ئافرەتانی چالاکی بواری ژینگە خەڵات کران
ئەمڕۆ پێجنشەممە رێكخراوی وار لە چالاكییەكی هاوبەشدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانی سۆران، خەڵاتی رێزلێنانیان بەخشییە ژمارەیەك ئافرەتی ژینگەپارێز و هەڵمەتێكی نەمامچاندنیش بەڕێوە چوو.
هەژار ماهیر ئێدلبی، سەرۆكی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ی١٢ی٢٠٢٠ لە درێژەی هەڵمەتی نیشتمانیی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لەبەردەم هۆڵی بۆنەكانی شاری سۆران و بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان - لقی سۆران و بە بەشداریی ژمارەیەك لە بەرپرسان و چالاكوانانی ژینگەپارێزی دەڤەرەكە، بۆ ڕێزگرتن لە ژمارەیەك ئافرەتی چالاكوانی ژینگەپارێزی سنوورەكەمان چالاکییەکمان ساز کرد".
سەرۆكی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە ئەوەشی خستە ڕوو: "هەر لەو چالاكییەكەدا ژمارەیەك نەماممان لە دەروازەی شاری سۆران چاند کە هەر نەمامێک بەناوی ئافرەتێكی چالاكوانی ژینگەپارێزەوە كرا".