ئەڕشەد لۆلانی: حكوومەت لە رێگەی یاسای چاكسازی ھەنگاوی باشی ھاوێشتووە بۆ رێكخستن و بڕینی خانەنشینیی نایاسایی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەڕشەد لۆلانی: حكوومەت لە رێگەی یاسای چاكسازی ھەنگاوی باشی ھاوێشتووە بۆ رێكخستن و بڕینی خانەنشینیی نایاسایی

بارودۆخی دارایی و ئابووریی ھەرێمی كوردستان دوای كۆرۆنا بەھێز دەبێ

ئەڕشەد لۆلانی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەلەمانی كوردستان، لە گفتوگۆیەكی تاییەتی (باسنیوز)دا چەند پرسێكی گرنگ دەخاتە ڕوو. رای دەگەیەنێت، بارودۆخی دارایی و ئابووریی ھەرێمی كوردستان دوای كۆرۆنا بەھێز دەبێت. ئەوەش دەخاتە ڕوو، كابینەی نۆیەم لە رێگەی بەرنامەكەی هەنگاوی باشی بۆ چاكسازی ناوە.

سەرەتا لە باسی قەیراندا ئاماژەی بە وردەكاریی قەیرانەكە كرد و گوتی: "ئەو دۆخە ئابوورییەی بەسەر ھەرێمی كوردستاندا ھاتووە، تەنیا ھاتنی پەتای كۆرۆنا نییە، بەڵكوو كەڵەكەبوونی ئەو ھەموو رووداوانەیە كە لە چەند ساڵی رابردوودا بەسەر ھەرێمی كوردستاندا ھاتن، پێش ھەموویان بەناهەق بڕینی بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدا، لە ھەمان كاتدا ھاتنی تیرۆرستانی داعش و دابەزینی نرخی نەوت، ئەو ئابلووقە ئابوورییەی بەغدا و چەند وڵاتێكی ئیقلیمی، دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر بەسەر خەڵكی ھەرێمی كوردستاندا سەپاندیان، دوای ئەوەی بەغدا لە یاسای بودجەی ٢٠١٩ بودجەی ھەرێمی دیاری كرد، بەڵام تەنیا بەشێك لەو بڕە پارەیەی نارد، كە وەكوو پشكی ھەرێمی كوردستانی دیاری كردبوو. لەگەڵ كاركردنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە زیادكردنی داھات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، دەتوانین بڵێین ئابووریی ھەرێم تا رادەیەك بوژایەوە. تا سەرەتای مانگی ئاداری ٢٠٢٠ چەند قەیرانێك بەدوای یەكدا ھاتن، وەك دابەزینی نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو و دووبارە بڕینی بەشە بودجەی ھەرێم و ھاتنی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا".

