خیانەت لە مێژووى كورددا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
كه‌یوان ئازاد 28/11/2020

خیانەت لە مێژووى كورددا


48


(ئەنفالی بارزانییەكان)، پرۆسەیەكی نەخشە بۆكێشراوی سیاسیی حكوومەتی عێراق و ڕژێمى بەعس بوو، كە لە بەرەبەیانی (30ی تەممووزی 1983ز) ئەنجامی دا. پرۆسەكەش بەهۆی هێزێكی گەورەی ئاسمانی و زەمینیی سوپای عێراق ئەنجام درا، كاتێك گەمارۆی (ئۆردوگای قوشتەپە)ى نزیك شارەدێی (قوشتەپە)ی پارێزگاى (هەولێر)ی دا. لەو پڕۆسەیەدا (8000) بارزانی كەوتنە بەر شاڵاوى بەدناوى ئەنفال.

ئۆردوگای قوشتەپە، ئۆردوگایەكی زۆرەملێى ڕژێمی بەعس بوو، لە شارەدێی (قوشتەپە)ى نزیك شارى (هەولێر) دروست كرا، دروستكردنى ئەو ئۆردوگایەش لەنزیك شاری (هەولێر) لەبەر ئەوە بوو كە ئەو شارە مەڵبەندی ناوچەی ئۆتۆنۆمیی كوردستانی عێراق و پێگەى سەرۆك و جێگر و ئەندامانی ئەنجومەنی یاسادانان و سەرۆك و ئەمیندارە گشتییەكانی ناوچەی ئۆتۆنۆمى بوو.

هەروەها پێگەی یەكێك لە (پێنج) لەشكرەكەی سوپای عێراق بوو، كە (لەشكری پێنج) بوو. لەبەر گرنگیی پێگەی ئۆردوگاكەش، ئەو بارزانییانەی تێدا جێگیر كرا، كە لەگەڵ ماڵباتی بارزانی نەچووبوونە وڵاتی ئێران. لە بەرامبەریشدا حكوومەتی عێراق ئەوانی وەك چەكێك بەرامبەر ماڵباتی بارزانی بەكار هێنا، كە تا ساڵی (1979ز) مستەفا بارزانی رابەرایەتیی دەكرد و دواتر سەرۆكایەتییەكەی بۆ (مەسعود بارزانی) گوازرایەوە.

كاتێكیش دەمانەوێت هۆكارەكانى ئەو پیلانەى ڕژێمی بەعس بزانین، دەگەینە ئەوەی كە ئەو ڕژێمە زۆر باش دەیزانی، كە ماڵباتى بارزانی سەركردایەتیی دیارترین هێزی سیاسیی كوردستانى دەكەن، كە (پارتی دیموكراتی كوردستان)ە. ئەمەو بۆ زیاتر لە نیو سەدەیە، ڕابەرایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردیان لە باشووری كوردستان لەئەستۆ گرتووە. هەر بۆیە حكوومەتی عێراق و ڕژێمی بەعس لەو قۆناغەدا، بە جیاوازییەكی تایبەت سەیری بارزانییەكانی دەكرد و بۆ هەلێك دەگەڕا، بڕیاری سڕینەوەیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا بدات.

واتە لە بۆچوونی بەعسییەكاندا هیچ هێزێك هێندەی بارزانییەكان خاوەن ڕابردوو و شۆڕش و پرنسیپی چەكداری نەبوو، بۆیە یەكەمین پرۆسەی ئەنفالكردنی بەسەر ئەواندا هێنا. هۆكارەكەش ئەوە بوو، كە حكوومەتی عێراق زۆر باش دەيزانی، هەڵوێستی بارزانییەكان و لەسەروویانەوە (مستەفا بارزانی)، هەروەها كوڕەكانى و تەنانەت نەوەكانیشی، ئەوە بووە كە تا ئەو كاتەی لە (شۆڕشی ئەیلوول)دا بۆیان كرا و توانییان ڕابەڕایەتیی شۆڕشی كوردیان گرتە ئەستۆ. كاتێكیش ئەو شۆڕشە بەهۆی ڕێكکەوتننامەی جەزائیرەوە لە ساڵی (1975ز)دا تووشی نسكۆ كرا، زۆری نەخایاند، ڕابەرایەتیی جووڵانەوەیەكی تریان بە ناوی (شۆڕشی گوڵان) درێژە پێ دا، بۆیە بە مەترسی بۆ سەر خۆیان و ڕژێمەكەیان دەزانی.

