كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بە وێنە.. لە هەولێر دەست بەسەر بڕێکى زۆر خۆراکى ماوە بەسەرچوودا گیرا

بەڕێوەبەرى چاودێریى بازرگانیى هەولێر رایگەیاند بەهەماهەنگى هۆبەى ئابووریى ئاسایشى هەولێر، دەست بەسەر بڕێکى زۆر خۆراکی ماوە بەسەرچوودا گیرا و پاشان لەناو بران.


هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەرى گشتیى چاودێریى بازرگانیی هەولێر بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "دواى کۆکردنەوەى زانیارى و بەدواداچوونى بەردەوام، لە هەڵمەتێکدا ڕۆژی شەممە 28/11/2020 بە هەماهەنگى هۆبەى ئابووریى ئاسایشى هەولێر و بەڕێوەبەرایەتى چاودێرى بازرگانى هۆبەى ئابوورى ئاسایش، توانیمان دەست بەسەر بڕى 45 تۆن خۆراک و کاڵاى ماوەبەسەرچوودا بگرین، کە بۆ خواردن شیاو نەبوون و لە کۆگایەکى هەولێر هەڵگیرابوون".

راشیگەیاند: "کەلوپەلەکە بریتى بوو لە 20 تۆن ماددەی خامى دروستکردنى چپسى منداڵان، لەگەڵ 25 تۆن خورما، کە هەردووکیان ماوەى بەکارهێنانیان بەسەرچووبوو، بۆیە بەپێى رێنماییەکان دەستمان بەسەر تەواوى کاڵاکاندا گرت و پاشان گواسترانەوە ناوچەى کانى قڕژاڵەى هەولێر و بەشێوەى زانستیى پاراستنى ژینگەیى لەناوبران".

ئەوەشى خستەڕوو" ئەو کەلوپەلانە لە کۆگاکان ماوەى بەکارهێنانیان بەسەرچوبوو، بۆیە سەربارى لەناوبردنى کاڵا بەسەرچووەکان، کاردانەوەى یاساییش بەرامبەر خاوەنى کەلەپەل و کۆگاکانیش دەگرینەبەر".