دایکایەتی بە مەرجی بەندەواری
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دایکایەتی بە مەرجی بەندەواری

 

لە ستایشی دایکانی زەبووندا - 41


پرسیارەکەمان ئەوەیە، کە ژنان بە ماوەیەکی کورت دوای زەماوەند، کە ساڵێک و دوو ساڵ نابات، خێرا دەکەونە ژیر فشاری ئەوەی زوو منداڵیان ببێت. دەکرێت فشارەکە لە مێردەکانەوە بێت، یان لە ماڵی خەزوورانەوە، بەتایبەتی خەسوو، کە لەسەر ئاووئاگرە، هەندێک جاریش گەر ناحەز بووبێت بە نەوبووکەکەی؛ ئیدی هەراسانی دەکات. ئەم خواست و فشارە لەنێو خانەوادە کۆنەباو و هەڵگری کولتووری دەرەبەگی و شوانکاری و کەشاوەرزی، کە دەکرێت بە کردەیی ژن و مێردەکە سەردەمیانەش بیر بکەنەوە و بگرە هەڵگری بڕوانامەی بەرزی ئاکادیمییش بن.


هەڵبەتە کولتووری ئێمەش لەسەر ئەوە بەندە، کە ژنان چ بە پاڵنەری خۆڕسکانەی ژنییەتی، کە لە رۆح و خوێندایە، حەز بە سکوزاکردنی خێرا بکات، یان ژن و مێردەکە متمانەیان بە یەکتری نەبێت و منداڵیش تۆڕ و فاقە و تەڵەیەکی رێکڕەخساوە بۆ بەستنەوەی ئەو دوو زاتە بە یەکترەوە. بۆ هەمیشە دۆخی خۆش و هەم شپرزەیی سەرەتای زەماوند و هەم کەمیی وشیاری و نەبوونی هونەری خۆشەویستی و رۆحی شاعیرانە و رۆمانتیکی وایان لێ دەکات، کە نەزانن، ئاسان نییە دایکایەتی و ژنییەتی پێکەوە بسازێت،کە بووەتە مەرج و پیاوان دەیخوازن. ئەگەرچی لە قەباڵە و قۆچانی رەشی ئەواندا نییە و خواستەکانی نێرگەلی ئێمە تۆمار نەکراوە، بەڵکوو وا چاوەڕێ دەکرێت، کە ژنان وەکوو ناوی خۆیان بیزانن، کە وا نییە. لای هەمووان زاندراوە، کە فەرهەنگی سۆزداری و سێکسواڵتی، کە کچان و کوڕان لە تەمەنی جیاوازدا پێی ئاشنا دەبن، لێرە و هەنووکە، ئەوپەڕی سنووربەزاندن و ئابڕووبەرەیە. روانینی خەڵکی ئێمە بەم چەشنەیە: چەندە بێئاگا بن لە ناسینی لەش و رۆحی خۆیان باشترە، یان هیچ نەزانین بە ژیانی سۆزداری و سێکسواڵتی، پاکتر و سەنگینتر دەبن، کە رێک پێچەوانەکەیەتی و رۆح و خەیاڵیان ژەهراوی دەبن و لە هونەری خۆشەویستی و گەمەی سۆزداریدا بەهرەمەند نابن، ئەمەش بەوە دەشکێتەوە، کە نە دەتوانن خۆیان ئاسوودە بکەن و نە دڵخوازەکانیان، کە بە کۆمەڵێک نەخۆشیی دەروونی و دەماری کۆتایی دێت، کە خودی ژیانیان دەکەن بە دۆزەخ!


لەوە کوشندەتر، ئاخۆ لە بوارەدا سیستمی پەروەردە، کە مەرجە دەزگایەکی مۆدێرن بێت، چی بۆ دەکرێت؟ ئەگەر باوک و دایکێکی هەژار لە باری فەرهەنگییەوە ترسنۆک و شەرمن و ستەمدیدە، بۆ وریاکردنەوەی كچان و کوڕانی خۆیان، لە باری سۆزداری و لەشناسی و رۆحناسی هیچییان پێ نەبێت، هاوکات لە باخچەی ساوایانەوە، تێپەڕ بە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا، بگرە تا دەگات بە (پۆست-دکتۆرا)، هیچ وانە و پرۆگرامێکی تێدا نەبێت، بۆ تێگەیشتنی ئەو دوو رەگەزە لە یەکتری، کە زیندەگی و هێلانەی گەرم دەخوازن، کە لە کۆی دەزگاکانی پەروەردەدا وەها نەخشە و خەونێک لەئارادا نییە. ئێ خۆ مزگەوتەکانیش نابن بە کانگا و ئالتەرناتیڤی ماڵ و مەکتەب بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە دەزگاکانی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی بەجێیان هێشتووە؟


