كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە سنووری خانەقین عەرەبە هاوردەكان دەستیان بە كێڵانی زەویی جووتیارانی كورد كردووە

"عێراق هێزی زیاتری ڕەوانەی سنووری خانەقین كردووە"

بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لە خراپی دۆخی سنووری خانەقین و دەوروبەری دەكات لە سایەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە عەرەبە هاوردەكان لە خانەقین و ناحیەكانی دەوروبەری دەستیان بە كێڵانی زەویی كشتوكاڵی جووتیارانی كوردی ناوچەكە كردووە.

جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە كێشەی زەویوزار بەردەوامە و ئەو عەرەبانە كێشە بۆ جووتیارانی كورد دروست دەكەن تاکو ئێستاش كێشەكە هەر بەردەوامە و عەرەبە هاوردەكان دەستیان بە كێڵانی زەویی كشتوكاڵی جووتبارانی كورد كردووە".

گوتیشی: "هێزێکی سەر بە سوپای عێراق هاتوونەتە چەند شوێنێكی خانەقین و دەوروبەری لەوانە لە ناوچەی باوە مەحموود و پردی نێوان خانەقین و گوڵاڵە و كۆباشی و نەفتخانە جێگیر بوونە، لە هاتنی ئەو هێزەش حەشدی شەعبی هەر ماون و لەولاشەوە جموجۆڵی داعش هەر بەردەوامە".

ئەو بەرپرسەی پارتی، ئاماژەی بە ئەوەش دا: "میلیشاكانی حەشدی شەعبی نزیك گوندی دارا لە ڕێگای نێوان خانەقین-كەلار بازگەیەكیان داناوە لەو بازگەیە سەرانە لە شۆفیران و بە تایبەت بارهەڵگرەكان وەردەگرن، هەروەها لە نزیك بازگەی باوە مەحموودیش، حەشدی شەعبی بازگەی داناوە و لەو بازگەیەش سەرانە لە شۆفێرانی بارهەڵگر وەردەگرن، ئیتر لەو بازگانە بەگوێرەی قەبارەی باری بارهەڵگرەكان سەرانە لە شۆفێران وەردەگرن و قەرەباڵغییەكی زۆر لەو بازگانە دروست دەكەن و خەڵكیان بێزار كردووە و خەڵك لە ترس و دڵەڕاوكێدایەدا دەژین".