مەسرور بارزانی: لە ساڵی داهاتوودا هەر هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی ناسنامەی دیجیتاڵی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مەسرور بارزانی: لە ساڵی داهاتوودا هەر هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی ناسنامەی دیجیتاڵی

له‌ ڕێوڕه‌سمی واژۆكردنی گرێبەستێك لە بواری بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر گرنگیی به‌ دیجیتاڵیكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و ئاشكرای كرد ساڵی داهاتوو هه‌ر هاووڵاتییه‌كی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌ خاوه‌نی ناسنامه‌ی دیجیتاڵی.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25/11/2020، لە ھەولێر ڕێوڕەسمی ئیمزاكردنی گرێبەستێک لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و گرووپی میولباوەری ئەڵمانی لە بواری بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان ده‌ستی پێ كرد و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ كۆتاییهێنان بە پشتبەستن بە كاری كاغەزی و كاركردن بە دیجیتاڵی، ئارەزوومەندانە نییە و پێویستییە. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا نەك كارایی كارەكانی حكوومەت زیاد دەكات، بەڵكوو یارمەتیمان دەدات بۆ بەدیجیتاڵكردنی كارەكان.

ده‌قی گوتاره‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان بەیانیتان باش

 

بەخێرهاتنی بەڕێزان لە گرووپی مولباوەر و كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر دەكەم.

وەك لە وتاری دەست بەكاربوونم لە پەرلەمانی كوردستان و چەند بۆنەیەكی دیكە باسم كردووە، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ بە مۆدێرنكردنی خزمەتگوزارییە حكوومییەكان و و بەهێزكردنی ژێرخانی تەكنەلۆژیمان دەكات، سەرەنجام وردە وردە هەنگاونان بەرەو ئەوەی واز لە مامەڵەی كاغەزی بێنین، چونكە زەحمەتە هاووڵاتیانمان دەیان كاتژمێر كاتی خۆیان لە چاوەڕوانیكردن بۆ ئەنجامدان و ڕاییكردنی مامەڵەكانیان و كاروباریان بەسەر ببەن. لە كاتێكدا دەكرێ بە ماوەیەكی كەم و خێرایی و ئۆنلاین مامەڵەی هاووڵاتیان تەواو بكرێ.

كۆتایی هێنان بە پشتبەستن بە كاری كاغەزی و دابینكردنی خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی، كارێكی ئارەزوومەندانە نییە، بەڵكوو پێویستییەكە. ئێمە هیچ ڕێگەیەكمان لەبەردەم نییە، یان دەبێت لەگەڵ تەكنەلۆژیا پێش بكەوین و بەرەو پێشەوە بچین، یان لە ڕابردوودا بمێنینەوە و گیر بخۆین. بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا نەك تەنیا كارایی و شەفافیەت لە كاروباری حكوومەت زیاد دەكات، بەڵكوو یارمەتیمان دەدات بۆ بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان و باشتركردنی كوالێتی كە هاوشانی وڵاتانی پێشكەوتووی دونیا بێت كە لەم ڕێگەیەوە هاووڵاتیانی كوردستان و سەردانكارانی دامودەزگاكان و خاوەن كارەكانی كەرتی تایبەت دڵنیا دەبنەوە كە بە ئاسانی و خێرایی دەستیان بە خزمەتگوزارییە گشتییەكان بگات.

بۆیە خۆشحاڵین كە ئەمڕۆ گرێبەستێك واژۆ دەكرێت لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و گرووپی مولباوەری ئەڵمانی بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی ئۆتۆمبێل و مۆڵەتی شۆفێری و خزمەتگوزاریی تۆماركردن. ئەم گرێبەستە لە ساڵی پارەوە لە لایەن فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری و وەزارەتی ناوخۆوە تاوتوێ دەكرێت و بە هاوبەشییەوە كاری لەسەر دەكرێ، لێرەوە ستایشی وەزیری ناوخۆ كاك ڕێبەر ئەحمەد و سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری كاك هیوا فەندی و تیمەكەی گرووپی كۆمپانیای مولباوەر و سەرجەم ستافەكانیان دەكەم بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەم كارە.