خودی زانکۆ، سەبارەت بە پەروەردەی مۆدێرن و ئاکادیمی و زانستخوازی، باڵاترین دەزگای مۆدێرن و شارستانییە، بەڵام بە دیدگای من، کاولەئاشە و لە هەر هەموو دەزگاکانی دیکە ترسنۆکتر و شەرمنترە!


رەنگە هەمووان نیازپاک بن: دایکان و باوکان و مامۆستاکان و مەلاکان و قەشەکان و ئاکادیمستەکان بە پسپۆری جیاوازەوە، کۆمەڵناس و دەروونناسەکان و رەوشتپارێزەکان و لیبڕاڵەکان و کۆنەپارێزەکان، کە لە خواستێکی زۆر سادەوە، کۆی فەلسەفە و روانینی خۆیان بە نەوەی نوێ دەبێژن:


"ئحم ئحم.. تکایە یەکتریتان خۆش بوێت!"


ئەم پەیامە بەتایبەتی بۆ کچان و کوڕانی دەستگیراندار و هەم نەوبووک و نەوزاوا و کەپڵەکان و عاشقانی سەرگەردان و بێ پەنا، پشت و لانەیە. بەڵام دەستەواژەی (یەکتریتان خۆش بوێت) سوپایەکی گەورە دەخوازێت، لە هەموو ئەو کەسانەی خەمی لەدایکبوونی منداڵێکی تازە دەخوازن، کە چەکدار بن بە وزە و هێزی رۆحی و عەقڵی، کە رێگایان بۆ خۆش بکرێت، چۆن یەکتریان خۆش بوێت؟


یەکتریتان خۆش بوێت: بەبێ نەخشە و پلان و خەونی خوڵقاندنی مەردمگەلێکی تەندروست لە باری فیزیکی و سایکۆلۆژییەوە، رستەیەکی بێ مانایە، وەک فەرمان و سەپاندن و داوایەکی میلیتارییە.


کە ئەم راز و نیازانە دەنووسم، لە یادمە، بەدرێژایی مێژوو (سێکوچکەی حەرام) کە قسەنەکردنە لە سێ کایەی هەستیار و هەموو ژیانی مرۆگەلی داگیر کردووە، ئەوانیش: ئایین و سیاسەت و سێکسواڵتی و سۆزداریی نێوان کچان و کوڕان بووە، کە دایکە حەوا و باوکە ئادەم مۆری (گوناهی یەکەم)یان لەسەر تەوێڵی ئێمەدا نەخشاندووە و بووە بە (تاتوو) و (تابوو)یەک، کە مەحاڵە بسڕێتەوە، بەتایبەتی لێرە و هەنووکە.


هەڵبەتە لە جوگرافیایەکی بەربەریندا نەفرەتی (گوناهی یەکەم) کاڵ بووەتەوە، بەڵام لەنێو جوگرافیایەکی بەربەرینتر بەرکەماڵە و تۆختر دەکرێتەوە، کە ئێمەش دەگرێتەوە!


بیرمەندی ئینگلیزی و پەروەردەناس: (بێرنارد رەسێل) دەفەرموێت، کە ئایا چەندین سەدەی دیکەمان لەبەردەم ماوە، کە لە نەفرینی (گوناهی یەکەمین) پاکوخاوێن ببینەوە و بۆ هەتا هەتایە رسوا نەبین؟!


