جێگری پارێزگاری نەینەوا: دەست بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی شنگال کراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

جێگری پارێزگاری نەینەوا: دەست بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی شنگال کراوە

جێگری پارێزگاری نەینەوا ڕای گەیاند ئێستا بە جیدی دەست کراوە بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی قەزای شنگال و لە ماوەی یەک مانگدا هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە.

لەمبارەوە ڕەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا، بۆ کاروباری ئیدارەی بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "بەپێی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە هەموو دامودەزگاکانی سنووری قەزای شنگال ڕادەستی پۆلیسی فیدرالی دەکرێن و ئێستاش پۆلیسی فیدرال دەستی بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "لە دەسپێکی ئەم پرۆسەیەدا هەوڵ دەدرێت ئاسایش و تەناهی دابین بکرێت کە ئەویش لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی پۆلیس لە شوێن و دەڤەرێکی شنگال کە ئێستا سوپای عێراقیش خەریکە لە سنووری شنگال دەکشێتەوە، پێویستە هاوکات گرووپەکانی حەشدی شەعبی و پەکەکەش پابەندی ڕێککەوتنەکە ببن و لە شنگالدا نەمێنن و دەبێ لانیکەم پێنج کیلۆمەتر لە سنووری قەزای شانگالەوە دوور بن".

ڕەفعەت سمۆ ئاماژەی بەوەش کرد: "لە ماوەیەکی نزیکدا بەپێی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، دەست دەکرێت بە دانانی ئیدارەیەکی نوێ لە شنگال دادەنرێت و بەڕێوەبەری ناحییەکانیش دەگۆڕدرێن و هەموو خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێن".