كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پۆلیسى دارستان: سزاى توند بۆ ئەوکەسانە داندراوە کە دارى تەڕ دەبڕنەوە

 

بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسى دارستان و ژینگەى هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ رێگریکردن لە بڕینەوەى دارى تەڕ و بازرگانیکردن بەدارى دارستانەکان، چونکە دارستانەکان سامانێکى نیشتمانى بەنرخن.

نەقیب فوئاد ئەحمەد، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "ساڵانە لەگەڵ هاتنى وەرزى سەرما و سۆڵە بەشێک لە دانیشتووانى ناوچە شاخاوییەکان دەست دەکەن بەبڕینەوەى دارى تەڕى کوێستان و دارستانەکان، بەهۆى کەمى و گرانى نرخى نەوت بەردەوام دارستانەکان مەترسى لەناوچوونیان لەسەرە".

راشیگەیاند: "هێزەکانى پۆلیسى دارستان بەردەوام چاودێرى ئەو ناوچانە دەکەن و هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە لە پێناو پاراستنى دارستانەکان و رێگریکردن لە بڕینەوە و بازرگانیکردن بە دارى تەڕ، چونکە ئەم دارستانانە سامانێکى گرانبەهاى نیشتمانین، بۆیە یاسا سزاى توندى داناوە بۆ ئەو کەسانەى دارى تەڕ دەبڕنەوە".

ئاماژەى بەوەش کرد، لە یاساى ژمارە 10ى ساڵى 2008 تایبەت بە پاراستنى دارستان، سزاى توند بۆ ئەوکەسانە داندراوە کە دارى تەڕ دەبڕن، سزاکەش بەپێى تەمەن و جۆرى دارەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە کەسێک دارێکى تەڕ ببڕێتەوە کە تەمەنى دارەکە لە 20 ساڵ بەسەرەوە بێ، بەبڕى 460 هەزار دینارى عێراقى سزا دەدرێ، جگە لەمەش دەبێ پێنج دار لە شوێنى دارە بڕاوەکە بچێنێت کەتەمەنى دارەکان لە سێ ساڵ کەمتر نەبێ.