ئاگادارم كە پسپۆڕانی بواری دارایی كە ڕاوێژی بازرگانیش پێشكەشی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەوانیش ڕۆڵێكی گرنگیان بینیوە و سوپاسیان دەكەم. هەوڵی ئەم تیمە لەگەڵ گرووپی مولباوەر ئێستا مەودای پرۆژەكەی فراوانتر كردووە، بە شێوەیەك لە ئاست خواست و ڕوانینی ئەم كابینەیە و پێویستییەكانی خەڵكی كوردستان بێت. جێی خۆشحاڵییە هەوڵەكانیان بۆتە هۆی كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكوومەت لە كەرتی گشتی بە ڕێژەی زیاتر لە حەوت ملیۆن دۆلار.

لێرە بەپێویستی دەزانم بۆتان ڕوون بكەمەوە كە كاریگەرییەكانی ئەم پڕۆژەیە لە قازانجی كەرتی گشتیدا چین؟ لە ساڵی داهاتووەوە هەر هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان دەبێت بە خاوەنی ناسنامەی دیجیتاڵی، ئەمەش یەكەمین سیستەمی زانیاریی دانیشتوانمان بۆ دروست دەكات كە پێشمەرجێكە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكانی دیجیتاڵی. یەكەم خزمەتگوازریش كە پێشبینی دەكەین لە ١٢ مانگی داهاتوودا بێتە ئاراوە، خزمەتگوزاریی شۆفێری و تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دەبێت كە زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی سوودی لێوەردەگرن و هەموو شۆفێرێك كارتی زیرەكی دەبێت، یەكەكانی پۆلیسی گەڕۆكیش ئامێرێكیان دەبێت كە دەست بەجێ ئەو شۆفێر و ئۆتۆمبێلانە بە خێرایی كۆنتڕۆڵ بكەن..

لەگەڵ ئەم خزمەتگوزارییەدا نووسینگەی سەرۆك وەزیران لە نزیكەوە لەگەڵ تیمی جێگری سەرۆك وەزیران كاك قوباد، كار دەكەن بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەكان بە باشترین و ئاسانترین شێوە بگاتە هاووڵاتیان، ڕێوشوێنەكانی ڕاییكردنی مامەڵەش كەم بكرێتەوە و سەرەنجام داهات زیاد بكرێت.

خۆشحاڵم كە لەم بوارەدا پێشكەوتنی باش و گرنگیان بەدەست هێناوە كە دواتر دامودەزگاكانی دیكەی حكوومەت، دەتوانن سوود لەم داتا و خزمەتگوزارییانە وەربگرن، بۆ نموونە لە بوارەكانی پەروەردە، كەرتی تەندروستی و باج و دارایی.

هیوادارم ئەمە هاندەرێك بێت بۆ یارمەتیدان و هاندانی گەنجانمان لە دروستكردنی دەرفەتی كار و بزنسی نوێ لە ڕێگەی هاوكاری و هاوبەشیكردنی كەرتی گشتی و تایبەتیدا.

ئیمزاكردنی ئەم گرێبەستە بەشێكی گرنگە لە هەنگاو و هەوڵە بەردەوامەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو چاكسازی و مۆدێرنكردنی خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، ئێمە دەمانەوێ ببینە حكوومەتێكی دیجیتاڵیی راستەقینە، لە پێناو كەمكردنەوەی خەرجییەكان و دروستكردنی ڕوانینێك لە نێوان وەزارەتە جیاجیاكان كە سەرەنجام دەبێتە هۆی پێشخستنی شێوازی بڕیاردان و گەیاندن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان.

سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەكەم كە لە ماوەی ساڵی رابردوو ئەم كارە پڕ زەحمەتەیان ئەنجام داوە، سوپاس بۆ گرووپی مولباوەر بۆ پشوودرێژی و نەرمی نواندنیان. هیوادارم ئەم پرۆژەیە لە ئاست خواست و ئاواتی هاووڵاتیانماندا بێت.

دووبارە دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری و گرووپی مولباوەر دەكەم.

هەر شاد و سەركەوتوو بن.