چنار عەزیز: کولتوورە کۆمەڵایەتییەکان ئاستەنگن لەبەردەم خانمانی ڕاگەیاندنکار
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

چنار عەزیز: کولتوورە کۆمەڵایەتییەکان ئاستەنگن لەبەردەم خانمانی ڕاگەیاندنکار

چنار عەزیز، خانمە ڕاگەیاندکارێکی دانیشتووی شاری ڕانیەیە و ماوەی چەند ساڵێکە کاری ڕاگەیاندن دەکات و لەم دیمانەیەدا باس لە ئەزموونی کاری خۆی دەکات.

چنار بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "ماوەی چەند ساڵێکە دەستم بە کاری ڕاگەیاندن کردووە و لە کۆمەڵێک دەزگای ڕاگەیاندن کارم کردووە وتا ئێستا بەردەوامم لە کاری ڕاگەیاندن، حەز و خولیایەکی زۆرم بۆ ئەم کارە هەیە، هەرچەندە پسپۆڕی خۆم فەلسەفەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کاری ڕاگەیاندن ئەزموونێکی سەرەتا و تازەیە بۆ من، خۆشەویستی بۆ کارەکەم پێ بەخشیووم کە زیاتر هانمدەدات بەردەوام بم و خزمەتی زیاتر بکەم، بەهۆی خولیام بۆ کاری ڕاگەیاندن نەمتوانیوە لە پسپۆڕییەکەی خۆمدا کار بکەم و دەمەوێت زیاتر بێمە ناو دونیای ڕاگەیاندنەوە و زیاتر بناسرێم".

گوتیشی: "جگە لە کاری ڕاگەیاندن کاری وەرگێڕان دەکەم لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ زمانێ کوردی و ئێستا سەرقاڵی وەرگێڕانی کورته چیرۆکێکی ئینگلیزیم بۆ زمانی کوردی، خێزانەکەم و هاوڕێکانم زۆر هاوکارم بوون تا لەو بوارەدا کار بکەم".

چنار دەشڵێت: "خانمان لە هەموو سەردەمێکدا و لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا جێ پەنجەیان دیار بووە، بەڵام ڕێژەی بەشداری ژن لە ڕاگەیاندندا وەک پێویست نییە و بۆشاییەکی لەبواری ڕاگەیاندندا دروست کردووە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەندێ جار ئافرەتان خۆیان کەمتەرخەمن و زیاتر پەیوستن بە ماڵەوە و بواریان بۆ خۆیان نەڕەخساندووە بێنە ناو ئەو بوارە، هۆکارێکی تر زاڵبوونی کولتوورە کە بۆتە بەربەست لە بەدیهێنانی خەونی ئافرەت، بۆ کەمبوونەوەی ئەو ئاستەنگانەش بێگومان کۆڵنەدان و هەوڵ و ماندووبوونی تەواوی پێویسته".

گوتیشی: "هیوادارم بواری ڕاگەیاندن بەرتەسک نەکرێتەوە، بە پێچەوانەوە دەرفەت بڕەخسێنرێت بۆ خزمەتکردنی نەتەوە و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا، هەروەها خانمان هەوڵبدەن ببنە پێشڕەوی کۆمەڵگای کوردی و ئەو بەربەستانە بشکێنن کە بوونەتە لەمپەر لەبەردەمیان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی گەورەتر و ئازاد و جیهانێکی تایبەت به خۆیان دروست بکەن".