كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پەرلەمانى کوردستان بەدواداچوون بۆ زۆربوونی کۆچى گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات دەکات

پەرلەمانتارێک: کۆچى گەنجان لە حاڵەتى ئاسایى دەرچووە

سەرۆکى لیژنەى رەوەندى کوردستانى لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند حاڵەتەکانی کۆچى گەنجان بۆ دەرەوەى وڵات رێژەیەکى بەرزە و لە حاڵەتى ئاسایى تێپەڕیوە، بۆیە پێویستە چارەسەرى بۆ بدۆزرێتەوە چونکە لەماوەى کەمتر لە ساڵێک زیاتر لە 14 هەزار کەس کۆچیان کردووە.

د. رێبوار بابکەیى، سەرۆکى لێژنەى پەیوەندییەکان و رەوەندى کوردستانى پەرلەمانى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "لە دانیشتنى ئاسایى رۆژى چوارشەممەى داهاتوو، پەرلەمانى کوردستان دیاردەى کۆچى گەنجان بۆ دەرەوەى وڵات تاوتوێ دەکات،چونکە کۆچى گەنجان رێژەیەکى بەرزى تۆمارکردووە و لە حاڵەتى ئاسایى دەرچووە و لە ماوەى کەمتر لە ساڵێکدا 14 هەزار و پێنج سەد کەس کوردستانیان بەرە و وڵاتانى ئەورووپا جێهێشتووە".

راشیگەیاند: "لیژنەکەمان راپۆرتێکى بە وردەکارییەوە لە بارەى دیاردەى کۆچى گەنجان بۆ دەرەوەى وڵات ئامادە کردووە، کە تێیدا هۆکارکارەکانى کۆچى گەنجان و راسپاردە و چارەسەریی لێژنەکەمان بۆ دیاردەکە خراوەتەروو بۆ لایەنى پەیوەندیدار، بۆ ئەوەى بتوانین دیاردەکە کەم بکەینەوە، چونکە گەنجان سامانێکى مرۆیى و کۆمەڵایەتى بەهێزى کۆمەڵگان و هێزى کارن لە کۆمەڵگادا".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" چەندین هۆکارى سەرەکى هەن بۆ پەرەسەندنى دیاردەى کۆچى گەنجان سەرەکیترینیان قەیرانى دارایى و بێکارى و ململانێى سیاسى و نایەکسانى کۆمەڵایەتین، هۆکارە لاوەکییەکانیش بۆ حەزى هاووڵاتیان دەگەڕێتەوە چونکە هەندێک کەس بە سروشتى خۆیان حەزیان بە دیاردەى کۆچ هەیە، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەت وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان، هەوڵەکانیان چڕکەنەوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى گەنجان".

روونشیکردەوە" لە راپۆرتەکەدا راسپاردە و رێگەچارەکانیش ئاماژەیان پێدراوە لە پێناو کەمکردنەوەى دیاردەکە و دۆزینەوەى هەلى کار و رەخساندنى دەرفەتى یەکسان بۆ گەنجان".