روانین بۆ کۆمەڵایەتیبوونی کوردی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

روانین بۆ کۆمەڵایەتیبوونی کوردی

ئاخاوتن لەبارەی پرۆسێسی کۆمەڵایەتیبوون لای کورد، هێشتا لەبەردەم گوماندایە، بە مانایەکی تر، هێشتا لەڕووی زانستییەوە ئەوە یەکلا نەبووەتەوە، ئایا کورد وەکوو پێکهاتەیەکی ئیتنیکی لە جووڵەیەکی بەردەوام و فرەئاراستەی ئەوتۆدا بووە، کە پرۆسێسی کۆمەڵایەتیبوون لەدەرەوەی بنەما میتافیزیکییەکان تیایدا رووی دابێت. ئاشکرایە چەمکی میتافیزک هەندێ پێوانەی تایبەتی هەیە و لەسەر ئەو بنەمایانە دەڕوانێتە نەتەوە و ئیتنیک و پێکهاتەکان و لەسەر ئەو بنەمایەش کەسێتیی نەتەوە و گەلان و کولتوورە جیاوازەکان دیاری دەکات، کە ئەو بنەمایەش جێگیرە و لە روانگەی ئەم چەمکەوە وەکوو پێوانە دادەنرێت، کە پشتی پێدەبەسترێت و لەسەر ئەو بنەمایەش شوناسی نەتەوە و گەلان و کولتوورەکان دیاری دەکرێت. ئەوەش بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرج و بارودۆخە کۆمەڵایەتی و ئابووری و مێژوویی و فیکرییەی، کە ئەو پێکهاتەیەی تێدا دەژی.

ئەمەش مانای ئەوەیە، کە چەمکی میتافیزیک دەڕوانێتە پێکهاتە ئیتنیکی و نەتەوەیی و کولتوورییەکانی دابڕاو لەو ژینگە و واقیعەی تێیدا دەژین و تێیدان. تەنانەت بە جۆرێک سەیری شێوەی ژیان و ئامادەبوون و تەنانەت داهاتووی ئەو پێکهاتانەش دەکات، کە دابڕاوە لەو زەمینە و ژینگە و بارە کۆمەڵایەتی و ئابووری و مێژوویی و فیکرییەی، کە ئەو پێکهاتەیەی تێدایە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە ئەم چەمکە روانینە بۆ پێکهاتەکان سەیری مادەی خاوی بوون دەکات، بە بێ لەبەرچاوگرتنی رۆڵی ژینگە و بارودۆخ و هەلومەرجە جۆراوجۆرەکان لەسەر ئەو گەوهەر و پێکهاتە جێگیرەی ئەو بڕوای پێیەتی.

واتە بە ڕوونی لە خوێندنەوەی مێژووی پەرەسەندنی کومەڵایەتی و پرۆسێسی کۆمەڵایەتیبووندا، ئەم چەمکە، بوونە جێگیرەکان، کە مادەی خاویبوونن، یان وەکوو گەوهەریبوون سەیر دەکرێن، لە واقیع و لە کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری ناو واقیع جیا دەکاتەوە و تەنانەت وەکوو بوویەکی تەواو سەربەخۆ و خاوەن شوناس سەیریان دەکات، ئەویش بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو بنەمایانەی، کە بوون و ئامادەبوونی کۆمەڵایەتی دەسەلمێنن. واتە دیاریکردنی شوێن و پێگەی بوویەکی ئیتنیکی، نەتەوەیی، کولتووری دیاری دەکرێت، لەدەرەوەی پێوانەی ئامادەبوون و بەشداریکردن لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی گشتیی مرۆڤایەتیدا، کە مەبەست بەرهەمهێنانی شارستانێتیی مرۆڤایەتی و بنیاتنانە، کە ئاشکرایە بەبێ پەرەسەندن و گەیشتنی کۆمەڵایەتیبوون بە ئاستێکی دیاری گەشەکردن، ناشێت گەوهەر، یان پێکهاتەی جێگیر، کە لەدەرەوەی گۆڕانکارییە، هیچ بەشدارییەکی لەو بەرهەمهێنانەدا هەبێت.

ئاشکرایە پرۆسێسی کۆمەڵایەتیبوون لەوەی ناو دەبرێت بە کۆمەڵگای کوردی، لەڕابردووەوە تاکوو ئێستاش لاواز و ناسروشتییە و شێوەی کۆمەڵایەتیبوونی نەیتوانیوە فۆرمێکی ئەوتۆ بە خۆی ببەخشێت، کە ئەم پێکهاتەیە لە جۆری پێکهاتەیەکی سەرەتایی، یان پێکهاتەیەکی قۆناغی پێش نووسینەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی بەلایەنی کەمەوە، مامناوەندیی پەرەسەندن و کۆمەڵایەتیبوونەکەی، لە چوارچێوە و فۆرمی کۆمەڵایەتیبوونی ژێر کاریگەریی فاکتەری غەریزە و رۆحەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵایەتیبوونی ژێر کاریگەریی عەقڵ و هوشیاری، کە ئاشکرایە لە هەردوو قۆناغەکەشدا پێداویستی هۆکاری سەرەکییە، بەڵام لەگەڵ بوونی جیاوازیی لە هەریەکەیاندا، کە لە یەکەمیاندا پێداویستیی خۆپاراستن و مانەوەیە، بەڵام لە دووەمیاندا پێداویستیی بەمرۆڤبوون و بەشارستانیبوونە.

