كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
وژار فهری 26/11/2020

گرنگیی ئابووریی ئەمریکا بۆ جیهان

زۆر گرنگە باسی ئابووریی ئەمریکا بکەین، چونکە بە جۆرێک لە جۆرەکان، پەیوەندیی بە هەموو تاکێکی سەر گۆی زەوییەوە هەیە. ئێستا هەموو جیهان لەدوای ئەم پەتا جیهانگیرییەی (کۆرۆنا) هەوڵ دەدات روو لە گەشە بکاتەوە، ماوەی ئەو گەڕانەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ باشبوونی دۆخی ئابووربی ئەمریکا بە پلەی یەکەم. ئەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا روودەدات، زۆر پەیوەندیی هەیە بە من و تۆ و هەموو تاکێکی ئەم جیهانە، بەڵام پێویستە بپرسین، کێ ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای وا بەهێز کردووە؟

هەندێک سەرچاوە باس لە یەکەمبوونی ئابووریی چین دەکەن لە جیهاندا، بەڵام کاتێک سەیری داتا و ئامارەکانی خزمەتگوزاریی ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەین، دەبینین، کە هێشتا ئەمریکا لە ریزبەندی یەکەم دایە. لەڕاستیدا ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەندێک سەرچاوە پێکدێت، کە وڵاتانی تر ئەو سەرچاوانەیان نییە، وەک، سلیکۆن ڤالێی (شوێنی هەموو تەکنۆلۆجیای مۆدێرنە ئەمریکی)، هۆڵیۆد، نەوت، پیشەسازی، دارایی و چەندین سەرچاوەی تر، کە هیچ وڵاتێک ئەو هەموو سەرچاوەیان نییە. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، کە خەڵکی ئەمریکی بوونەتە مەکینەی ئابووریی ئەمریکا، چونکە لە ناوخۆی وڵاتدا زۆر خەرج دەکەن. خەرجکردنی زۆری خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوخۆی وڵاتدا، دوو لەسەر سێی ئابووریی ئەمریکا پێکدەهێنێت. بە شێوەیەکی تر، ئەگەر باسی بکەین، خەڵکی ئەمریکا پارە لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن، دەچنە بازاڕ و خەرجی دەکەن. ئەمەش سوودی هەیە بۆ ئابووریی هەموو جیهان.

(جۆیل گریفیز- لە رێکخراوی هێریتیج) دەڵێت، کاتێک خەڵکی ئەمریکی توانای کڕینی کەلوپەلیان لە ناوخۆی وڵاتدا هەبێت، ئەوە بەو مانایەیە، کە بازرگانەکان و فەرمانبەران و کڕیارەکان لە وڵاتانی تری جیهانیشدا توانای کڕینیان هەیە و باری داراییان باشە.

هۆکارێکی تر، کە ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باندۆری بەسەر هەموومانەوە هەیە، بریتییە لە دراوی دۆلاری ئەمریکی، کە ئێستا بەهێزترین دراوی جیهانە لە رووی مامەڵەپێکردنەوە، بەو پێیەی، کە زۆربەی گۆڕینەوە جیهانەییەکان بۆ نموونە، کڕین و فرۆشتنی نەوت و زێڕ بە دۆلاری ئەمریکی دەکرێت. لەڕاستیدا هەمیشە بەم شێوەیە نەبووە، کە دۆلاری ئەمریکی سەرداری دراوەکانی جیهان بێت، چونکە پێشتر وڵاتانی جیهان لە ڕێگەی زێڕەوە ئاڵوگۆڕ و مامەڵەی بازرگانییان دکرد، بەڵام لەدوای دووەم جەنگی جیهانی، وڵاتانی زیاندیدە بۆ بنیاتنانەوەی خۆیان و هاوسەنگیڕاگرتنی دراوی خۆیان بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی  کەوتنە کێشەوە. دۆلاری ئەمریکیش بەهێز بوو، چونکە زۆرترین رێژەی زێڕ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بوو، رێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتیی کرا بە ناوی (بریتوون ودز) لەسەر گۆڕینەوەی دراوەکان بە دۆلاری ئەمریکی.

