”بینیوتانە چۆن بەسڕە بۆته تهویلە و وێرانه بهدهست ئهم نوخبە حوكمڕەی ئێوە پێیان سەرسامن“
نووسەرێك رەخنە لەو پەرلەمانتارانە دەگرێت كە دەیانەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بخرێتە سەر حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ئاشكرای دەكات كە خواستەكەیان ”پەتای پێش هەڵبژاردنە“. داواشیان لێدەكات سەرێك لە بەسڕە بدەن و دەپرسێت: ”بینیوتانە چۆن دەژین و دەخۆن و دەخەون؟“.
ئاسۆ عەبدوللەتیف، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لە وتارێكدا كە بە ناوی (مەندوبانی ریفۆرمخواز سەرێكیش لە بەسڕە بدەن!) بڵاوی كردۆتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”ئەوانەی خوازیاری سیستمی مەرکەزیی مووچەدانن لە لوتکەی ئیدارەدانی عێراقەوە، بەو شێوەیەی کە تەبلیغات و موزایەداتی سیاسی و پەرلەمانی پێوە دەکەن. ئەگەرچی دەزانن ئەو پرس و خواستە تەواو سیاسیی و کوشندە و پەتای پێش هەڵبژاردنە و بۆ هێلانە گەرمکردنی چوارساڵی ئایندەیە، باشترە تێبگەن کە ئەوە پرسێکی دارایی و ئیداریی و حکومییە و بەپێی هەردوو ماددەی دەستووری، ١١٧-١٢١، دابەشکردنی مووچە و ئەرکە داراییەکان، ئیلتیزامی هەرێمی فیدراڵە نەک ناوەند، بۆیە پرۆسەیەکی مەحاڵە و گرفتی دەستووریی و یاسایی و دارایی هەیە“.
ڕوونیشی كردۆتەوە، گەر ئەوەندە مکوڕن لەسەر واژۆ کۆکردنەوە بۆ ئەو پرسە و بەسێنتراڵکردنەوەی هەرێمی کوردستان، باشترە جارێ سەردانی هەندێک شاری وەک بەسڕە بکەن و کەموکوڕییەکانی ئەو ویلایەتە ببینن و تێبگەن کێشەکە بەس مووچە نییە.
دەشڵێت: ”دەبێت بە راستی لە مۆدێلی سوڵتەویی عێراق بگەیت، سیاسەت و مێنتاڵیتی و ئاکتەکان و ڕووبەرە سیاسییەکان کە چۆن قۆرخکراون بۆ ویلایەتی فەقیهومەرجەعیەت و کۆنتراکتە نهێنییەکان، عێراق هەڵوەشاوە، سووک و رەزیل و بێ شوناس بووە، زیاتر لە ١٥٠ ملیار دۆلار قەرزارە و ژێرخان و سەرخانی سفر، کێشەکە ورد بکەینەوە، دزینی بۆڕی نەوتیی و فرۆشتنی چاڵە نەوتییە هاوبەشەکانی سنوور و ناو بەندەرەکان و بەهەدەردانی سامانی گەورە و بێکاریی کوشندە، سیما و ئەجێندای نەگۆڕە بەدەست ئەو نوخبە حوکمڕانە مۆنۆپۆڵگەرە مەزهەبیی و مەرکەزییەوە کە هەندێک مەندوبی کوردی خەونی پێوە دەبینن و راستەوخۆش لەژێر کاریگەریی سیاسەتی مەرجەعیەتی قوم و نەجەفدا سیاسەت دەکەن. بەجۆرێک کار دەکەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە تۆپزیی بخەنەوە ژێر هەژموونی میلیتارییانەی دەوڵەتی عێراق و تەواوکردنی جوڵە و هاوکێشەی داگیرکاریی شانزەی ئۆکتۆبەر، ئەگەر ئەو مەندوبانە حوکمی میلیشیات و عەسکەر و فاشیزمی مەزهەبییان قەبووڵە، با بەردەوام بن لەو قەوانە و قەوانی دیکەش لێبدەن تا دوای هەڵبژاردن، با وێنەکە جوانتر دەرکەوێت، بۆ ئەوەی دواتر بە شەرمەوە پرۆژەکە نەدەنە دەست قەدەر و چیتر فەرمانبەرانی هەرێم دووچاری ئەو بێئومێدیی و دیدە پۆپۆلیستییەی خۆیان نەکەنەوە وەک پرسی بەهەرێمکردنی سلێمانی، نە ریفۆرم و کاری مەندوبی وادەبێ و نە بانگەوازی چاکسازیی و نیەتپاکیش وادەبێ، دەنگیش چیتر بەو دروشمانە کۆنابێتەوە لە سیستمی فرە بازنەییدا“.
ئاسۆ عەبدوللەتیف جەختی كردۆتەوە: ”ئەو تایپە لە پەرلەمانتاری کوردی وەک چۆن دەنگیان بە کۆمەڵێک یاسای مەرکەزیی و حەشدی شەعبی دا و ئێستا پەشیمانن و جورئەتیشیان نەبوو دەنگ بە یاسای، قەرز - کورتهێنانی بودجە، بدەن و بۆیەکەمجار بە ئیجباریی هاتنە ڕیزیی ئیجماعی کوردیی بەهۆی هۆشیاریی تاکی کوردیی و ترسان لە سۆشیال میدیا، دەبێت چاوەڕوانی سیستمی تۆتالیتارییانەی شیعەش بن وەک ئەوەی لە وڵاتانی دەوروبەر ڕوودەدات کە چۆن دیموکراسیەت و ئازادیی سیاسی و مافی مرۆڤ و کەمە نەتەوەکانیان خستۆتە ژێرپێ“.
