کرێى خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەکان تا ٢٠% کەم کرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کرێى خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەکان تا ٢٠% کەم کرایەوە

ئەمڕۆ یەكشەممە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند كە کرێى خوێندنی لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەپێى ئەنجامەکانى ڕیزبەندى نیشتیمانیى زانکۆکانى کوردستان بۆ ساڵى (٢٠١٩)، بەڕێژەى ١٠٪ بۆ ٢٠% بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن کەم کردەوە.

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتى د. ئارام قادر سەرۆکى ئەنجوومەنی وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەت، کۆبوونەوەى تەواوکارى ژمارە (١٠)ى ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە شێوەى ئۆنلاین بەڕێوەچوو، تیایدا چەند بڕیارێك دەركرا.

سەبارەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە کارى لێژنەى تایبەتمەند لەسەر ئاستى وەزارەت بەم ئەرکە کرد و دەستخۆشى لێ کردن بۆ کارەکانیان لە ڕابردوودا، گوتیشی هەرێمى کوردستان بە بارودۆخێکى تایبەت گوزەر دەکات بە شێوەیەک پێویستە هەمووان ڕەچاوى بار و گوزەرانى دارایى خەڵکى بکەن و لە هەمان کاتیشدا بتوانن هەلى خوێندن بۆ هەمووان دەستەبەر بکەن.

لەم چوارچێوەیەشدا رایگەیاند كە بۆ ئەوەى روحیەتى کێبەرکێى زانستى لە دامەزراوە ئەکادیمیەکان بپارێزن و بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخى هاووڵاتییان، بڕیاریان دا بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ئەویش بەپێى ئەنجامەکانى ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان بۆ ساڵى (٢٠١٩) کە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیەنراوە.

كەمكردنەوەكان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

* ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى B، بەڕێژەى (١٠%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.

* ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى C، بەڕێژەى (١٥%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.

* ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى D، بەڕێژەى (٢٠%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.

* سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بەڕێژەى (٢٠%) کرێى خوێندنیان کەم دەکرێتەوە.