لەڕاستیدا، دۆلاری بەهێز هەم باشە و هەمیش خراپ، بەڵام دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی، کە باسی کام وڵات دەکەین؟ ئەگەر باسی وڵاتێکی وەکوو یابان بکەین، بێ گومان یابان پێی باشە دۆلار بەرامبەر بە (یێن)ی یابان بەهێز بێت. دەبینین کاتێک دۆلار بەهێز بێت و لەسەرەوە بێت، ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکی ئەمریکی توانای ئەوەیان هەبێت، کە زۆرتر کەلوپەلی یابانی بکڕن، بەڵام وڵاتێکی وەکو تورکیا هیچ دڵخۆش نییە بە بەهێزبوونی دۆلار بەرامبەر بە لیرەی تورکی، چونکە بانکەکانی تورکیا و بازرگانە تورکەکان، رێژەیەکی زۆری قەرزیان لەلایە، کە هەموویان بە دۆلار ئەنجام داوە. لە وڵاتێکی وەکو ئەرژەنتیندا، بەهێزبوونی دۆلار دەبێتە هۆی هەڵاوسان و گرانیی بەسەر خۆراک و هەموو کەلوپەل و شتومەکی رۆژانەدا. بەهێزبوونی دۆلاری ئەمریکی هەندێک باندۆری خراپی بەسەر ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشدا هەیە، بە جۆرێک کە، ئەمە زیان لە پیشەسازی و کۆمپانیاکانی ئەمریکا دەدات، چونکە نرخی کەلوپەل و شتومەکی ئەمریکی لەدەرەوەی وڵاتدا گران دەبێت و هەموو خەڵکێک ناتوانێت بیانکڕێت.

بە شێوەیەکی گشتی، دۆلار بەهێزترین دراوی جیهانە. لە کاتی سەرهەڵدانی کۆرۆنا و لەکاتی کەرەنتینەدا، نرخی دۆلار زیاتر بەرز بووەوە. ئەوەی جێی بایەخە، کە ئەو قەیرانەی تووشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هات بە تایبەتی و جیهان بە گشتی، لە ماوەی 70 ساڵی رابردوودا بێ وێنە بووە. لەو کاتەشدا هەموو کەسێک بەدوای کەرستەیەکی دڵنیاکەرەوەدا دەگەڕا، کە ئەویش زێڕ بوو. لە ماوەی رابردوودا، دۆلاری ئەمریکی چەندین جار بەرز و نزم بووەوە، ئەمەش چەند فاکتەرێکی هەیە، بە جۆرێک، کە تویتێک لەلایەن (دۆناڵد ترمپ) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، دەتوانێت نرخی دۆلار بەرز و نزم بکات. لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، ئابووریی ئەمریکا بە رێژەی %2 بەرز بووەوە، ئەمەش کاتێکی زۆری ویست بۆ بەرزبوونەوەی بۆ ئەو رێژەیە. وەک هەموو شوێنەکانی تری جیهان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ساڵی 2008 تووشی قەیرانی دارایی بووەوە، (باراک ئۆباما) هەوڵێکی زۆری دا بۆ رزگارکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم تەنگژەیە، هەروەها کۆنگرێس بە ملیاران دۆلاری بۆ هەمان مەبەست خەرج کرد. لەدوای رزگاربوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ماوەیەک دواتر، (دۆناڵد ترەمپ) هاتە سەر دەسەڵات. ئابووریی ئەمریکا هێشتا بەردەوام بوو لە گەشەسەندن، بەڵام نەک بە رێژەی %4-%6 کە (دۆناڵد ترەمپ) دیاری کردبوو. (دۆناڵد ترەمپ) چەندین کاری گرنگی کرد، بۆ ئەوەی پەرە بە ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بدایت، هەروەها هەلی کاری زیاد کرد، بەڵام بەرنامە و پلانەکانی (دۆنالد ترەمپ) وا بەردەوام نەبوون، کە داینابوو. (دۆناڵد ترەمپ) بەپێی ئامارەکان قسەی دەکرد و گوتی، کە چەندین رێککەوتننامە لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی تر مۆر کراون، کە هیچ سوودیان نەبووە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 20 ساڵی رابردوودا ٥ ملیۆن هەلی کاری پشەسازیی لەدەست داوە، لەگەڵ 91 هەزار کارگە. کاتێک (دۆناڵد ترەمپ) دەسەڵاتی گرتە دەست، هەموو سەرنجێکی خستە سەر چین، وەک رکابەری ژمارە یەک، هەروەها گوتی: “من هەڵبژێردراوم، کەسێک پێویست بوو بیکات، ئێستاش من رووبەڕووی چین دەبمەوە. ئەمەش هەردوو وڵاتی هان دا بۆ دەستپێکردنی جەنگی بازرگانیی نێوانیان. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندین سزا و باجی خستە سەر کاڵا چینییەکان و هاوردەی چینی کەم کردەوە، ئەمەش کاردانەوەی چینی بەدوادا هات و چینیش بەهەمان شێوە باجی خستە سەر کاڵا ئەمریکییەکان، جگە لەمەش، چین رێگای خۆدزینەوە لە باجەکانی ئەمریکای گرتە بەر بەوەی، کە بۆ وڵاتێکی تری دەنارد و هەناردەی ئەمریکای دەکرد.

