پیاوێكی كورد لە تەمەنی 139 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پیاوێكی كورد لە تەمەنی 139 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

پیاوێکی خەڵکی نەغەدەش لە ژیاندایە کە ١٣٢ ساڵی تەمەنە

بەگوێرەی زانیارییەکانی کتێبی گینس، بەساڵاچووترین کەسی جیهان، ژنێکی ژاپۆنییە بەناوی کین تاکانا، کە ئێستا تەمەنی 116 ساڵە و پیاوێکی تەمەن 112ساڵی بەریتانی بەناوی رابێرت ڤیتۆن، وەک بەساڵاچووترین پیاوی سەرزەوی ناسراوە، بەڵام لەم هەفتەیەدا، لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەحمەدی سۆفی، لە تەمەنی 139 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، بەبێ ئەوەی لە ژیانیدا جارێکیش ناوی کتێبی گینسی بیستبێت.

ئەحمەد سۆفی، وەک بەساڵاچووترین کەسی ناو ئێران ناوی دەرکردبوو. ئەم پیاوە لە گۆڕەپانی ئاسنگەرانی شاری سەقز لەدایک بووە، هەرگیز منداڵی نەبوو، بەڵام باپیری 100 نەوە و نەتیجە هەبووە، چونکە لەگەڵ خاتوونێک هاوسەرگیریی کردبوو، کە پێنج منداڵی هەبوو، بۆیە ئەحمەد سۆفی باوەپیارە (زڕباوک)ی ئەو پێنج منداڵە بووە، کە ئێستا بوون بە زیاتر لە سەد کەس.

کوردستان بەساڵاچووترین کەسەکانی جیهانی لەخۆ گرتووە و نهێنیی ئەو تەمەندرێژییەش بۆ جوگرافیای شاخاویی کوردستان و خواردنی سروشتی و گژوگیا سەرشاخەکان و خۆراکی تەندروستی کوردەواری دەگەڕێتەوە.

لە شارەدێی زەڕین ئاوای سەر بە قەزای دیهلوڕانی پارێزگای ئیلامیش، پیرەپیاوێک بە ناوی حاتەم محەمەدی دەژی، کە تەمەنی 128 ساڵە. مام حاتەم 10 منداڵ و 27 نەوە و 22 نەوەزای هەیە و سەر بە هۆزی نەوکەرپیری ئیلامە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

لەوە سەیرتر، چەند ساڵ پێش ئێستا، ئەمین رەزایی، 140 ساڵەیی خۆی جێژن گرت کە تا ئەوکاتە هەشت منداڵ و 70 نەوە و نەوەزای هەبوو. ئەم پیرەپیاوە دانیشتووی گوندی جابرئەنساری سەر بە ئابدانانی پارێزگای ئیلامە لە رۆژهەڵات.

لە گوندی راهدانەی سەر بە شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتیش، پیاوێکی 132 ساڵە بەناوی عەباس مەنایی دەژی. ئەم پیاوە نهێنیی تەمەندرێژیی خۆی بۆ خواردنی دروستی کوردەواری دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "خواردنی تەندروست وای کردووە، تا ئێستا هیچ دەرمانێکی کیمیایی نەخۆم و نەخۆش نەکەوم".