لێرەوە حكوومەتی عێراق بەو پێودانگە مێژووییەى لەسەر ماڵباتی بارزانی هەیبوو، بارزانییەكانى سنووری دەسەڵاتى خۆیی وەك كارتی فشار بۆ هەر ئەگەرێكی داهاتووی بەكار هێنا، تا لە ساڵی (1983ز)دا پرۆسەی بەدناوی ئەنفالی بەسەردا جێبەجێ كردن. ئەوانەیشی ئەنفالی كردن ژمارەیان (8000) بارزانی بوو، كە زۆرینەی ڕەهایان ڕەگەزی نێرینە و پیاو بوون. ئەمەو ئافرەت و منداڵ و پیاوە بەساڵاچووەكانیشیان، لەنێو هەمان ئۆردوگا و لەژێر چاودێرییەكی تونددا، بۆ گەڕێكی تری پیلانەكانیان هێشتنەوە.

كاتێك ڕژێمی بەعس بۆی دەركەوت، كە ئەو خەڵکە بە ڕابەریەتیی (ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی) جارێكی دیکە سەركردایەتیی شۆڕشێكی نوێیان گرتووەتە ئەستۆ و دژایەتیی ئەوان دەكەن، بڕیاری لێدانی دان، سەرەتاش كەوتە دژایەتیكردنی ئەوانەی لەژێر دەسەڵاتیدا بوون. وەك ئەو پرۆسەیەی لە کۆمەڵگا زۆرەملێیەکاندا بەسەریاندا هێنرا.

خاڵی گرنگی ئەم باسەش دوای ئەو شیكارە مێژووییە، لەسەر كورتەیەكی مێژووی بارزانییەكان و هۆكار و شێوازی ئەنفالكردنیان، (خیانەتە لە بارزانییەكان). خیانەتەكەش ئەوە بوو، كە سەرباری ئەوەی چەند یەكەیەكی هێزە كرێگرتەكانی كوردی ناسراو بە (فەوجى بەرگریی نیشتمانی) بەشداریی ئەو پرۆسە نامرۆڤانەیان كرد، چەند هەواڵنێرێكى كورد ڕۆڵیان لەو تاوانەدا هەبوو. لەوانەش ئەو كوردانەی كار و نەخشە و شێوازی پەلاماردانی بارزانییەكانیان دایە ڕژێمی بەعس و سەرۆكەكەی.

وەك باسمان كرد، بوونی ئەوان لە ئۆردوگایەكی نزیك شاری هەولێری پایتەختى ناوچەی ئۆتۆنۆمى، كە پێگەی هەردوو ئەنجومەنی یاسادانان و راپەڕاندن بوو، هەموویان كورد بوون و لە بەرژەوەندیی ڕژێمی بەعس و سەدام حوسێن كاریان دەكرد. ئەمەو لە شاخیش، واتە ئەو هێزە سیاسییە كوردییانەی لە دژی ڕژێمی بەعس لە خەباتدا بوون، چەندین هێزیان نەیاری پارتی دیموكراتی كوردستان و ماڵباتی بارزانی بوون، بۆیە خودی ئەوانیش بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەگەر هاوكاریی ئەو ڕژێمە و ئەنفالی بارزانییەكانیشیان نەكردبێت، ئەوا بێدەنگییان لە ئاست ئەو پرۆسەیە، بە قازانجی حكوومەتی عێراق بوو.

خودی ئەو پرۆسەیەش لەكاتێكدا بوو، كە (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)، وەك هێزێكی دیاری كوردی، سەرقاڵی ڕێكکەوتن و ئاشتەوایی بوو لەگەڵ ڕژێمی بەعس و حكوومەتی عێراق، بۆیە ڕووداوەكە كەوتە نێو دۆخێكی هەستیارى سیاسی. ئەمە جگە لە جەنگى نێوان (عێراق و ئێران).

سەرچاوەكانی ئەم باسە:
1- منظمة حقوق الانسان: جريمة العراق في الابادة الجماعية، ضد الكرد، ترجمة: جمال ميرزا عزيز.
2- محەمەد سالار پاشا: لەنێوان جینۆسایدی بارزانییەكان و ئەنفالی گەرمیانییەكاندا.