وەزیری شارەوانی: بە بڕی شەش ملیۆن دۆلار چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە سلێمانی و هەڵەبجە جێبەجێ دەكرێن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزیری شارەوانی: بە بڕی شەش ملیۆن دۆلار چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە سلێمانی و هەڵەبجە جێبەجێ دەكرێن

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاریی نوێی لە سلێمانی و هەڵەبجە بە بڕی شەش ملیۆن دۆلاری ئەمریكی راگەیاند.

ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە چوارچێوەی بایەخدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سێكتەری ئاوی خواردنەوە و نۆژەنكردنەوەی تۆڕەكانی دابینكردنی ئاو، بە گوژمەی زیاتر لە شەش ملیۆن دۆلار بە پاڵپشتی قەرزی درێژخایەنی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی، چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری سێكتەری ئاو لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە راگەیاند، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش جەخت دەكاتەوە كە بەم زووانە گرێبەستی پرۆژەی باشكردنی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان تایبەت بە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە ئیمزا دەكرێت.

لە مەراسیمی ئیمزاكردنی دوو گرێبەستی ستراتیژی لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی جایكای ژاپۆنی بۆ نۆژەنكردنەوە و گۆڕینی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی ژمارەیەك گەڕەكی كۆن و هەژارنشینی شاری هەولێر و دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆ پرۆژەی ئاوی ئیفراز 3ی هەولێر، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی كردەوە كە بەم زووانە پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری سێكتەری ئاو لەو دوو پارێزگایەش جێبەجێ دەكرێن.

لەمبارەیەوە گوتی بەم نزیكانە بە پاڵپشتی ئاژانسی جایكا، بە گوژمەی شەش ملیۆن و حەفت سەد هەزار دۆلار قۆناغێكی تری پرۆژەی باشكردنی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە، كە زۆر لەو پرۆژەیەی هەولێر فراوانترە.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە جۆری پرۆژەكان رایگەیاند پرۆژەكان لە بواری سێكتەری ئاوی خواردنەوەن، وەك پرۆژەی راكێشانی هێڵی سەرەكی گواستنەوەی ئاو لە تاسڵوجەوە بۆ سلێمانی، لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی چەند گەڕەكێكی ناو شاری هەڵەبجە، هەروەها پڕۆژەی ئاوەڕۆی لوولەیی بۆ ئاوەشۆڕكردنی پاشماوەی وێستگەی ئاوی هەڵەبجە، لەگەڵ دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆ وێستگەی ئاوی هەڵەبجە.