لە ستایشی دایکانی زەبووندا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە ستایشی دایکانی زەبووندا

هەڵقەی (٣٩)


لەنێوان میهر و دڵڕەقیدا


خانەوادەکان یەکەمین دەزگا و کارگەن. بۆ ئەوەی کچان و کوڕانی خۆیان فێری ملکەچی بکەن، کە تیایدا باوکەکان شاهانە فەرمان دەردەکەن، کە بە ناوی خۆشەویستی و پەروەردە و پاراستنی نەریتە پیرۆز و باوەکانەوە؛ ژنەکان و منداڵەکانی خۆیان ماڵی و کەوی دەکەن، کە چۆنیان بوێت وا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن. هەڵبەت دایکەکانیش زەبوونانە ناچارن، کە وانەی گوێڕایەڵی و شەرم و ترس بە منداڵەکانی خۆیان بڵێنەوە، چونکە دایکەکان چاک دەزانن، ئەگەر کچەکان و کوڕەکان هەر هەڵە و کەتنێک بکەن، کە لە باری کۆمەڵایەتیدا مایەی شوورەیی و نەنگی بێت، پتر دەکەوێتە سەر ئەستۆی دایکەکان، نەک باوکەکان، چونکە وا باوە، باوکەکان لە دەرەوەن و رەنج دەدەن، تا نانێکی حەڵاڵ بۆ ژن و منداڵەکانیان پەیدا بکەن.

باوکی پاتریارک-رەفتار بەفیزەوە فەرمان دەردەکات، کە ئەم باشتر دەزانێت فەرزەندەکانی چی بکەن و چی نەکەن، هەڵبەتە لیستی داوا و خواستەکانی و هەم قەدەغە و بڤە و حەرامەکانی ئەوەندە زۆرن، کە هەستێکی وەها کوشندە دەدات بە ژنەکەی، یان ژنەکانی و کچەکان و کوڕەکانی، کە پتر خۆیان بە زیندانیی و کۆیلە بزانن، رێک وەک ئەو پەلەوەر و باڵندانەیان لێ دێت، کە لەناو قەفەزەکاندا رادێن، یان ئیدی پەڕوباڵیان دەکەن و ناتوانن بفڕن، یان وەک ئەو گیاندارە کێوییانەی، کە راو دەکرێن و رام دەکرێن، بۆ ئەوەی لە سێرکەکاندا بۆ زۆر گەمە و جووڵەی سەیر و سەمەرە هەر ئەوە بکەن، کە خاوەنەکانیان خواستیانە، لە باشترین حاڵەتدا، ماڵەکانی خۆیان دەکەن بە باخچەیەکی تەلبەندکراو و فەرزندەکان و جگەرگۆشەکانی خۆیان تیایدا لە ئاژەڵەکانی ناو ئەو باخچەیە بترازێ، هیچی دیکە نین.

کەواتە مەرجە گومان لە پیرۆزیی خانەوادە بکەین، کە منداڵەکانی وا ساز و ئامادە دەکات، کەسانی دەستەڵاتدار و پێگەدار بتوانن خراپ کەڵکیان لێ ببینن، چ سیاسەتبازێکی ستەمکار، یان مەزهەبزەدەیەکی تاریکپەرست، ژەنەراڵێکی تینوو بە خوێنڕشتن، یان هەر کەسێکی زاڵ لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و خێڵەکی و دینداری، زۆر بەئاسانی دەتوانن وەک گاڕان و مێگەل لێیان بخوڕن.

بەگوێرەی ئەو ئەزموونەی من وەک مامۆستا و سەرپەرشتیار لە بواری پەروەردەدا هەمە، رێژەیەکی یەکجار زۆر لە باوکان و دایکان، منداڵەکانیان ئازار دەدەن و بگرە سزایان دەدەن، ئەگەر لە دوا قۆناغی ئامادەییدا نەتوانن لەو بەش و کۆلێژە وەربگیرێن، کە خەونی خۆیان بووە نەک هی ئەوان، بەتایبەتی هەردوو کۆڵێژی ئەندازیاری و نوژداری، کە دەتوانین بڵێین سەدەیەکە ئەم دۆخە نەگۆڕاوە و تیایدا باوکان و دایکان هەڵبژاردەی خۆیان بەسەر کچەکان و کوڕەکانیاندا دەسەپێنن؛ کە خودی ئەم رەفتارە ستەم و چەوساندنەوەیە دەرهەق بەو نەوە تازەیەی، مەرجە خۆیان خاوەنی هەڵبژاردنەکانی خۆیان بن. هەمان خواست و داواش دووبارە دەبێتەوە، ئەو کاتەی دەگەنە تەمەنێک، کە تیایدا زەماوەند بکەن، دیسانەوە باوکان و دایکان دەبن بە خاوەنی (بەڵێ) و (نەخێر) بەرامبەر ئارەزووەکانی کچ و کوڕەکانیان، کە زۆر جاران بە شکست و تەنگژەی کۆمەڵایەتی کۆتایی دێت.

بە هەردوو باردا: چ بە ناوی خۆشەویستی و دڵسۆزی بێت، یان رێزگرتن لە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و نەریتە باو و ترادیشناڵەکان. باوان و دایان هەق بە خۆیان دەدەن، خۆیان لە هەموو کاروبارێکی کچە لاو و کوڕە لاوەکانیان هەڵبقورتێنن، لە شێوەی قژتاشینەوە بگرە تا هەڵبژاردنی پۆشاک و جلوبەرگ و کەوشەکانیان. باوکی من حەزی دەکرد ببم بە ئەفسەری پۆلیس، چونکە خۆی پۆلیس بوو، دیارە هەوڵێکی زۆری دا، بەڵام بە بیانووی ئەوەی، کە مەرجە ببم بە (بەعسی) خۆم لەم هەڵبژاردەیە قورتار کرد، چونکە خواستی من بەشی (زمان و ئەدەبی ئینگلیزی/ کۆلێژی زمان) بوو، هەر واش کەوتەوە.

