ڕاپەڕین.. دووەمین فێستیڤاڵی شانۆیی ڕانیە بەڕێوە دەچێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕاپەڕین.. دووەمین فێستیڤاڵی شانۆیی ڕانیە بەڕێوە دەچێت

دووەمین فێستیڤاڵی شانۆیی ڕانیە، بە بەشداری 10 گرووپی شانۆیی شارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕانیە دەستی پێ کرد و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت.

ئەکرەم چالاک، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری ڕاپەڕین، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کاتژمێر 10:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ی١١ی٢٠٢٠ لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ڕاپەڕین (دووەمین فێستیڤاڵی شانۆیی ڕانیە) لەژێر چاودێریی بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری ڕاپەڕین دەستی پێ کرد و سەرەتاش بە بەرهەمێکی تۆمارکراوی تیپی میوزیکی ڕانیە پێشکەش کرا و پاشان یەکەم نمایشی شانۆیی بەناوی (مۆنۆدرامای قاوەچی) لە نووسینی (فریاد ڕەحمان)  چالاکییەکانی دەست پێ کرد و دووەم شانۆ لەلایەن گرووپی "سکێچ" لە ڕانیە بوو بەناوی (من و شێلمفرۆشەکە) لە نووسینی (گەزیزە عومەر)، دواتر کۆمەڵێک شانۆی دیکە لەلایەن تیپی شانۆییەکانی "چوارقورنە، قەڵادزێ، کۆیە و دووکان"وە پێشکەش کران".

بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری ڕاپەڕی ڕاشی گەیاند:  "10 گرووپ و تیپی شانۆیی لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارییان کردووە و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا 10 نمایشی شانۆ و دوو سیمینار لەلایەن کەسانی ئەکادیمیەوە پێشکەش بە ئامادەبوان دەکرێت".

ئەکرەم چالاک گوتیشی: "مەبەستمان لەم چالاکییە ناساندن و نمایشکردنی توانای شانۆکاران و نووسەرانی سنوورەکەمانە، کە تا ئێستا نەیانتوانیوە تواناکانی خۆیان دەربخەن، لەبەرئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری ڕاپەڕین نوێیە لە سنوورەکەماندا و نەتوانراوە ئەو جۆرەی پێویستە ئەو چالاکییانە ڕێک بخرێن، لەگەڵ ئەوەشدا لە ماوەیەکی کورتی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا خاوەنی زنجیرەیەک چالاکیی هونەری و ڕۆشنبیرین".