زیاتر گوتیشی: "ئەم ڤایرۆسە كاریگەرییەكی نەرێنیی لەسەر قەیرانی ئابووریی ھەموو جیھاندا هەبوو، ھەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەم قەیرانانە. ھەر بەھۆی ئەم ڤایرۆسە، داھاتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێم بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە، حکوومەت زۆربەی ئاراستەی ھەنگاوەكانی بۆ پاراستنی ھاووڵاتییان بوو لەو نەخۆشییە، ھەرچەندە تا ئێستا ئەم ڤایرۆسە رۆژ بە رۆژ بەرەو زیادبوونە، بەڵام باوەردۆخی دارایی و ئابووریی ھەرێمی كوردستان دوای كۆرۆنا بەھێز دەبێت و ئەو بارگرانییە داراییەی ئێستا لەسەر حكوومەتە كەم دەبێتەوە و خەڵكی ھەرێمی كوردستانیش دەتوانن لەسەر بازرگانیكردن لە ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێم بە گوڕتر بن". لۆلانی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، دەكرێت هەرێمی كوردستان سەرچاوەكانی داهاتی هەمەچەشن بكات، گوتی: "ھەرێمی كوردستان وەكوو زۆربەی وڵاتانی نەوتی، پشت بە داھاتی نەوتی دەبەستێت، ئەم سیاسەتە ئابوورییەی پشتبەستن بە تاك سەرچاوە، كە نەوتە، دەرئەنجامێكی باشی نەبوو، لەبەر ئەوەی بە دابەزینی نرخی نەوت داھاتی حكوومەت كەم دەبێت و قەیرانی دارایی دروست دەبێت، بۆیە لە بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، جەخت لەسەر فرەچەشنكردنی داھات، شان بەشانی داھاتی نەوتی كراوە، پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار سەرچاوەی گرنگن بۆ بوژانەوەی ئابووریی وڵات، بۆیە حكوومەت ھەنگاوی زۆر جدیی ناوە بۆ پێشوەچوونی ئەم كەرتانە و ھاندانی كۆمپانییە ناوخۆیی و بیانییەكان بۆ وەبەرھێنان لەم كەرتانەدا، ھەروەك لە سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت بۆ ھۆڵەندا، كە جەخت لەسەر ھاوكاریكردن و ھاتنی كۆمپانیا ھۆڵەندییەكان كراوە، بۆ ئەوەی لە كەرتی كشتوكاڵدا وەبەرھێنان بكەن و ھەرێمی كوردستان ببێتە سەنتەرێكی گرنگی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار لە ناوچەكە”.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە هەرێمی كورستان ئاماژەی بەوە دا: "ھەرچەندە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ئاستێكی زۆر خراپدا نییە و باشە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە، كە ئاستی ھاوردە و ھەناردە زۆر لە یەكتری دوورن، بەشی ھەرە زۆری بازرگانی لە ھەرێمی كوردستان ھاوردەكردنە نەك ھەناردە كردن، بۆ ئەمەش دەبێت حكوومەت كار لەسەر بەرھەمی ناوخۆ و یارمەتیدانی بازرگان و كۆمپانیا ناوخۆییەكان بكات، بۆ ئەوەی بتوانن ئاستی ھەناردەكردن زیاد بكەن”.

ئەو هاتە سەر پرسی كێشەی مووچە و گوتی: "كێشەی مووچە لە كێشە ھەرە دیارەكانی حكوومەتە، مووچە رۆڵێكی سەرەكیی ھەیە لە جوولانی بازاڕ و ژیانی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان، ئەم كێشەیە نزیكەی ٦ ساڵە دروست بووە، لەكاتێكدا دروست بوو، كە حكوومەتی بەغدا بەناهەق بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستانی بڕی، هەروەها بەهۆی زۆریی ژمارەی مووچەخۆرانەوە، بەشی ھەرە زۆری داھاتی حكوومەت بۆ مووچە دەڕوات، حكوومەت لە رێگەی یاسای چاكسازی ھەنگاوی باشی ناوە بۆ رێكخستن و بڕینی خانەنشینیی نایاسایی".

روونیشی كردەوە، دەبێ پشتگیری و ھاندانی كەرتی تایبەت بکرێت، بۆ ئەوەی ھەلی كار زیاتر بێت، بە زیادكردن و ھاوشێوەكردنی دەستەبەری كۆمەڵایەتی ھاوشێوەی خانەنشینی فەرمانبەران، بۆ ئەوەی ئەو ئاراستەیە بگۆڕێت بەرەو كەرتی تایبەت لەبری كەرتی گشتی، گوتیشی: "دەكرێت بە چەند رێگایەك پشتگیریی كەرتی تایبەت بكرێت و رۆتین لە مامەڵەكان كەم بكرێتەوە، هەروەها فەراھەمكردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێویستن، زەمینەسازی بكرێ بۆ كارئاسانی لە كاری خۆیان، لەگەڵ دانانی سیستەمێكی مۆدێرنی باج، كە نەبێتە بارگرانی".