مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکییەکان: وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکییەکان: وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن

 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی لە (كۆنفرانسی ئابووری هه‌رێمی كوردستان دوای كۆرۆنا)، كه‌ به‌شێوه‌ی ڤیدیۆ كۆنفرانس لەلایەن ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی ئەمریکاوە به‌ڕێوه‌چوو پێشکەشکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 23ی11ی2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ (كۆنفرانسی ئابووری هه‌رێمی كوردستان دوای كۆرۆنا)، گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا رایگەیاند: "هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی زۆر پڕ له‌ ئاسایشه‌، له‌ عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه‌ به‌ گشتیی، ئێمه‌ ده‌زانین هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ژینگه‌یه‌كی ئارام و سه‌قامگیریان درووست كردووه‌. بۆیه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان زۆر له‌ بواری ئه‌منی زیاتره‌ و په‌یوه‌ندی هه‌ردوولا ده‌چێته‌ قۆناغێكی دیكه‌وه‌".

هەروەها گوتیشی: "هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی زۆر باش و له‌باره‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان بێنه‌ ئێره‌ و ده‌رفه‌تی كار بدۆزنه‌وه‌. دۆخی ژیان زۆر باشتر بكه‌ن. زۆر خۆشحاڵم لێره‌ كه‌ پابه‌ندبوون و جدییه‌تی حكومه‌ته‌كه‌ی خۆمان بۆ ئێوه‌ دووپاتبكه‌مه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی بۆ ئه‌مریكا".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە روو: "حكوومه‌ته‌كه‌م كارده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئاسانكاری زۆر زیاتر بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاسانی كۆمپانیا بیانییه‌كان بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ تۆماركردنی كۆمپانیاكان و پێدانی ڤیزا و بابه‌ته‌كانی دیكه‌".

پوخته‌ی وته‌كانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

ئێمه‌ و ئه‌مه‌ریكا مێژووییه‌كی باشمان هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تی دوای 2003 و ئه‌مه‌ریكییه‌كان هاوكار بوون له‌ رزگاربوونی عێراق له‌ ده‌ستی دیكتاتۆری سه‌دام. ئێستاش عێراق له‌ دۆخێكی خراپدایه‌. خه‌ڵك و نه‌وه‌ی نوێمان ده‌یانه‌وێت و چاویان له‌وه‌یه‌ ئابوورییه‌كی باش و هاوكارییه‌كی زیاتر بكرێن. په‌یامی من ئه‌وه‌یه‌ وه‌به‌رهێنان بكه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ئه‌م كۆنفرانسه‌مان رێكخستووه‌. ئێمه‌ دۆستی زۆر باشمان هه‌یه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا، ئێستا له‌گه‌ڵمانن. ده‌مه‌وێت سوپاسی رێكخه‌رانی ئه‌م كۆنفرانسه‌ و هاوكاره‌كانمان له‌ حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا بكه‌م. ده‌مه‌وێت سوپاسی باڵیۆزیش بكه‌م، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵمانه‌. بێگومان پێشوازی له‌ هاتنی كۆمپانیا كوردی و ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌كه‌م، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌م كۆنفرانسه‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز درووست بكه‌ن. په‌یوه‌ندی ئێمه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 1990 و ئه‌و كاته‌ی ئه‌مه‌ریكا هیوایه‌كی بۆ گه‌لی ئێمه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ و ده‌رفه‌تی پێداین، ئه‌و هه‌زاران گونده‌ی له‌سه‌رده‌ستی سه‌دام وێرانكرابوون، بنیاتیان بنێینه‌وه‌. هه‌روه‌ها هاوكارمان بوون له‌ زۆر بواری دیكه‌دا، بۆیه‌ پێم وایه‌ ئه‌مڕۆش ده‌توانین ئه‌و گه‌شه‌سه‌ند و هاوكارییه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رین.

ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستان ده‌یان ساڵ هاوبه‌شیان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌ 2021 به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بۆنه‌یه‌كی گرنگ ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هاوبه‌شییه‌ باشه‌ی له‌ نێوانماندا هه‌بووه‌، هه‌ر له‌ له‌ناوبردنی تیرۆر و پاراستنی وڵاته‌كانمان و پاراستنی به‌ها هاوبه‌شه‌كانمان، بۆیه‌ ئێمه‌ پێزانینمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و كاره‌ قاره‌مانانه‌ی توانیان ئێمه‌ سه‌لامه‌ت بمێنینه‌وه‌ و بتوانین ئه‌م كۆنفرانسه‌ به‌ڕێوه‌ به‌رین.

هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی زۆر پڕ له‌ ئاسایشه‌، له‌ عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه‌ به‌ گشتیی. ئێمه‌ ده‌زانین هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ژینگه‌یه‌كی ئارام و سه‌قامگیریان درووست كردووه‌. بۆیه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستان زۆر له‌ بواری ئه‌منی زیاتره‌ و په‌یوه‌ندی هه‌ردوولا ده‌چێته‌ قۆناغێكی دیكه‌وه‌.

هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی زۆر باش و له‌باره‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان بێنه‌ ئێره‌ و ده‌رفه‌تی كار بدۆزنه‌وه‌. دۆخی ژیان زۆر باشتر بكه‌ن. زۆر خۆشحاڵم لێره‌ كه‌ پابه‌ندبوون و جدییه‌تی حكومه‌ته‌كه‌ی خۆمان بۆ ئێوه‌ دووپاتبكه‌مه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی بۆ ئه‌مه‌ریكا. ئێمه‌ ده‌توانین به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسان هه‌نگاوه‌كانمان پێشبخه‌ین. حكومه‌ته‌كه‌م چه‌ندین هه‌نگاوی باشی ناوه‌ له‌ كه‌رته‌ جیاوازه‌كاندا و چووینه‌ته‌ قۆناغێكی دیكه‌ و كارده‌كه‌ین بۆ هه‌مه‌چه‌شن كردنی ئابووریمان. به‌ به‌تایبه‌تكردنی كه‌رتی كشتوكاڵ و دیجیتاڵ كردنی سێكته‌ره‌كان و بازرگانی. ئێمه‌ كه‌رتی تاكس و وه‌رگرتنی باجمان زۆر توندتر و باشتر كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابینه‌وه‌ له‌وه‌ی هه‌موو كه‌سێك باجی خۆی بدات به‌ شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌. بۆیه‌ به‌ مۆدێرنكردنی سیستمی بانكیمان و هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی ته‌كنۆلۆژیا بۆ ناو كه‌رتی ئابووری هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌م رووه‌وه‌ پێشوازی له‌ شاره‌زایانی ئه‌مه‌ریكایی ده‌كه‌ین. ئێمه‌ پابه‌ندین و به‌رده‌وامین له‌م چاكسازیانه‌.

زۆر خۆشحاڵم كه‌ دان برایتم بینی، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن وه‌به‌رهێنانێكی زیاتر له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن. ئێمه‌ پێشوازی له‌ وه‌به‌رهێنانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ بواره‌كانی وزه‌، ته‌ندرووستی، په‌روه‌رده‌ و كشتوكاڵ ده‌كه‌ین.

حكومه‌ته‌كه‌م كارده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئاسانكاری زۆر زیاتر بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاسانی كۆمپانیا بیانییه‌كان بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ تۆماركردنی كۆمپانیاكان و پێدانی ڤیزا و بابه‌ته‌كانی دیكه‌.

ئه‌و بۆردی وه‌به‌رهێنانه‌ كاری زۆر باشی كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی یاساكان به‌ باشی رێكبخه‌نه‌وه‌ و گۆڕانكاریان تێدا بكه‌ن، بۆیه‌ تۆماركردنی كۆمپانیاكان و وه‌رگرتنی ڤیزا و هاتنه‌ ناوه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان زۆر ئاسان كراوون و زیاتر له‌ 70 ده‌فه‌رت و رێگه‌پێدان دراوه‌، بۆیه‌ من پێم وایه‌ له‌ یاسای چاكسازیشدا، كه‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ بڵاومان كرده‌وه‌، ئێمه‌ رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی بووینه‌ته‌وه‌، دڵنیاییمان داوه‌ته‌ خه‌ڵكی خۆمان و گه‌نده‌ڵی و ساخته‌كاریمان نه‌هێشتووه‌. وامانكردووه‌، كه‌ خزمه‌تگوزاری گشتی به‌ شێوه‌یه‌كی باشتر و دادپه‌روه‌رانه‌تر بگاته‌ خه‌ڵك.

