وەزیری ناوخۆ: ئەو تاوانانەى بەرامبەر ئێزدییەکان کراون پێوەرى جیهانییان تێپەڕاند
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزیری ناوخۆ: ئەو تاوانانەى بەرامبەر ئێزدییەکان کراون پێوەرى جیهانییان تێپەڕاند

"هەندێک لە ژنانی ڕزگاربووی دەستی داعش وەک پۆلیس لە شنگال دادەمەزرێن"

وەزیرى ناوخۆی حکوومەتی هەرێمى کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد ئەو تاوانانەی بەرامبەر ئافرەتانی ئێزدى کراون، بەتەواەتی ڕەتیان دەکەینەوە و تا ئێستا دوو هەزار ئافرەتى ڕفێندراوى دەستى داعش ڕزگار کراون و هەوڵەکانیش لەمبارەوە بەردەوامن.

 لە کۆنفرانسێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی١١ی٢٠٢٠ بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لەگەڵ ژنانی ڕزگاربووی دەستی داعش لە هەولێر ڕێک خرابوو، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند: "سەرۆکى حکوومەت پێداگری لەسەر یەکسانیى مافەکانى مرۆڤ بەگشتى و نێوان ئافرەتان و پیاوان دەکات، بۆیە ئافرەتانى کوردستان پێگەى تایبەتیان هەیە و پۆست و پلەى کارگێڕی و وەزیفیان پێ دراوە و لەم رۆژەشدا کە هەڵمەتى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژییە ئێمە پێداگیری لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەکەین".

 لەبارەى جینۆسایدى ئێزدییەکانیش رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو تاوانەى کە داعش ئەنجامی دا، تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى بوون، بەتایبەتى ئەو تاوانانەى بەرامبەر ئێزدییەکان کرا پێوەرى تاوانى جیهانیان تێپەڕاند، بۆیە بۆ سارێژى برینەکانى ئیزدییەکانیش ڕیککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتى عیراق کراوە تا خەڵکى ڕەسەنى ناوچەکە بگەڕێنەوە و کار بۆ پێکەوەژیان بکەین و خەڵکى شنگال سوودمەندى پلە یەک دەبن".

وەزیری ناوخۆ گوتیشی: "بڕیارمان داوە ژمارەیەک پۆلیس لە شنگال دابمەزرێنین، بۆیە بەشێک لەو پۆلیسانە ژنانى ڕزگاربووى دەستى داعش دەبن تا خۆیان یاسا جێبەجێ بکەن. بۆ پشتیوانى ڕزگارکراوانى دەستى تیرۆریستانی داعشیش حکوومەتى هەرێمى کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ هاوکاریى ئەو قوربانییانە و تەواوى قوربانیانى دەستى داعش".

هەر لەمبارەوە ئەشواق حاجى، نوێنەرى ژنە رزگارکراوەکانى دەستى داعش گوتى: "حکوومەتى هەرێمى کوردستان زۆر هاوکاریى کردووین و ئەمڕۆش ئەوەى ویستمان وەک پەیامێک بگاتە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و سوپاسیان دەکەین و داوایان لێ دەکەین زیاتر کار بکەن بۆ ڕزگارکردنى رفێندراوانى دیکە".