كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

خوشكەزایەکی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بە تۆمەتی گەندەڵی دادگایی دەکرێت

لقی كەركووكی دەستەی دەستپاكیی عێراق گەندەڵییەكانی بەڕێوەبەری پێشووی بە وەكالەتی تەندروستیی كەركووكی ئاشكرا كردووە کە خوشکەزای پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووکە و بڕیارە ئەو و گرووپێكی هەمان فەرمانگە دادگایی بكرێن.

بەپێی نووسراوێكی لقی كەركووكی دەستەی دەستپاكیی عێراق، كە وێنەیەكیشی بۆ (باسنیوز) نێردراوە و تێیدا ئاراستەی بەشی یاسایی فەرمانگەی تەندروستیی كەركووك كراوە كە لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی كەركووك دەبێ نوێنەری یاساییان لەسەر دۆسیەی گەندەڵیی (زیاد خەڵەف) بەڕێوەبەری پێشووی بەوەكالەتی فەرمانگەی تەندروستیی كەركووك و گرووپەكەی، لە دادگا ئامادە بێت.

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە (باسنیوز) پەیوەندیی بە سامان یابە، گوتەبێژی فەرمانگەی تەندروستیی كەركووكەوە كرد، بەڵام پەیوەندییەكان بەردەست نەبوون.

زیاد خەڵەف جبوور، بەڕێوەبەری پێشووی بە وەكالەتی فەرمانگەی تەندروستیی كەركووك، خوشكەزای ڕاكان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووكە و لەو ماوەیەی كە بە وەکالەت بەڕێوەبەر بووە، دۆسیەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی لەسەر كەڵەكە بووە و لقی كەركووكی دەستەی دەستپاكیش گەندەڵییەكانی ئاشكرا كردووە و بڕیارە خۆی و گرووپەكەی کە هاودەستی بوون، دادگایی بكرێن.