كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا و ئەكادیمیای هونەرە جوانەکانی کراکۆڤ یاداشتێکیان واژۆ کرد

 

زیاد رەئووف، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا، و سەرۆکی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان لە كراكۆڤ بە ناوی یان ماتیکۆ (Jan Matejko) پرۆفیسۆر ئاندژێی بێدنارچیک ( Andrzej Bednarczyk ) یاداشتنامەی نیاز خوێندنەوەیان واژۆ کرد.

بەپێی یاداشتنامەكە ھەردوولا بەیەکەوە كاردەكەن بۆ پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی كراكۆڤ و زانكۆ و كۆلێژە ھونەرییەكان لە هەرێمی کوردستان، ھەروەھا ھەوڵ دەدەن بۆ ئەنجامدانی گۆڕینەوەی هاوبەش لە نێوان ھونەرمەندان و مامۆستایان و قوتابیانی ئەکادمیای هونەرە جوانەکان لە هەردوولاوە و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی و توێژینەوە دەربارەی مێژووی هەماهەنگی ھونەری نێوان هونەرمەندانی پۆڵۆنیا و کوردستان و سەرتاسەری عێراق، لەھەمان كات كاردەكەن بۆ رێکخستنی پێشانگا بۆ هونەرمەندانی کورد لە پۆڵۆنیا و بۆ هونەرمەندانی پۆڵۆنی لە هەرێمی کوردستان.

شایەنی باسە ئەكادیمیای ھونەرە جوانەكان لە پۆڵۆنیا پێش زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ دامەزراوە و لە ناوەڕاستی سەدەی بیست، دەستەیەك لە پڕۆفیسۆرەكانی ئەو ئەكادیمیایە لە ئەكادیمیای ھونەرە جوانەكانی بەغدا كاریان كردووە و زۆر قوتابی و ھونەرمەندیان پێ ڕاگەیاندوە و ڕۆڵیان دیارە لەسەر ھونەری ھاوچەرخی عێراق و كوردستان.

واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیەش دەرئەنجامی بایەخدانە بە هونەری ھاوچەرخی کوردی لە لایەن کاربەدەستان و مامۆستایانی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان لە کراکۆڤ و هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوامی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیایە بۆ ناساندی ھونەرو ڕۆشنبیری كورد لەم وڵاتە.