانی بداتەوە، چونکە باوکیان زۆر خۆش دەوێت و داوای دەکەن. هەمیش دەزانێ، کە نەبوونی باوک دەبێتە بۆشاییەکی گەورە لە ژیانیاندا: "منداڵەکانم بەردەوام داوای باوکیان دەکەن، دەگریێن و دەڵێن بیری دەکەین. کاتێک تەلەفۆن دەکەم، باوکی دەڵێت، درۆ دەکەی ئەوە تۆ فێریان دەکەی".

دوای دوو مانگ لە بەجێهێشتنی ماڵەکەیان، هاوسەرەکەی ژیان دەزانێت، کە هاوسەرەکەی ژنێکی دیکەی هێناوە و لە مەخموور گرێبەستی هاوسەرگیریی بۆ کردووە: "رۆژێک دراوسێیەکیان تەلەفۆنی بۆ کردم، دیارە ژمارە تەلەفۆنی منی پەیدا کردبوو، گوتی: پێم وابێ ئاگات لێ نییە مێردەکەت ژنی هێناوە و ژنەکەیشی هێناوەتە ماڵی باوکی. من تووشی شۆک بووم، چونکە تا ئەوکاتە من چاوەڕێ بووم، بگەڕێتەوە ماڵەوە و باوکایەتی بۆ منداڵەکانی بکات. دوای بیستنی ئەم قسەیە و حسابنەکردنی بۆ من، یەکسەر چوومە لای پارێزەرێک و سکاڵام تۆمار کرد".

ژینا دەڵێت: "هاوسەرەکەم خۆی لە دانیشتنەکانی دادگاش دەدزێتەوە و ئامادە نابێت، دایک و باوکی تەلەفۆنم بۆ دەکەن و دەڵێن، لای دادوەر دەبێ خۆت بڵێی من جیا دەبمەوە و هیچم لەو پیاوە ناوێت، تا ئێمە مارەییت بۆ نەکەین، بەڵام من بە پارێزەرەکەمم گوتووە: کە من لە هەموو مافێکی خۆم لەسەر ئەو پیاوە خۆش دەبم، چونکە ئیتر بۆم گرنگ نییە، بەڵام لە هیچ مافێکی منداڵەکانم خۆش نابم".

کاتێک پرسیارم کرد، کە ئایا بۆچی تا ئێستا ئەم ماوە دوورودرێژە خۆت یەکلایی نەکردووەتەوە، گوتی: "بۆ خاتری منداڵەکانم، دەمەوێ لە دادگا ناچاری بکەن، کە باوکایەتی بۆ منداڵەکانی بکات، هەم ماددی و هەم مەعنەوی، بەڵام ئەو خۆی لەوە دەدزێتەوە".

پارێزەرەکەی ژینا گوتی: "ژینا نموونەی ئافرەتی عەقڵانی و بەتەحەمولە، بە هەڵەشەیی بڕیار نادات، بۆیە دڵنیام دۆسێیەکە لە قازانجی ئەو یەکلایی دەبێتەوە، چونکە بە هەموو جۆرێک و بەپێی یاسا و دابونەریتیش هاوسەرەکەی خەتابارە".