دوای ئەم هەنگاوانەی (دۆناڵد ترەمپ)، خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەستیان کرد، کە دۆخی ئابوورییان زۆر بەرەو باشتر دەچێت، ئەمەش کاریگەرییەکی باشی خستە سەر ئابووریی ئەمریکا، چونکە خەڵک زیاتر پارەیان لە ناوخۆی ئەمریکا بە کەلوپەل و شتومەک دەدا. لەڕاستیدا، ئابووریی ئەمریکا لە بارودۆخێکی باشدا بوو و هەموو شتێک بەرەو باشتریش هەنگاوی دەنا، بەڵام هاتنی شەپۆلی کۆرۆنا (کۆڤید-19) هەموو شتێکی تێک دا. لە چارەکی یەکەمی ئەم پەتایە، ئابووریی ئەمریکا بە رێژەی %٥ زیانی بەر کەوت. لە چارەکی دووەمدا زیانەکە ریکۆردی شکاند و بوو بە %30، رێژەی بێکاری زۆر بەرز بووەوە، باری ئابووری و بازرگانیی ناوخۆی ئەمریکا زۆر زەرەرمەند بوو و تا ئێستاش کۆرۆنا کۆتایی نەهاتووە و سەرنجەکان لەسەر ئاساییکردنەوەی باری ئابوورییە. لە چارەکی سێیەمی 2020دا ئابووریی ئەمریکا بە رێژەی %33 بۆ باری ئاسایی گەڕایەوە، وەزارەتی خەزێنە و کۆنگرێس کاریگەرییەکی زۆریان بەسەر ئەوەوە هەبوو، کە خۆیان لە کاریگەرییەکانی (کۆڤید-19) دەرباز بکەن. ئەوەی جێی سەرنجە، کە بەو شێوەیە ئابووریی ئەمریکا کەمێک بەرەو باشبوون چوو، بە هەبوونی کۆمپانیای زەبەلاحی تەکنۆلۆژیا، کە لە کاتی کەرەنتینەشدا بازرگانییەکەیان هەر بەردەوام بوو. لەڕاستیدا، چەندین ساڵی پێویستە بۆ گەڕانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بارودۆخی پێش کۆرۆنا، هەرچەند ئەمە تا رادەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە چارەسەری پەتای کۆرۆناوە. لە جیهانی ئەمڕۆدا، هەموو وڵاتان پێکەوە بەستراونەتەوە، بەتایبەتی لە بابەتی ئابووریدا، بۆیە هەستانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سوودی بۆ هەموو وڵاتان دەبێ.