ئه‌مانه‌ وامان لێده‌كات بڕیاره‌كان خێراتر بدرێن و چاكسازی له‌ كه‌رتی دارایی و ئابووری وڵاته‌كه‌مان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بینه‌وه‌ له‌وه‌ی هه‌موو كه‌س مافی ته‌واوی خۆی پێده‌درێت. ئێمه‌ چاومان له‌وه‌یه‌ رێككه‌وتنێكی سه‌ره‌كی واژوو بكه‌ین. كه‌ ده‌بێته‌ ئه‌جێندایه‌كی زۆر باش بۆ داهاتووی ئێمه‌. بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت و لایه‌نی كه‌رتی تایبه‌ت بتوانن رۆڵێكی باش ببینن.

ئه‌مه‌ هه‌موو كات وه‌ك خۆی نه‌چووه‌ته‌ پێشه‌وه‌، ئێمه‌ جیاوازیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، من پابه‌ندم به‌وه‌ی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌و ماف و شایسته‌ داراییانه‌ی مافی خه‌ڵكی كوردستانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق به‌ده‌ستیان بهێنین.

هه‌رێمی كوردستان ده‌روازه‌یه‌كی زۆر باشه‌ بۆ وه‌به‌رهێنانی ئه‌مه‌ریكایی و ده‌كرێت ده‌روازه‌یه‌كی باش بێت بۆ عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هێزێكی كاریگه‌ری كارمان هه‌یه‌ و له‌ رووی ته‌كنۆلۆژیا و ئای تیی و له‌ رووی زمانه‌وانییه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی ئینگلیزی و عه‌ره‌بی زۆر باشن. بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت دڵنیابینه‌وه‌ جیا له‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كاریان بۆ ده‌ڕه‌خسێت، به‌ڵكو سوود له‌ توانا و وزه‌شیان ببینرێت و به‌م جۆره‌ ده‌توانین پێشبكه‌وین.

بۆیه‌ جارێكی دیكه‌ پابه‌ندبوونی خۆم به‌ فره‌ چه‌شنكردنی ئابووری و نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیی دووپاتده‌كه‌مه‌وه‌، وه‌ك ئه‌مه‌ریكا. ده‌مه‌وێت چه‌ند خوله‌كێك باس له‌وه‌ بكه‌م، كه‌ من باوه‌ڕی ته‌واوم هه‌یه‌ بۆ وه‌به‌رهێنانی بیانی ده‌رفه‌تی زۆر باشمان ره‌خساندووه‌، له‌وانه‌ كه‌رتی كشتوكاڵ و ده‌بێته‌ به‌ش و كۆڵه‌گه‌یه‌كی گرنگی ئابووری كوردستان و ده‌كرێت ببێته‌ سه‌به‌ته‌ی خۆراك بۆ عێراق.

هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م شوێن بووه‌ كه‌ كشتوكاڵی تێدا كراوه‌، هه‌رێمه‌كه‌ی ئێمه‌ ده‌یه‌وێت بگاته‌ ئاستی خۆبژێوی و له‌ پێنج ساڵی داهاتوودا ببێته‌ شوێنێك هه‌نارده‌ی به‌رهه‌مه‌كانی خۆی بۆ عێراق و ناوچه‌كه‌ بكات. ئه‌مه‌ش به‌ سیاسه‌تێكی باش ده‌كرێت به‌ ده‌ست بێت.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سوودی بینیوه‌ له‌ زه‌وی به‌ پیت و هه‌بوونی كه‌شوهه‌وایه‌كی باش و سه‌رچاوه‌ی ئاو، پشتیوانی ئێمه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان و كه‌رتی تایبه‌ت رۆڵێكی گرنگ له‌ بواری كشتوكاڵدا بگێڕێت و پشتیوانی جووتیاره‌كانی خۆمان بكه‌ین و ژێرخانی ئابووری خۆمان باش بكه‌ین به‌ هێنانی ته‌كنۆلۆژیای زیاتر.

