كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

تەندروستیی ڕاپەڕین: لە دوو ڕۆژدا ھیچ حاڵەتێکی مردن بە پەتای کۆرۆنا تۆمار نەکراوە

گوتەبێژی تەندروستیی ڕاپەڕین ڕای گەیاند لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، ھیچ حاڵەتێکی مردن بە پەتای کۆرۆنا تۆمار نەکراوە.

تەھا محەمەد، گوتەبێژی تەندروستیی ڕاپەڕین بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەپێی ئاماری ھەردوو سەنتەری نەخۆشییە گوازراوەکانی ڕانیە و قەڵادزێ، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ھیچ حاڵەتێکی مردن بە پەتای کۆرۆنا لە سنوورەکە تۆمار نەکراوە، بەدەر لەوەش ڕێژەی داخڵبوونی نەخۆشانی کۆرۆنا لەو دوو سەنتەرە ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە".

تەھا محەمەد گوتیشی: "بەشێکی زۆری ئەو ھۆکارەی گیانلەدەستنەدان و کەمبوونەوەی تووشبوان بە پەتای کۆرۆنا دەگەڕێتەوە بۆ پابەندبوونی ھاووڵاتیان بە ڕێکار و ڕێنوێنییە تەندروستییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بە ھاووڵاتییان".