هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌ عێراق به‌ره‌و دیكتاتۆری دەبات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌ عێراق به‌ره‌و دیكتاتۆری دەبات؟

 

به‌ بڕیاری مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ڕۆژی 6ی مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 2021 بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ عێراقدا دیاری كرا‌، به‌ڵام پێشوه‌خته‌ لە ‌عێراق ده‌ست كرا به‌ بانگه‌شه‌ و موزایده‌كردن، هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌یش دژ به‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیان پێ كرد، به‌ بڕێنی بودجە و مووچه‌ی فەرمانبەرانی هه‌رێمی كوردستان، تاكو فشار له‌ هه‌رێم بكه‌ن و بیخه‌نه‌ بارێكی ناهه‌مواره‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و حزبه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانه‌ نه‌توانێت ده‌نگ بهێنێ، هاوكات لێره‌دا، به‌شێك له‌ كورده‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ناوی ئه‌ندام په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ بوونه‌ كه‌واسووری به‌ر له‌شكری دوژمنان و بۆ فشار خسته‌نه‌ سه‌ر هه‌رێم، هه‌روه‌ها حزبگه‌لێكیش له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ كه‌وتنه‌ پاڵپشتیكردنی (جاشله‌مانه‌كان) بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش سوودمه‌ند بن، كه‌وایه‌ ئه‌وانیش بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایی زۆنی خۆیان كه‌وتنه‌ هه‌له‌كه‌ سه‌ما، به‌ نه‌بوونی مووچه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ئاشكرایه‌ هۆكاره‌كانی دابه‌زبنی نرخی نه‌وت و ڤایرۆسی كۆرۆنا و نەناردنی بەشە مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوەیە.

هێشتا حه‌وت مانگ و چه‌ند ڕۆژێك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌كه‌ی عێراق ماوه‌، به‌ڵام بارودۆخی عێراق به‌ره‌و خراپتر ده‌چێت، ئه‌وان له‌به‌رامبه‌ر كورد به‌ خراپی مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن و له‌نێوان خۆیانیشدا ده‌یانه‌وێت حكوومه‌تی عێراق له‌ ڕێككه‌وتنه‌كانی په‌ك بخه‌ن، وه‌كو ڕێككه‌وتنی شنگال و كه‌ركووك و ته‌واوی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان، بۆ لێدان له‌ پێگه‌ی كازمی، لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ چه‌ند كارێكی مه‌ترسیدار ده‌كه‌ین، كه‌ چۆن له‌ عێراق دژی هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن، بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌.

هه‌موومان ده‌زانین هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌مجاره‌ی عێراق فره‌ بازنه‌یی و جیاوازه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو، چونكه‌ پێشتر گه‌وره‌ترین ململانێ له‌سه‌ر بازنه‌ی كراوە و داخراوی هه‌ڵبژاردنه‌كان بوو، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ زۆر به‌خێرایی ئه‌و یاسایه‌ تێپه‌ڕێنرا. به‌پێی پێشبینیی به‌شێك له‌ چاودێرانی سیاسی، كه‌ ئه‌مجاره‌ توندترین جۆری هه‌ڵبژاردن و ململانێ له‌ عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، دوای دژایه‌تیكردنی كورد و ڕێككه‌وتنه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، به‌ سه‌رپه‌رشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان. (موقته‌دا سه‌در) ڕابه‌ری ڕه‌وتی سه‌در هه‌ر زوو ده‌ستی كرد به‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوای له‌ لایه‌نگرانی كرد‌ ڕوو بكه‌نه‌وه‌ مه‌یدانی خۆپیشاندانه‌كان و له‌به‌رامبه‌ر ماف و داواكارییه‌كانیان بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، ڕۆژی هه‌ینی، دوای به‌یاننامه‌كه‌ شوێنكه‌وتووانی سه‌در له‌ مه‌یدانی (ته‌حریر)ی به‌غدا و (حه‌بووبی) ناسرییه‌ گرد بوونه‌وه‌، له‌ مه‌یدانی ته‌حریردا موقته‌دا سه‌در له‌ وتارێكدا، كه‌ له‌لایه‌ن نوێنه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ خوێنرایه‌وه‌، به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی به‌ لایه‌نگرانی دا، ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌دا زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌وا به‌ته‌نیا حكوومه‌ت پێك ده‌هێنێت، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و په‌یامه‌ سیاسییانه‌ی، كه‌ سه‌در بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌تی عێراق بڕپاری له‌سه‌ر داوه‌، كه‌وایه‌ ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ به‌ده‌ست بهێنێت، نایه‌وێت بچێته‌ ناو هیچ هاوپه‌یمانییه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كوتله‌ شیعه‌كان، چونكه‌ سه‌در له‌ هاوپه‌یمانیی ئه‌م كابینه‌یه‌ نیگه‌رانه‌، كه‌چی له‌لایه‌كی تریش، سه‌در هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات و له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (تویته‌ر)، له‌ تویتێكدا ده‌ڵێت "عێراق وڵاتی مه‌رجه‌عیه‌ته‌ و كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان و گه‌نده‌ڵ و له‌ ڕێ لاده‌ر ده‌سه‌ڵاتیان نییه‌"، هه‌موو ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ دژ به‌ كازمیین، (مسته‌فا كازمی)ش په‌له‌یه‌تی كۆنترۆڵی ڕه‌وشی ئه‌منیی عێراق بكات. دوای گرژی و ئاڵۆزیی له‌ زیقار، مسته‌فا كازمی ڕاسته‌وخۆ فه‌رمانده‌ی پۆلیسی زیقاری له‌ پۆسته‌كه‌ی دوور خسته‌وه‌ و سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی ناردە باشووری عێراق.

لێره‌دا گرنگه‌ هه‌رێمی كوردستان ناوماڵی خۆی ڕێك بخاته‌وه‌، چونكه‌ عێراق به‌ره‌و دیكتاتۆریی مه‌زهه‌بی و تاكڕه‌ویی شیعه‌ هه‌نگاو ده‌نێت، هه‌روه‌ها بابه‌تی ته‌وافق، یاخود سازانی نیشتمانی كۆتایی پێ دێت و به‌ بردنه‌وه‌ی سه‌در كۆتایی به‌ عێراق دێت و به‌ته‌واوی شیعه‌ و ئێران ده‌ست به‌سه‌ر عێراقدا ده‌گرن، لێره‌شدا ده‌بێت ڕۆڵی ئه‌مریكامان بیر نه‌چێت، كه‌ ئایا ڕێگه‌ ده‌دات هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌ به‌پێی خواست و ویستی ئێران و سه‌در به‌ڕێوه‌ بچێت؟ ئایا له‌ دۆڕانی كازمی چی ڕووده‌دات؟ ئایا كورد ده‌توانێت چی پێه‌یه‌كی له‌ ئاینده‌ی عێراقدا هه‌بێت؟ ئایا كورد به‌ یه‌كجاری له‌ عێراق ده‌كشێته‌وه‌؟!