گه‌شه‌سه‌ندنی ژێرخانی ئابووری هه‌رێمی كوردستان زۆر جێی بایه‌خدانه‌ لای ئێمه‌ و هیواش ده‌خوازین ببینه‌ شوێنێك بۆ به‌رهه‌م هێنانی غاز، هه‌روه‌ها ببینه‌ شوێنێك بۆ ئه‌وه‌ی لێره‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ی به‌رهه‌مه‌كانمان بكرێت بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌.

درووستكردنی به‌نداو، كۆگاكان یه‌كێك بوون له‌و هه‌نگاوانه‌ی ناومانه‌. ده‌مه‌وێت دڵنیایی بده‌م له‌وه‌ی ده‌توانین له‌ داهاتوودا بۆ 24 كاتژمێر كاره‌با دابین بكه‌ین. نه‌ك ته‌نیا بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ڵكو بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراقیش.

ئێمه‌ وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ین له‌ باشتركردنی رێگه‌ و بانه‌كان و له‌ چه‌ند مانگی رابردوودا سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی ئابووری، كه‌ به‌ هۆی كۆرۆناوه‌ درووست بووه‌، من به‌ شانازییه‌وه‌ به‌شداریم كردووه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی چه‌ندین پرد و رێگه‌ و پڕۆژه‌ی دیكه‌. ئه‌مه‌ له‌ رێگه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت و به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌رته‌ ئه‌و پڕۆژانه‌ كراوون و ئه‌مه‌ش سوود به‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت و هه‌لی كار ده‌ڕه‌خسێنێت و ژیانیان باشتر ده‌كات و بۆ بازرگانیش زۆر گرنگه‌. پێم وایه‌ ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تێكی باشه‌ بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی.

جیهان رووبه‌ڕووی ئاڵنگارییه‌كی پێشبینی نه‌كراو بووه‌وه‌، به‌ هۆی كۆرۆناوه‌، ئێمه‌ش لێی بێبه‌ری نه‌بووین، به‌ڵام هیوادارم له‌ 2021 جیهان بتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر رێچكه‌ی خۆی و هه‌بوونی پێكوته‌ ببێته‌ چاره‌سه‌رێكی باش بۆ ئه‌و په‌تایه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان سه‌لماندوویانه‌ تا راده‌یه‌كی باش سه‌ركه‌وتوو بووه‌، تا بتوانین رووبه‌ڕوو گفتوگۆ بكه‌ین.

هیوادارم ئێوه‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ بقۆزنه‌وه‌ و بگه‌ڕێنه‌وه‌ و سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و خۆتان به‌ چاوی خۆتان گۆڕانكارییه‌كان ببینن، كه‌ كابینه‌ی نۆیه‌م ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ی كردووه‌.

له‌ كۆتاییدا هیوادارم ئه‌م كۆنفرانسه‌ بازرگانی كوردی و ئه‌مه‌ریكایی كۆبكاته‌وه‌ و ده‌رفه‌ته‌كان یه‌كبخات و هاوكار بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئابووری هه‌رێمی كوردستان بچێته‌ قۆناغێكی دیكه‌. ئه‌وانه‌شی چاویان له‌وه‌یه‌ یه‌كه‌مجار بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان و من هانتان ده‌ده‌م قسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ بكه‌ن، كه‌ پێشتر له‌ هه‌رێم وه‌به‌رهێنانیان كردووه‌ و با باسی سه‌ركه‌وتن و ره‌خساوی ژینگه‌ی هه‌رێم بكه‌ن بۆ وه‌به‌رهێنان و ده‌توانن په‌یوه‌ندی به‌ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، له‌ ئه‌مه‌ریكا. هیوادارم له‌ داهاتوودا رووبه‌ڕوو هه‌مووتان ببینم.