بەشێک لەو تاکەکەس، یان دەستە و گرووپ و پارتە سیاسییانەی لە مێژووی نوێدا، لەبەر دواکەوتوویی و سادەیی عەقڵ و تێگەیشتنی کوردی، وەکوو رابەر، یان دەستە و گرووپ و پارتی ناسیونالیزمی کوردی ناو دەبرێن، ئەوانەن لە روانگەی چەمکی میتافیزیکەوە سەیری کوردیان کردووە و لەو روانگەیەشەوە زۆربەی پێکهاتە ئیتنیکی و نەتەوەیی و کولتوورییەکان هاوشێوەن، لەکاتێکدا ئەم چەمکە پشت بە مادەی خاوی پێکهێنەری ئەو پێکهاتانە دەبەستێت لە ئیتنیک و زمان و خاک و مێژووی هاوبەش و دابونەریت و....تاد.

بە مانایەکی تر، پشتبەستن بە رەگەزە خاوەکانی چەمکی کلاسیک بۆ نەتەوە، لەدەرەوەی پرۆسێسی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و بەبێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ و هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابووری و مێژوویی و فیکری، مانای روانین بۆ پێکهاتە ئیتنیکی و نەتەوەییەکان وەکوو ئەوەی دروست بوون و هەن و گەوهەرێکی جێگیر و نەگۆڕیان هەیە، بەبێ رەچاوکردن ئەوەی بە کام پرۆسیسی کۆمەڵایەتیبووندا تێپەڕییون و چ گەشەکردن و پەرەسندنێکیان بە خۆیانەوە بینیوە و سەرەنجام ئاستی کۆمەڵایەتیبوونیان بە کوێ گەیشتووە.

ئەم روانینە بۆ هەموو پێکهاتە ئیتنیکییەکان هاوشێوەیە و بوویەکی بێ جووڵە و لە شوێنی خۆدا راوەستاوی دەوێت. سەرەنجام ئەو پێکهاتەیە گۆڕانکاریی وەهای تێدا روو نادات، چونکە لە لایەک فاکتەرە ناوخۆییەکانی گۆڕانکاری، کە پێویستیان بە هێزی جووڵێنەری ناوەوە و دەرەوە هەیە، سەرباری بوونی هێزی جووڵێنەری ناوەوە، هێزی جووڵێنەری دەرەوەی پێویستیان نییە بۆ خستنەجووڵەی ناوەوە، کە مەبەست لە هێزی جووڵێنەری دەرەوە بارودۆخی بابەتی و رۆڵی دەستەبژێر و دەستە و گرووپ و تەنانەت تاکەکەسی کاریزمیشە. لە بارێکی وەهاشدا لە رووی راستییەوە، کە جووڵە نەبێت، مانای وایە هیچ رووداوێک بوونی نابێت.

ئاشکرایە شتێک نییە بە ناوی مێژوو بەبێ رووداو و بەبێ ئەو بکەرەی رووداوەکە دروست دەکات. لە رووی راستییەوە هەر بوونێک لەم بارەدا بێت، تەنیا بوونێکە وەکوو مادەیەکی خاو و هێشتا هیچی لێ دروست نەبووە. هیچ بە مانای بوویەکی ئامادە و خاوەن شوناس. ئامادەبوون لە رووی کۆمەڵایەتییەوە بریتی نییە لە بوویەکی جێگیر لە شوێندا، یان لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا و بە زمان و مێژوو و داب و نەریت و بەرژەوەندیی هاوبەشەوە. بەڵکوو ئامادەبوون لە بەرهەمهێنان و پێشکەشکردندا پێناسە دەکرێت، کە ئەوەش دەرەنجامی پرۆسێسێکی کۆمەڵایەتیبوونی بەردەوام و هەمیشە لە گۆڕاندایە لەگەڵ رەوتی ژیاندا، واتە کۆمەڵایەتیبوون بەرهەم یان دەرهاوێشتەی دوو جۆر جووڵەیە، جووڵەیەک لەناو خودی ئەو پێکهاتەیەدا، کە ملکەچی یاساکانی پەرەسەندنە، جووڵەیەک لەو ژینگە و بارودۆخ و هەلومەرجانەدا، کە دەوری ئەو بووەیان داوە و بەو پێیەش تایبەتمەندیی هەر پێکهاتەیەکی ئیتنیکی یان نەتەوەیی، دەرئەنجامی گۆڕانکارییە مێژووییەکانی پەیوەست بەو پێکهاتەیە.

