نوێنەری سەرۆكی حكوومەت کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ بەرپرسانی كارگێڕیی پارێزگای هەولێر ئەنجام دا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

نوێنەری سەرۆكی حكوومەت کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ بەرپرسانی كارگێڕیی پارێزگای هەولێر ئەنجام دا

 سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وەك نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت و جێگری پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ سەرجەم بەرپرسانی كارگێڕی و ئەمنی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجام دا و تیشکی خستەسەر ئەوەی بە هەمان ڕوحییەت و دڵسۆزی و لەخۆبردوویەوە لەسەر ڕێگای د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری كۆچكردوو بەردەوامی بەکارەکان بدرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە 22/11/2020،  بە سەرپەرشتی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ سەرجەم قایمقام و بەرپرسانی ئەمنی و بەڕێوەبەرەگشتییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجام دا، لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕای گەیاند: "لەدەستدانی د.فەرسەت سۆفی، خەسارەتێکی گەورە بوو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەک بەتایبەتی شاری هەولێر، گیانلەدەستدانی هەموومانی خەمبار و تازیەبارکرد"

هەروەها باسی لەو هەنگاو و کارانە کرد کە پارێزگاری کۆچکردوو لەبەرنامەی کاریدا بوون بۆ خزمەتکردن و گەیاندنی خزمەتگوزاری بەهاوڵاتییانی شاری هەلێر، لەوبارەیەوە دووپاتی كردەوە، پێویستە لەمەودوا بەهەمان ڕوحییەت و دڵسۆزی و لەخۆبردویەوە لەسەر ڕێگای خوالێحۆشبوو بەردەوامی بەکارەکان بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش "وەک سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەین هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکتان پێشکەش بکەین، گرنگ ئەوەیە بەهەموولایەکمان نەهێڵین هیچ کەلێنێک لەکارەکان دروست بێت".

دواتر هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت، سوپاس و ستایشی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کرد، بۆ هەموو ئەو پاڵپشتی و هاوکارییەی کە لە ڕابردوو و لەئێستادا لە پارێزگای هەولێر کردوویانە، وەکوو تیمی پارێزگا و تەواوی یەکە ئیدارییەکان و سەرجەم فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای هەولێریش "دڵنیایی دا هەروەک چۆن لەڕابردوودا شانبەشانی خوالێخۆشبوو د.فەرسەت سۆفی کارەکان ڕایی کراون، بۆلەمەودواش وەک یەکتیم هەموو هەوڵەکانی خۆمان دەخەینە گەڕ و  بەهەمان دڵسۆزی و شەونخونی و گەرم و گوڕییەوە کار دەکەین بۆ درێژەدان بە پلان و کار و بەرنامەکانی د. فەرسەت سۆفی و گەیاندنی خزمەتگوزاری و خزمەتکردنی هاوڵاتییانی پایتەختی هەرێمی کوردستان و ڕێگەنادەین هیچ کەلێنێک لەکارەکاندا ڕوو بدات".