ڕەشنووسی پرۆژەیاسای تاوانی ئەنتەرنێتی لە عێراق ناڕەزایی لێ دەكەوێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕەشنووسی پرۆژەیاسای تاوانی ئەنتەرنێتی لە عێراق ناڕەزایی لێ دەكەوێتەوە

تا ١٠ ساڵ زیندانیكردنی تێدایە

چالاكوانانی عێراقی ناڕەزاییان بەرانبەر ئەو ڕەشنووسی پرۆژەیاسایە دەربڕیوە كە پەرلەمانی وڵاتەكە بە نیازە بە ناوی "یاسای تاوانەكانی زانیاری" لەبارەی بڵاڤۆكی ئینتەرنێتیەوە بیخاتە دەنگدانەوە.

ئەگەرچی چەند ساڵێكە باسی دەركردنی ئەم یاسایە لەئارادایە، بەڵام ئێستا چووەتە بواری دەركردنی ڕەشنووسەوە و پەرلەمان بە نیازە بیخاتە دەنگدانەوە، لە ناو یاسایەكدا سزای ١٠ ساڵ زیندانی داندراوە بۆ ئەوانەی تۆمەتبار دەكرێن بە تاوانە زانیاری و ئەلیكترۆنییەكان، كە ڕەنگە بڵاوكردنەوەی هەر بابەتێكیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بگرێتەوە.

لەمبارەیەشەوە ڕۆژنامەنووسی عێراقی ئەحمەد سوهەیل ئاماژەی بەوە داوە كە كاتی خۆی "ڕێكخراوی هیومان رایتس وۆچ"ی جیهانی لە ساڵی ٢٠١١دا ڕەخنەی لە ڕەشنووسەكە گرتبوو، ئێستاش هەمان ڕەشنووسە و ئازادییەكان بەرتەسك دەكاتەوە و دەبێتە یاسایەكی دەمكوتكەر.

سوهەیل كە لە خۆپیشاندانەكانی پاری عێراق و ئەوانەی ساڵی ٢٠١١شدا بەشداری كردبوو، ئێستا لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی "ئەلحورە"ی ئەمریكی دەڵێ ئامانجی ئەم یاسایە تەنها بۆ دەمكوتكردنی خەڵكە، بە تایبەتی كە تا ئێستا خەڵكی عێراق بە تەواوی لەم سیستەمی بەڕێوەبردنەی وڵاتەكە ڕازی نین.

لای خۆیەوە مستەفا ناسر سەرۆكی كۆمەڵەی بەرگریكردن لە ئازادیی رۆژنامەوانیی عێراقی دەڵێ ئەو ڕەشنووسەی ساڵی ٢٠١١ نووسراوە زۆر خراپ و مەترسیدارە، عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆری، بۆیە پێویستە ئەم ڕەشنووسە بە زووترین كات لە یادەوەریی پەرلەمانی عێراقدا بسڕێتەوە.