پۆمپیۆ: پرۆسەی ئاڵۆگۆڕکردنی دەسەڵات لە وەزارەتی دەرەوە دەستی پێ کردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پۆمپیۆ: پرۆسەی ئاڵۆگۆڕکردنی دەسەڵات لە وەزارەتی دەرەوە دەستی پێ کردووە

ئێوارەی دوێنێ سێشەمە ٢٤ی١١ی٢٠٢٠ مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رای گەیاند، دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزارییەکان ئاگاداری کردنەوە، کە ئیدارەی جۆ بایدن، بەربژێری سەرکەوتووی دیموکراتەکان، بە فەرمی توانای وەرگرتنی دەسەڵاتی هەیە، وەزارەتی دەرەوە دەستی کردووە بە پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات.

پۆمپیۆ لەمبارەوە بۆ تۆڕی میدیایی (فۆکس نیوز) ڕای گەیاندووە: "ئەمڕۆ دەستمان کرد بە پرۆسەی ئالوگۆڕی دەسەڵات و ئەوەی لەسەرمان پێویستە بەپێی یاسا جێبەجێی دەکەین".

گوتیشی: "تا ئێستا تۆنی بلینکن، بەربژێری بایدن بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە پەیوەندیی پێوە نەکردووم".

پێشتر ئیمیلی مێرڤی، سەرۆکی ئیدارەی گشتیی خزمەتگوزارییەکان رای گەیاند، کە بایدن براوەیە و بڕیاری داوە پرۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەست پێ بکات. گوتیشی: "بۆ دواخستن یان پەلەلێکردنی ئەو بڕیارە، لەلایەن هیچ بەرپرسێک، یان دەسەڵاتی جێبەجێکردن نە راستەوخۆ و نە ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئەوانەی لە کۆشکی سپی، یان ئەوانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خزمەتگوزارییەکان کار دەکەن ڕووبەڕووی هیچ فشارێک نەبوومەوە".

یوهانس ئابراهام، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیمی قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ سەرۆکی هەڵبژێردراو، جۆ بایدن، گوتی: "بەڕێوەبەری ئیدارەی خزمەتگوزارییەکان دووپاتی کردووەتەوە، کە جۆ بایدن و کاملا هاریسی، جێگری سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە، ئەمەش رێخۆشکەرە بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات لە کۆشکی سپی".

هاوکات سو گاو، گوتەبێژ بەناوی پینتاگۆنەوە دووپاتی کردووەتەوە تیمی جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراو بە مەبەستی پرۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات یەکەم پەیوەندییان بە پنتاگۆنەوە کردووە.