بەڵێنەکانی بەر لە زەماوەند و خەونی گەیشتنی (سوارچاکی خەونەکان)ی كچان، کە ئەم دەستەواژەی (سوارچاکی خەونەکان) پتر شارستانی و شارۆمەندانەیە، کە هەرگیز نەمبیستووە کچانی گوندی و دەشتەکی وەها وەسفی دڵخوازی خۆیان بکەن، دراما و تراژیدییەکە لەوەدایە کە بەڵێنی ژیانێکی رەنگین، لە لایەن خانەوادە و هاوڕێ و خزمانەوە دونیایەکی رۆمانسی و فانتازیای لەبن نەهاتوو و چوونە ناو قەفەزی زێڕین بە کچان دەدەرێت، کە دواتر دەبێت بە زیندان و قەفەزی پۆڵا و لانەیەکی تەلبەندکراو. هەر یەکێک لە ئێوە بە سەدان خانمۆڵەی وا خۆشخەیاڵ دەناسێت، کە دوای ساڵانێک ئەو رۆژەش بە نەفرەت دەکات، کە جلی بووکێنیی لەبەر کرد، لەتەک تێپەڕینی رۆژگاردا ئەو رۆژەش بە نەفرەت دەکات، کە تیایدا لەدایک بووە.


ئەوەی سەیر و سەمەرەیە، کە لە سەروەختی سۆزداری و دڵداری و ژوانبەستن و نامە و دیاری گۆڕینەوە و پێشکەشکردنی گوڵی سووری (ڤالانتاین)، هەردووکیان نماییشێک دەکەن کە (رۆمیۆ و جولێت) و (شیرین و فەرهاد) و عاشقە دێوانەکانی ناو داستانەکان و فیلمەکان و چیرۆکەکان نەیانکردووە. خۆنواندنێک، کە هیچ ئەکتەرێکی (هۆلیوود) دەرەقەتی نایەت. لەوە کوشندەتر ئەوەشە، کە ئەم (لەیلا و مەجنوون)ە دوای ساڵانێک بەسەر ئەو کەلاوەیەدا دەگرین، کە ناویان نابوو (کەژاوەی خۆشەویستی)، سەرباری هێنانە دونیای ژمارەیەک لە کچان و کوڕانی دیکەی لە خۆیان بەدبەختتر، کە من بە تەمەنی خۆم بە سەدان و بگرە هەزارانم بینی. ئومێدمە، کە من بەدبین بم و ئێوە ژیانێکی رەنگین و رازاوەترتان بینیبێت و من بۆ هەمیشە وڕێنەم کردبێت.


دیسانەوە هەمان پرسیاری زووتر تۆخ دەکەمەوە: ئایا بە راست ئەو دوو کەسەی بە ناوی ژیانێکی تازەوە دەچنە ناو ئەم پرۆسەیە و قەفەزی زێڕین، یان هی تەنەکە و ئاسنینەوە، بایی چەند بە زانیاری و هونەری سەرخستنی خۆشەویستی و وانەکانی سۆزداری و هۆگربوون چەکدار و تەیارن؟ چی دڵخۆشیان دەکات و چی نائومێدیان دەکات؟ پێویستییە رۆحی و جەستەییەکان لە باری فیسیۆلۆژی و فیزیکییەوە دەستەبەرن؟ ئاخۆ شتێکی بەهادارتر و جوانتریان لە دڵدایە، کە بێجگە لە پێخەفی سارد یان گەرم کۆیان بکاتەوە؟ چما دەزانن ئەگەر حەز بە هاتنی نەوزادێک بکەن؛ ئەم بڕیارە چی گەرەکە؟ هەڵبەتە ئامارەکان لەسەر ئاستی جیهاندا پێمان دەڵێن، کە منداڵانی هەژار و لەبرسا مردوو و بەکاربراو بۆ کاری قورس و بۆ تێرکردنی هەوەسبازانی نەخۆش و پێدوفیل و گەڕیدەی سەر جادەکان، بە ملیۆنانن. پەروەردەی ناتەندروست و ستەمکارانە ئەو شێتخانە و کوشتارگایانە ئاوەدان دەکاتەوە، کە رۆژئاوای خوێنباران کرد، بەڵگەش دوو جەنگی جیهانگیریی سەدەی بیستەم بوون. لە (ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست)یش، هەنووکە، شایی خوێنە و بەرکەماڵە، بۆ هەمیشە ماڵەکان کانگای هەر هەموو تراژیدیاکانن، لەسەر ئاستی تاک و کۆدا!