سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەو بانگەشانەی بە درۆ خستەوە كە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی گرووپی نەوەی نوێ و بازرگانی قەرزاری حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان دەیكات و ڕەتی كردەوە هیچ پەرلەمانتارێك پاسپۆرتی دیپلۆماسی هەبێت.
لە دەسپێكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا، ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی ئەو قسانەی دایەوە كە شاسوار عەبدولواحید كردوونی و رای گەیاند: ”رۆژانە قسە لەسەر پەرلەمان دەكرێت، ناكرێ وەڵامی هەموو قسەكان بدەینەوە. ئێمە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەین، ئەندامی پەرلەمان جگە لە ٥٠٪ی مووچەكەی، هیچ ئیمتیازێكی دیكەی نییە. بە هەقی خۆی و پارەی خۆی ئۆتۆمبێلی كڕیوە یان بە قیست كڕیویەتی، ئەوە لەسەر كەرتی گشتی نییە“.
ڕوونیشی كردەوە: ”وەك باس دەكرێت ڤێلا و شوققەی دراوەتێ، بەڵام بەم شێوەیە نییە، وەك دادوەر، مودیر ناحیە، قایمقام، وەكیل وەزیر و وەزیرێك، وەك هەر كەسێك كە لە شوێنێكی دیكەوە دێت، لە زاخۆ و كەلار و بەردەڕەش و دەربەندیخان و ئەوپەڕی دوورەوە دێت، چۆن مودیر ناحیەیەك حەقی خۆیەتی لە ناحیەكەی ماڵێكی هەبێت، خانوێكیان پێدەدرێت، خۆی كرێی خزمەتگوزارییەكان دەدات“.
ڕێواز فایەق جەختی كردەوە: ”هیچ پەرلەمانتارێك پاسپۆرتی دیپلۆماسی نییە. لەم خولەدا پەرلەمانتار ئیفادیش ناكرێت. خەرجیی ئۆتۆمبێلەكانیشیان ناكرێت. ناكرێ هەر ڕۆژێك قسە كرا، جوابیان بدەینەوە. ئەمەش هەوڵێكە بۆ لەكەداركردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان“.