ئەگەر پرۆسێسی کۆمەڵایەتیبوون لاواز بێت، ئەوا جووڵەی ناوەوە، کە کاریگەریی ژینگە و بارودۆخ رۆڵی گرنگی دەبێت لە دروستکردن و چالاککردنیدا دروست نابێت. کاتێک بوویەک لە سنوورێکی تەسکی بووندا تەنیا وەکوو گەوهەرێکی جێگیر بوونی هەبێت، ناتوانێت لەگەڵ جووڵە و گۆڕانکارییەکانی دەرەوەیدا، یان ژینگەکەیدا هیچ کارلێکێکی بەرهەمهێن بکات و تەنانەت ئەگەر لە ژینگەکەیدا گۆڕانکاریی بەردەوام و جووڵەی بەردەوامیش هەبن، ئەم گەوهەرە جێگیرە لە گۆشەگیریدا دەمێنێتەوە و لە باشترین باریدا لە دەرەوەی پەرەسەندن، جووڵەیەکی رووکەشی نابەرهەمهێنی دەبێت، کە کۆمەڵگای کوردی نموونەیەکی زیندووی ئەم شێوازەی بوون و ئامادەبوونە.

واتە بەئاشکرا دیارە، کە ئاستی کۆمەڵایەتیبوونی کوردی و بەو پێیەش ئاستی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی بەدرێژایی مێژووی تۆمارکراو زۆر لاواز بووە و کورد وەکوو بوو یان گەوهەرێکی جێگیر ماوەتەوە و لەبەر رۆشنایی ئەو بۆچوونەشدا دەتوانین بڵێین، کە ناوهێنانی پێکهاتەی کوردی وەکوو کۆمەڵ و کۆمەڵگا جێگای پرسیارە، هەر ئەوەش وای کردووە، کە هێڵێکی ئاشکرای دیاری پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی لە مێژووی ئەم پێکهاتەیەدا نەبینرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش، تەنانەت قۆناغەکانی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی تێکەڵوپێکەڵ بن و شێوازی بەرهەمهێنان و سیستێمی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانیش تێکەڵوپێکەڵ و بێ شوناس بن و هەر بەو پێیەش نە چینە کۆمەڵایەتییەکان و نە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و نە شێوازی بەرهەمێنان و نە کولتوورو نە عەقڵی هیچ قۆناغێک بە سروشتی دروست نەبوون و دەرنەکەوتوون، تا بەو پێیەش هەر قۆناغە بکەری رووداو و دروستکەری کۆمەڵایەتیی خۆی بەرهەم بهێنایە.

بە هەمان پێوانە، ناسیونالیزمیش لە قۆناغی سروشتی و تایبەتی خۆیدا دروست بووبووایە و وەکوو بکەری قۆناغەکەی خۆی ئەرکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی خۆی جێبەجێ بکردایە. لێرەوە رووبەڕووی تەنیا بۆچوونی هەندێ لە نووسەرانی کورد نابینەوە، کە بێ ئەوەی هیچ تایبەتمەندییەکی کوردی ببینن، وەها باسی کورد و ناسیونالیزمی کوردی دەکەن، وەکوو ئەوەی، کە هاوشێوەی ناسیونالیزمی هەر نەتەوە، یان کۆمەڵگایەکی ئاسایی بێت لە جیهاندا. بەڵکوو زۆرینەی کوردناسانیش سەرنجیان لە تایبەتمەندیی ئەم پێکهاتەیە نەداوە و کاتێ لەبارەی کوردەوە دەدوێن، لەبری کۆمەڵگا و شێوازی پەرەسەندنی و ئاستی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و شێوازی بەرهەمهێنان و ململانێ کۆمەڵایەتییەکان و سیستێمی ئابووری، کورد وەکوو کۆمەڵگایەکی سیاسی پێشکەش دەکەن، کە تەنیا یەک کێشەی هەبێت، ئەویش کێشەی ژێردەستەیی و نەبوونی ئازادییە.

ئاشکرایە ئەمەی بە کۆمەڵگای کوردی ناو دەبرێت، گرفتی تەنیا لەو ژینگە و بارودۆخ و هەلومەجانەدا نییە، کە تیایدا دەژی، یان دەوری داوە، بەڵکوو وا پێدەچێت بە ڕێژەیەک گرفتی لە گەوهەر، یان لە مادەی خاوی پێکهێنەریدا هەبێت و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سروشتی کۆمەڵایەتیبوون و بارودۆخی مێژوویی و ئابووری و فیکریش کاریگەریی ئاشکرایان لەسەری هەبێت. ئەمە بێجگە لە کاریگەریی دەرەوەیی وەکوو جەنگ و کۆچکردن و پەیوەستنەبوون بە خاکەوە و عەقڵیەتی تەنیا بەشی خۆکردن لە بەرهەمهێناندا. لەبەرچاونەگرتنی هەموو ئەمانە و نیشاندانی کورد وەکوو پێکهاتەیەکی ئاسایی، کوردی بە هیچ کوێیەک نەگەیاندووە، بەڵکوو بووەتە مایەی خۆنەناسینی زیاتر لە لایەن کورد خۆیەوە و بەو پێیەش نەزانینی ئەوەی، کە کێشەی سەرەکیی ئەو چییە و چی دەوێت و پێویستە چی بکات.