وەزیری تەندروستی: بەراورد بە مانگی ڕابردوو رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا ٪52 کەمی کردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزیری تەندروستی: بەراورد بە مانگی ڕابردوو رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا ٪52 کەمی کردووە

د. سامانی بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پاش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند کە بەراورد بە مانگی ڕابردوو رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا ٪52 لە هەرێمی کوردستان کەمی کردووە.

د. سامان بەرزنجی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئامادەی دانیشتنی لیژنەی تەندروستی پەرلەمان بووین کە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئامادە بوون، کۆبوونەوەکە لە دوو تەوەر پێکهاتبوو یەکێکیان بریتی بوو لە ڕەوشی تەندروستی و دۆخی داراییی تەندروستی و تووشبوانی شێرپەنجە و ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە تەوەری دووەمیش وەڵامی ئەندامانی لیژنەی تەندروستی درایەوە و جەخت لە هاریکاری نێوانمان کرایەوە".

گوتیشی: "لەو کۆبوونەوەیەدا سەرجەم داوکارییەکانی هاووڵاتیان گفتوگۆی لەبارەیەوە کرا و هەروەها لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە گشتی و پەکخستنی پرۆسەی خوێندن بە تایبەتی خرایە بەر باس".


راشیگەیاند: "چاکسازی لە کەرتی تەندروستی لە بەشی دەرمان بە گشتی لە جێبەجێکردندایە و کەمکردنەوەی نرخی چارەسەری و ئامادەکاری پڕۆژە یاساکان لە دوو جۆری مافی نەخۆش و بەرەنگاری ماددە هۆشبەرەکان و ڕێنماییەکانی هاوردەکردنی خۆراکیش کاری تێدا دەکرێت".

باسی لە ئەوەش کرد کە ئەمساڵ 74 ملیار دینار بۆ نەخۆشخانەکانی تایبەت بە شێرپەنجە و چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە و دروستکردنی هۆڵ و شوێنی زیاتر بۆیان خەرج کراوە.


لەبارەی هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی وەزیری تەندروستی گوتی: "ئێمە لە هەوڵداین بۆ باشترکردنی ڕێککارەکانی تەندروستی و هەمووانیش هاوکارن بۆ کەمکردنەوەی گەشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیش هاوکاری ئێمەیان کردووە، لە هەرێمی کوردستان لە هەفتەی ڕابردوو بە بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی ٪32ی رێژەی تووشبوون کەم بووەتەوە لەگەڵ مانگی ڕابردوو ٪52ی تووشبوون کەمتر بووەتەوە، لە تاقیگەکانەوە ڕۆژانە 6 تا 7 هەزار پشکنین دەکرێت و ئەوەش بە ستاندەر بووە پێشتر ٪7ی تووشبوون تۆمار دەکرا ئێستا بۆ خوار ٪5 دابەزیوە".

د. سامان بەرزنجی گوتیشی: "داوامان لە پەرلەمانی کوردستان کرد کە کاربکەن بۆ گێڕانەوەی متمانەی هاووڵاتیان بە کەرتی تەندروستی کوردستان، هیچ کەسێک وەک تووشبووی ڤایرۆسی سارس تۆمار نەکراوە و ئێستا مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئارادایە بۆیە قوتابخانەکانمان داخست و کۆتایی ئەم مانگە هەڵسانگاندن بۆ دۆخی گشتی تووشبوون دەکرێت و بڕیار لەکردنەوە و نەکردنەوەی قوتابخانەکان دەدەین".