كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 23/11/2020

ھەندێك ئەندام پەرلەمان وەھات لێ دەكەن پەرلەمان بە زیاد بزانیت!


كە گوێم لە لێدوان و قسەی ھەندێك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان دەبێت دۆش دادەمێنم و نازانم چی بڵێم؟ ئەندام پەرلەمان ھەیە ھەتا ئەو كاتە باشە كە قسە ناكات، چونكە ھەر كە قسەی كرد وەھات لێ دێت بڵێی: باشە پەرلەمان بۆچی ھەبێت؟ ئایا پەرلەمان زیاد نیە؟ ئایا ئەگەر پەرلەمان نەبێت چی دەقەومێت؟

1- چۆن ئەو پرسیارانە نەكەم و ھەندێك جار پەرلەمان بە زیاد نەزانم كە ئەندامی پەرلەمان لەناو حزبە بەشدارەكانی حكوومەت ھەبێت شەو و ڕۆژ باسی ئەوە بكەن كە مەلەفی نەوت ڕوون نیە و كەس نازانێت ڕۆژانە چەند بەرمیل نەوت لە ھەرێمی كوردستان دەردەھێنرێت و بە چەند دەفرۆشرێت و پارەكەی چیی لێ دێت، ھەندێكیشیان دەڵێن پارتی نەبێت كەس ئاگاداری مەلەفی نەوت نیە! كەچی ئەوە لە كاتێكدایە پێشتر لیژنەی باڵای نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان ھەبوو ھەر گرێبەستێكی تایبەت بە نەوت بكرایە، ئەو لیژنەیە ھەموویان ئاگادار بوون و لیژنەكەش بەردەوام بریتی بوون لە: (سەرۆكی حكوومەت، جێگری سەرۆكی حكوومەت، وەزیری سامانە سرووشتیەكان، وەزیری دارایی، وەزیری پلاندانان).

بەڵام من پرسیار دەكەم: ئایا لە ساڵی 2006 كە ھەردوو ئیدارەی سلێمانی و ھەولێر لە چوارچێوەی یەك حكوومەتدا یەكیان گرتەوە و ھەتا ئێستاش ئایا (سەرۆكی حكوومەت، جێگری سەرۆكی حكوومەت، وەزیری سامانە سرووشتیەكان، وەزیری دارایی، وەزیری پلاندانان) ھەر ھەموویان پارتی بوون؟

لەو كاتەوە ھەتا ئێستا (عومەر فەتاح، عیماد ئەحمەد، قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكوومەت بوون، كەواتە بە حوكمی پلە و پۆستیان ئەندامی لیژنەی باڵای نەوت و غازی ھەرێمی كوردستانیش بوون، ئێ كەواتە ئاگاداری مەلەفی نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان بوون و سوێندتان لەسەریشم نیە نەشمبیستووە (عومەر فەتاح، عیماد ئەحمەد، قوباد تاڵەبانی) پارتی بووبن، من خۆم لەنزیكەوە لەگەڵ 2 لەو 3 بەڕێزە ئیشم كردووە و ئەگەر پارتی بوونایە شتێكم لەم پارتیبوونەیان دەبیست! تەعاروف و مەرحەبایشم لەگەڵ قوباد تاڵەبانی ھەبووە و دەشزانم پارتی ڕێزی لێ گرتووە و ڕێزی لێ دەگرێت، بەڵام نەشمبیستووە قوباد تاڵەبانی بووبێتە پارتی.

ئینجا ھەروا بێتەوە لە ساڵی 2006 – بەدواوە (خوالێخۆشبوو بایز تاڵەبانی، ڕێباز حەملان) ھەردووكیان وەزیری دارایی بوون یەكەمیان یەكێتی و دووەمیان گۆڕان و بە حوكمی پلە و پۆستیان ئەندامی لیژنەی باڵای نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان بوون كەواتە ئەمانیش ئاگاداری مەلەفی نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان بوون. ھەروا بە برای خۆم بڵێم دوو ساڵیش بەرھەم ساڵح سەرۆكی حكوومەت بوو، كەواتە ئەو دوو ساڵەش بەرھەم ساڵح بە حوكمی پۆستەكەی ئەندامی لیژنەی باڵای نەوت و غازی ھەرێم بووە، كەواتە ئەمیش ئاگاداری مەلەفی نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان بووە، خۆ ئەوكات بەرھەم ساڵح یەكێتی بوو. ئینجا سەرت نەیەشێنم عوسمان شوانی وەزیری پلاندانانی حكوومەت و یەكێتییش بوو، بە حوكمی پۆستەكەی لەناو حكوومەت ئەمیش ئەندامی لیژنەی باڵای نەوت و غازی ھەرێم بووە، كەواتە ئەمیش ئاگاداری مەلەفی نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان بووە.

ئێستاش كۆمپانیای دیلۆیتی نێودەوڵەتی ئاگاداری ورد و درشتی ڕێژەی بەرھەمھێنان و فرۆشتن و داھاتی نەوتی ھەرێمی كوردستانە و ڕاپۆرتەكانیشی نەك بۆ ئەندامانی پەرلەمان بەڵكوو بۆ ڕای گشتییی ناوەوە و دەرەوەی ھەرێم بڵاو دەكاتەوە نەشمبیستووە كۆمپانیای دیلۆیت كۆمپانیای پارتی بێت!

2- چۆن ئەو پرسیارانە نەكەم كە ئەندامی پەرلەمان لەناو حزبە بەشدارەكانی حكوومەت ھەبێت و خۆیان داوای نەھێشتنی گەندەڵی بكەن، كەچی كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بیەوێت لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیدا دەرماڵەكان ڕێك بخاتەوە، بۆ نموونە دەرماڵەی مەترسیی ئەو كارمەندەی كارەبا بھێڵێتەوە كە كاری سەرەكیی چاككردنەوەی محەویلەكانی كارەبایە و ھەر لەحزەیەكی كاتی كاركردنی ڕەنگە ڕووبەرووی مەترسیی مردن ببێتەوە، بەڵام دەرماڵەی مەترسیی ئەو كارمەندەش ببڕێت كە لەناو فەرمانگەكەیدا لەبەر سپلیتە و بە كۆمپیوتەرەكەی بەردەستی خەریكی یاریی ناپلیۆنە.

كەچی كاكی ئەندام پەرلەمان ھەر بۆ دروستكردنی قەرەباڵغی و ڕاكێشانی سۆزی چەند گەندەڵێك، خەریكی چەواشەكردن و سەر لێتێكدانی كارمەندانی حكوومەت بێت و بڵێت (یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان حکوومەت دەست واڵا دەکات کە سەرچاوەکانی داهات زیاد بکات و خەرجی کەم بکاتەوە و بندیوارەکان ببڕێت، بەڵام حکوومەت بە نیازە لە بڕینی دەرماڵەکانەوە دەست پێبکات!) باشە ئەگەر پەرلەمان ئا ئەمانەی تیا بێت چۆن وەھات لێ نایەت كە بڵێیت باشە پەرلەمان بۆچی ھەبێت و ئایا ئەگەر پەرلەمان نەبێت چی دەقەومێت؟