کەواتە خانەوادەی پاتریارکی، کە تیایدا رۆحی نێرینەی زاڵ و خۆ بە پیرۆز-زان و خۆپەرست و نارسیستە، کە لەسەر ستەم و چەوساندنەوەی ئەندامەکانی خۆی بەردەوامی بە خۆی دەدات، بەتایبەتی لای خۆمان، هەرگیز ناتوانێت یەکسانی و دادپەروەری و سەربەستی و شکۆمەندی فەراهەم بکات. هەموو لێکۆڵینەوە و شیکارییە سایکۆلۆژییەکان هاوڕان، کە خودی خێزانی پاتریارکی یەکەمین کانگا و کارگەی خوڵقاندنی دکتاتۆرە، کە تیایدا گەمەی خوێناویی نێوان جەللاد و قوربانی درێژە بە ژیانێک دەدات، لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی، کە بەدرێژایی مێژوو بێجگە لە مەرگەسات و خەساندنی رۆڵەکانی خۆی بە مانا رۆحییەکەی، هیچ خەسڵەتێکی مرۆڤپەروەرانەی نەبووە، زاووزێی ستەم و جیاکاری و رەگەزپەرستی و نایەکسانی و بەندەواری تیایدا کۆنە و تا هەنووکە بەردەوامە.

زۆرینەی بزاڤ و قوتابخانە جیاوازەکانی فێمینستە رادیکاڵەکان و لێبڕاڵەکان و چەپگەرەکان بڕوایان بەوە هێناوە، کە ئەگەر دەستکاریی خانەوادەی ژێر چنگ و چەپۆکی پاتریارک نەکرێت و ئەو پێکهاتە هایرارکی و قووچەکییە هەڵنەوەشێتەوە، کە لەسەر خانەبەندیی سەردەستەیی نێرینەکان بەسەر مێچکەکاندا بناغەی داکوتاوە، کە تیایدا وەهمێکی ترسناک هەیە، کە نێرینەکان هۆشیار و فامیدەن و مێینەکان ناکامڵ و کەمئاوەز و عەقڵ سست و ئیمان لەرزۆکن، بەم ستراکتۆر و روانینە نێرسالاری و خۆسەپێنەرە ناتوانین باس لە خۆشبەختی و شکۆمەندی و یەکسانی بکەین، ژنان و پیاوانی هۆشیار و یەکسانیخواز بڕوایان وایە، کە بەم روانین و پێکهاتەیە کە تیایدا پێگەی بەرز و نزم هەیە، بازووی بەهێزی پیاوان لە بەرامبەر بێدەماری و ماسوولکەیی ژنان، کە وێنەی بوونەوەری (زەعیفە) و نێچیر و فریوخواردوویان دەدرێتێ، خودی ئەم روانینە وا دەکات، کە خانەوادەی پاتریارکی ببێت بە دۆزەخ و خودی نێرینەکانیش بێجگە لە بەدبەختی هیچی دیکە نادروونەوە.

هەر خودی ئەم هەقیقەتەی سەرەوە وای کردووە، کە داوا بکرێت لە رێگەی پەروەردەی تازە و مرۆڤدۆستانە و یەکسانیخوازەوە، وا بکەین ئیدی نەوەی تازە لەسەر ئەم روانینە چەوت و نامرۆییە پەروەردە نەکرێن، کە مەرجە لە باخچەی ساوایانەوە دەست پێ بکەن، کە دەکرێت بە نموونە هەوڵێکی وا لە وڵاتانی (سکەندەنافی) لەتەک هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپایی دەستی پێکردبێت. گەرچی خودی رۆحی زاڵی پاتریارک لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و مەزهەبزەدەیی و سەرمایەگوزاری وای کردووە، کە تا هەنووکە ئەو ترس و گومانە هەبێت، کە لەسەر ئاستی هەموو دونیادا رەگەزپەرستی و جیاکاری لەسەر بنەمای سێکسواڵی و ژێندەری و نایەکسانی پەیڕەو دەکرێت، کە زادەی پلەبەندیی چینایەتییە، کە بێدادی خەسڵەتی سەرەکیی نێو ئەو وڵاتانەشە لە رۆژئاوا، کە لاف و گەزافی پێشکەوتن لێ دەدەن.

خودی خۆبەستنەوە بەو روانینەی لای ئێمە جێگیرە و بووە بە هەقیقەت، کە نێرایەتی و پیاوەتی بە مانا هەژموونگەرایی و خۆپەرستی و نارسیستییەکەی کاریگەریی نەرێنیی ترسناکی بەجێ هێشتووە، کە تیایدا خودی پیاوەکان زێدە بەدبەخت ببن، لەپای ئەوەی بوونەتە مایەی خۆئازاردان و هەم ئازاردانی رەگەزی بەرامبەر، کە ئەوانیش ژنان و دایکان و خوشکان و کچان و یار و یاوەرەکانی خۆیانن، بە واتا مەرگی هارمۆنیا و جوانی و خۆشەویستی لەنێوان ئەو دوو کۆنە فریشتەی ناویان (ئادەم) و (حەوا)یە، کە بە هۆی گوناهێکەوە یان رۆحی یاخیگەرانەوە بەهەشتیان دۆڕاند، بەڵام لەناو لانەی دووەمیاندا، کە ئەم ئەستێرە جوانەیە، نەیانتوانیوە شاد و شکۆمەند بن.