بە باشتریشی زانیوە ئەو پەرلەمانتارانە سەرەتا وەڵامێکی مامۆستایانی نارازیی بدەنەوە کە چۆن ماف و دەنگی ئەوانیشیان گەیاندە مەرکەز و دیوەخانی سوڵتان و چەند ساڵێک نانی گەرمیان پێوەخوارد لە بەغدا و دواتر دیزە بەدەرخونەیان کرد و وەک جەستەی یوسفی نازدار، چیرۆکی گەلە گورگیشیان بۆ دروست کرد.
ئەو نووسەرە دەڵێت: ”راستە حزب له عێراق به گشتی له وهزیفهی سیاسی و فیكریی و میتۆدیی رێکخراوەیی دوور كهوتۆتهوه و بۆته كۆمپانیای پاراستن و سكیوریتی بۆ بهرژهوهندیی ههندێك گرووپ و تاقمی بچووك، ئەم تایپەش بە حیسابی خۆیان بوونەتە گرووپی فشار و کوالیسیۆن و دەخوازن هەمان کار بکەن ببنە فشار و باسگۆی شەقام و رای گشتی، بەڵام بە سەقەتیی و دژیی میللەتەکەی خۆیان“.
لە بەشێكی دیكەی نووسینەكەشیدا ئاماژەی داوە: ”ئایا شارێكی وهك بهسڕە، ناوەندی تەقینەوە و ناڕەزایەتیی راستهقینهی ههژار و كهمدهرامهت، بینیوتانە چۆن دەژین و دەخۆن و دەخەون؟ شارێكی نهوتاویی پڕ لە سامانی یەدەگیی نەوتیی و خاوهن بهندهری بازرگانی و ستراتیجیی گهوره بینیوتانە چۆن بۆته تهویلە و وێرانه بهدهست ئهم نوخبە حوکمرانەی کە ئێوە سەرسامن پێیان و خەریکی نیکاحی ناشەرعین؟ ئایا دەزانن بۆچی دهبێت شارێكی وا ستراتیجی ئاو و كارهبای نهبێت و رۆژانە سوێراو بخۆنهوه و نەخۆشخانە و جادە و قوتابخانەیان نەبێت و دوو رەمزی جوان لەو شارەدا نەبێت؟ بۆچی دهبێت رێژهی %82ی گەنجان بێکار بن و به دوای كارێكی شایستهدا بگەڕێن لەسایەی ئەو حکوومەتە مەرکەزییەوە، بۆچی پەرلەمانتاران ناوێرن بچنە بەسرە و ماسییەکی ئەو ساحیلە بێ خزمەتگوزارە بخۆن و دیبەیتێکی میدیایی بکەن و چاودێریی قەراسینە و ئەقتاب و بلۆکە گەورەکانی هەناردەی نەوت و کەرەستەی قاچاخ بکەن، یان بۆچی هێشتا پەرلەمانتارانی خودی شیعەش بە تەکسی دەچن بۆ ئەو شارە و ناوێرن بە ئۆتۆمبیلە جوان و کەشخەکانیان پیاسەیەکی ئەو شەقام و بازاڕانەیان بکەن؟ ئەدی بۆچی رێژهی %50ی خهڵكی بەسرە له ژێر هێڵی ههژارین و دووچاری ههزاران دهرد و نهخۆشی و كوێرهوهریی بوونەتەوە؟ کوان مەندوبەکانی ئەوێ، ئەوانیش داوای سیستمی مووچەدانی مەرکەزیی دەکەنەوە، یان خنکاون بەدەست بێمروەتی و جەهالەت و شارچێتی و گرووپچێتیی ئەو تایپە حوکمڕانەوە، لە کاتێکدا بەسڕە شارێكە له رووی سهرچاوهی مرۆیی و دهرامهت و كانزا و گهشتیارییهوه هیچی كهمتر نییه له كوهیت و ئهبوزهبی و شاریقە، دەی چۆن دهكرێت ژیان بهو شێوهیه بگوزهرێت لهسایهی حوكمڕانیهكی ئاوا بێ باکدا؟“.
لە كۆتاییشدا ئاسۆ عەبدوللەتیف دەڵێت: ”كارهبا و ئاوی شیرین و ههوای پاك و كار و مووچه و گهشت و ئهم شتانه بۆته داواكاریی سەرەتایی ئەم شارە، ئیتر کامەیە پێشکەوتنی عێراق و ئەو مۆدێلە چۆنە و کامەیە کە عاشقی بوون بۆمان لە نوکەوە باس بكەن، ئیتر باسی دیموكراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و فهزیلهتی تاك و خۆشگوزهرانی و بیمهی بانكی و تهندروستی و شتی لهم بابهته ناکەم بۆ کاتی خۆی!“.