كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەشێکی گۆڕستانێکی کۆیە لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە هەڵدەدرێتەوە

"پێشبینی دەکەین بەدوای پارچەی شوێنەواریی بەنرخدا گەڕابن"

قایمقامی کۆیە ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە گۆڕستانێکی سنووری کۆیە هەڵدراوەتەوە.

یوسف کەلکانی، قایمقامی قەزای کۆیە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگادار کراینەوە کە گۆڕستانی (دەروێش خدر) لە شاری کۆیە هەڵدراوەتەوە و بەو هۆیەوە چەند گۆڕێک بەدیارکەوتوون، بۆ ئەو مەبەستە ئێمە بەدواداچوونەکانی خۆمان دەست پێکردووە و لە زووترین کاتدا سەردانی گۆڕستانەکە دەکەین و ئەو کەسانە دەدۆزینەوە کە بە کارەکە هەڵساون و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین".


ڕاشیگەیاند: "تا ئێستا نەزانراوە کێ ئەو کارەی کردووە، بەڵام گومان دەکەین ئەو کەسانە بە دوای کەلوپەلی بە نرخ و پارچەی شوێنەواریدا گەڕابن و ئامێری شوێنەوارییان بەکارهێنابێ بەو هۆیەوە زیان بەر گۆڕەکانیش کەوتووە".


ڕوونیشیکردەوە کە لە ڕابردووشدا حاڵەتی لەم شێوەیە لە سنووری کۆیە ڕوویداوە و کەسانێک بە دوای شوێنەوارەکاندا گەڕاون، بەڵام "یەکەمینجارە لە سنوورەکەماندا ئەو حاڵەتە لە گۆڕستان ڕوو بدات".