-9-
به‌و خێراییه‌ى ته‌كنۆلۆجیا پێش ده‌كه‌وێت، زانسته‌كانى تر به‌ره‌و پێش ناچن. پێده‌چێت ته‌كنۆلۆجیا پێش زۆر زانستى تر بکەوێته‌وه، یان ڕاستتر بڵێم، پێش زۆر له‌و هه‌وڵه زانستییانه بکەوێته‌وه، كه بۆ مرۆڤایه‌تى له‌پێشترن و بگره پێداویستیى زۆر گرنگن. ئه‌مه‌ش له خۆیدا دواكه‌وتنێكى گه‌وره‌یه.
نه‌وه‌كانى داهێنانى ته‌كنۆلۆجیا له جیهانى گریمانه‌یىدا كار ده‌كەن، نه ك له جیهانى ڕاستیدا.
كێشه‌ى له‌وه خراپتر ئه‌وه‌یه، داهێنانه‌كان له جیهانى گریمانه‌ییدا به زیان به‌سه‌ر ژیانى ڕاسته‌قینه‌دا ده‌شكێنه‌وه.
دیار نییه، كه به‌كارهێنانى مۆبایلى زیره‌ك و ئاسه‌واره‌كانى له زیانگه‌یاندن به ته‌ندروستیى مرۆڤ، له زیانى ژینگه‌یه‌كى بارگاوى به تیشكى ئه‌تۆم و ژه‌هر ترسناكتر نییه.
داهێنانى گه‌وره له جیهانى گریمانه‌ییدا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م داهێنانانه بوونەته به‌ڵا و په‌كخه‌رى ئه‌و هه‌وڵه زانستییانه‌ی كه مرۆڤ له ژیانى ڕاسته‌قینه‌دا پێویستى پێیانە.
ته‌كنۆلۆجیا و هه‌موو نه‌وه‌كانى، كوڕى بازاڕ و ده‌وه‌ڵه‌مه‌ندى و سه‌رمایه‌ن. ته‌نانه‌ت (ئه‌ندازه‌سازى توخمات)یش هه‌ر بۆ چینێكى سه‌رمایه‌داریى جیهانگیرییه. بۆ ئه‌وه نییه منداڵێكى كورد، یان هندى، یان ته‌نانه‌ت ئه‌مریكاییش به شێوه‌یه‌كى گشتى و كه‌م تا كورتێك دادوه‌رانه سوودى لێ وه‌ربگرێت و به‌ته‌نیا بۆ سه‌رمایه‌داره‌كانه.
ئه‌م قسانه هه‌ڵوێستێك نین وه‌ك ئه‌وه‌ى (ماركس) باسى ده‌كات، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌قڵێكى گه‌وره‌ى مرۆڤایه‌تیى نییه، به‌ڵكوو نه‌خۆشیى مرۆڤ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و كه‌ڵه‌كه‌كردنى سه‌رمایه له سه‌رده‌مى نه‌وه‌كانى ته‌كنۆلۆجیادا، زۆر وه‌حشیگه‌رانه‌تره له‌وه‌ى كه (ماركس) باسى كردووه.
ئه‌م وه‌حشیگه‌رانه (ماركس) به‌درۆ ناخاته‌وه، كه ئه‌گه‌ر كرێكارانى جیهان یه‌ك بگرن، جیهان به‌ره‌و دادوه‌ریى زیاتر ده‌چێت، به‌ڵكوو ده‌یسه‌لمێنێت ئێمه پێوستمان به یه‌كگرتن و هاوهه‌ڵوێستى و كارى كۆمه‌ككاریى مرۆییه، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ر له‌وه بگرین، كه له سه‌رده‌مى ته‌كنۆلۆجیادا نه‌خۆشیى مرۆڤ بۆ كه‌ڵه‌كه‌كردنى سه‌رمایه ـهه‌موو سنوورێكى تێپه‌ڕاندووه.
(یوڤال نۆح هه‌رارى) له‌و مێژوونووسانه‌یه، سه‌رقاڵى مێژووى ئاینده‌یه، نه‌ك ڕابردوو. له ڕابردوودا وانه‌ى گه‌وره هه‌یه، له‌و وانه گه‌ورانه، ئه‌وه‌ی ئێمه پێكه‌وه به هه‌ڵێنجانى كه‌ره‌سته‌ى گرنگ له كولتوورى مرۆڤبوونمان ڕووبه‌ڕووى ده‌بینه‌وه، ئه‌و وانه خۆشانه‌ن كه زانستیان بۆ كۆنترۆڵكردنى ئێمه و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى نه‌وه‌كانیان، بۆ به‌ده‌ستهێنانى ژیانێكى سه‌رمه‌دى و بێ كۆتایى قۆرغ كردووه.
هه‌ندێك كه‌س پێیان وایه، خه‌مه‌كانیان لۆكاڵ و نیشتمانییه، وا ده‌زانن هه‌ر لێره چاره‌نووسیان به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌مه‌ندى نه‌خۆش و سادیى دڕنده‌وه‌یه.
ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌یه، ئه‌وه‌نده‌ى نه‌خۆشیى كه‌ڵه‌كه‌كردنى سه‌رمایه جیهانگیرییه، زانست جیهانگیر بكرایه، ته‌ندروستیى مرۆڤایه‌تى سه‌د هه‌زار جار له ئه‌مڕۆ باشتر ده‌بوو!
له ڕاستیدا تێكه‌ڵكردنى داهێنانى ئه‌ندازه‌سازیى توخمات و ته‌كنه‌لۆجیا له چوارچێوه‌ى خزمه‌تگه‌یاندن به ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى جیهان گه‌یشتووەته شوێنێك، كه دوور نییه بگاته ئه‌وه‌ى مرۆڤ له نه‌مرىی نزیك بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه بۆ چینێك نییه. بۆ توێژێكى كه‌مى مرۆڤه، كه ئاماده نین وه‌ك كۆیله‌ش مرۆڤى تر له‌سه‌ر گۆى زه‌وى بهێڵنه‌وه!
ئه‌مه هه‌واڵى ناخۆشه. هه‌واڵى خۆش ئه‌وه‌یه، سروشت به‌مه قایل نییه.
سروشتیش به‌ته‌نیا بریتى نییه له دیكتاتۆریه‌ت و فاشیه‌تى مرۆڤ. سروشت هارمۆنیه‌تى مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و دار و دره‌خت و كه‌شوهه‌وا و ده‌ریا و زه‌ریا و ئاو و وشكانى و ئه‌ستێره و هه‌ساره‌یه.
هه‌موو ئه‌مانه پێویستیان به به‌رپرسیاریه‌تیى به‌شداریكردنه. من ده‌توانم باس له به‌شداریكردنى ئێمه و ئه‌ركى خۆمان بكه‌م وه‌ك مرۆڤ، توخمه به‌شداره‌كانى تر‌ى سروشت وه‌ك ئێمه‌ى مرۆڤ، ته‌نانه‌ت جانه‌وه‌ره‌كانیش، تووشى ئه‌و نه‌خۆشییه‌ى ئێمه نه‌بوون بۆ كه‌ڵه‌كه‌كردنى سه‌رمایه.
سه‌رنج بده، ئێستا ئێمه له‌سه‌ر ئاستى جیهان، كێ نموونه‌ى سه‌ركه‌وتنمانه؟
ده‌مانه‌وێت منداڵه‌كانمان لاسایى كێ بكەنه‌وه (بیل گیتس)؟
ئه‌م پیاوه پێشبینیی ده‌ردودووى وه‌ك كۆرۆنا و خراپترى بۆ مرۆڤایه‌تى كردووه، به‌ڵام نه‌خۆش ناتوانێت باسى ساغڵه‌مى بكات.
ئه‌م پیاوه ده‌بێت خۆى وه‌ك نه‌خۆشێك بخرێته به‌رده‌م ده‌روونشیكاریى مرۆیى و میهره‌بانییه‌وه!
خه‌ڵكانى وه‌كو (هیتله‌ر و مۆسۆلۆنى و سه‌دام حوسێن) به به‌راورد به كه‌سانێك، كه سه‌رمایه‌داریى ده‌یانكات به نموونه، شاعیرن، ئه‌وان خه‌ونیان هه‌بووه. خه‌ونه‌كه نه‌خۆشانه بووه.
ئه‌مانه نه‌خۆشن و كێشه له‌وه‌دایه، خه‌ونیان ته‌نیا كه‌ڵه‌كه‌كردنى سه‌رمایه‌یه.
كه سه‌رقاڵى بیركردنه‌وه بووم له نووسینى ئه‌ڵقه‌یه‌كى تر‌ى ئه‌م بابه‌ته‌م، ئازیزێكم ئۆغری چوو. ئه‌و جوامێره (جه‌لالى مه‌له‌كشا)ى دۆست و هاوڕێم بوو، كه‌سه‌رى ئۆغرى زۆر لام گران بوو.
له واڵه‌كه‌ى خۆمه‌وه نووسیم (به دوو كتێب و شه‌ڕواڵێكه‌وه چووه مێژووى نه‌ته‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌وه، خه‌ڵكى تریش به ملیاره‌كانیان و سه‌دان ملیۆن دۆلاره‌وه كه ده‌مرن، ده‌ڵێن دزێك كه‌متر، چاتر و پاره و ناوبانگیشیان ده‌بێت به به‌ڵا و نه‌هامه‌تى بۆ نه‌وه‌كانیان)، هه‌ڵه و تێگشتنێكى خراپ وا ده‌كات ئێمه بیر نه‌كه‌ینه‌وه.
بیركردنه‌وه گرنگتره له بیرنه‌كردنه‌وه، ده‌بێت ساغ و ساغڵه‌م بین، بۆ ئه‌وه‌ى بیر بكه‌ینه‌وه.
(ماویه‌تى).