پرسی مووچه‌ له ‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پرسی مووچه‌ له ‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا

 

ئه‌ركی هه‌ریه‌ك له‌ هه‌رێم و به‌غدا له‌ پرسی دابینكردنی مووچه‌ و خه‌رجییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، پرسی خه‌رجكردنی مووچه‌ی موچه‌‌خۆرانی هه‌رێم ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، ئه‌و دوو ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییانه‌ن، كه‌ له‌م وتاره‌دا به‌كورتی سه‌رنجیان ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر:

یه‌كه‌م/ ئه‌ركی هه‌رێم و به‌غدا له‌ پرسی دابینكردنی مووچه‌دا:

هه‌رێم به‌بێ وه‌رگرتنی پشك و شایسته‌ داراییه‌كانی له‌ به‌غدا، ناتوانێت ‌ئه‌رك و پابه‌ندییه‌ داراییەکان جێبه‌جێ بكات، كه‌ سه‌ره‌كیترینیان مووچه‌یه‌، ئه‌مه‌یش شتێكی نامۆ و نائاسایی نییه و‌ هیچ هه‌رێمێك له‌ناو ده‌وڵه‌تی فیدراڵیدا ناتوانێت له‌ ڕووی داراییه‌وه‌ به‌ ته‌واوی بێباك بێت له‌ حكوومه‌تی فیدراڵی، به‌تایبه‌تیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و حكوومه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی دراو و نه‌خت و قه‌رزی گشتی و بازرگانیی ده‌ره‌كی، قۆرغ کردوون.

عێراق خۆی به‌درێژایی ساڵانی ڕابردوو، هه‌ر به‌ پشتبه‌ستن به‌ قه‌رز و یه‌ده‌گی نه‌ختی توانیویه‌تی مووچه‌ و خه‌رجییه‌كانی دابین بكات، چونكه‌ هه‌میشه‌ بودجه‌كه‌ی به‌ كورتهێنان ئاماده‌ كردووە و كورتهێنانه‌كه‌ی به‌ قه‌رزكردن پڕ كردووه‌ته‌وه‌، قه‌رز و یه‌ده‌گیش به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌ی به‌شداریكردنی نه‌وت و داهات و پشكی بودجه‌ن و پێویسته‌ به‌بێ مه‌رج هه‌رێم لێیان سوودمه‌ند بێت، ئێمه‌ ئه‌وه‌مان له‌ وتارێكی تردا به‌درێژی ڕوون كردووه‌ته‌وه‌ (بڕوانه‌ https://www.kurdistan24.net/so/opinion/8e1e758c-63f5-4208-9a0a-044f0df52c5e).

نه‌ك هه‌ر ته‌نیا هه‌رێم و به‌غدا، به‌ڵكو ته‌واوی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و پێشكه‌وتووانه‌ی، كه‌ ڕووبه‌ڕووی كورتهێنانی دارایی ده‌بنه‌وه‌، به‌بێ پشتبه‌ستن به‌ قه‌رزی گشتی و یه‌ده‌گی نه‌ختی، ناتوانن كورتهێنانه‌كانیان پڕ بكه‌نه‌وه‌ و پاره‌ی پێویست بۆ خه‌رجییه‌كانیان دابین بكه‌ن.

هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا و یابان و چین و ده‌یان ده‌وڵه‌تی تریش، هه‌ر له‌ رێگه‌ی قه‌رزی گشتی و پشتبه‌ستن به‌ یه‌ده‌گی نه‌ختییه‌وه‌ كورتهێنانه‌ گه‌وره‌كانیان پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌ و پارەی پێویست بۆ حكوومه‌ت و بازاڕ ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن، هیچ یه‌ك له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یش به‌بێ سوودمه‌ندبوون له‌ قه‌رزی گشتی و یه‌ده‌گی نه‌ختی، ناتوانن ئه‌رك و پابه‌ندییه‌ داراییه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن و مووچه‌ی مووچه‌خۆرانیان خه‌رج بكه‌ن، به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ هیچ ده‌وڵه‌تێكدا هه‌رێمه‌كان له‌ سوودی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی قه‌رز ‌گشتییه‌كان و یه‌ده‌گ بێبه‌ش ناكر‌ێن، جگه‌ له‌ عێراق، چونكه‌ ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ڕێسایه‌كی ده‌وڵه‌تدارییه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ سیسته‌می فیدراڵیدا.

ئه‌ركی راسته‌خۆی دابینكردنی مووچه‌ له‌ هه‌رێم له‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی هه‌رێمدایه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی فیدراڵیدایه‌، به‌پێی مادده‌ی (121)ی ده‌ستوور، بریتییه‌ له‌ ته‌رخانكردنی پشكێكی دادوه‌رانه‌‌ له‌ بودجه‌ی عێراق بۆ هه‌رێم، كه‌ به‌شی پێویستییه‌كانی و ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانی بكات، به‌ ڕه‌چاوكردنی داهاته‌كانی و پێویستییه‌كانی و ڕێژه‌ی دانیشتوانی، له‌گه‌ڵ به‌شداركردنی هه‌رێم له‌ سوودی به‌كارهێنانی قه‌رز و یه‌ده‌گ.

واته‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی فیدراڵیدایه،‌ به‌ر له‌ هه‌ر شتێك ناردنی پشكی بودجه‌ و به‌شداركردنی هه‌رێمه‌ له‌ سوودی قه‌رزی گشتی و یه‌ده‌گی نه‌ختی‌، ئه‌وه‌ی له‌و ڕووه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمیشه،‌ به‌شداریكردنیه‌تی له‌ پێكهێنانی داهاتی گشتیی عێراق به‌و ڕێژه‌ و ڕێكارانه‌ی، كه‌ ڕێككه‌وتنیان له‌سه‌ر ده‌كرێت و له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ده‌ستووردا ده‌گونجێن.

كێشه‌كانی تایبه‌ت به‌ نه‌وت و به‌شداریی له‌ داهاته‌كان، هیچ كات به‌ بڕینی پشكی بودجه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێن، چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ داهێنراو و هه‌ڵه‌یه‌ی عێراق تاقی ده‌كرێته‌وه‌ و شكسته‌كه‌ی دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌. ده‌وڵه‌تانی فیدراڵی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ داراییه‌كانیان ڕێگه و ڕێكاری تر ده‌گرنه‌ به‌ر و هیچ كات بڕینی پشكی بودجه‌ به‌ چاره‌سه‌ر نازانن.

دووه‌م/ خه‌رجكردنی مووچه‌ی مووچەخۆرانی هه‌رێم ‌ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌:

جارێكی تر ختووكه‌دانی جه‌ماوه‌ر ده‌ستی پێكردووه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵمه‌ت و بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ كار بكرێت بۆ گواستنه‌وه‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم بۆ سه‌ر به‌غدا، ئه‌مه‌ زیاتر له‌ هه‌موو شتێك بانگه‌شه‌یه‌كی ساده‌ و سۆزباو و ڕواڵه‌تییه‌، ڕووپۆشی گوتارێكی پۆپۆلیستییه‌، چونكه‌ له‌ناواخندا دژه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێراق و سیسته‌می فیدراڵی و پێگه‌ی ده‌ستووریی قه‌واره‌ی هه‌رێم و خواستی زۆرینه‌ی هاووڵاتییانی هه‌رێم.

به‌پێی ده‌ستووری عێراق، به‌تایبه‌تیش ماده‌كانی 117و 115 و 121، هه‌رێم قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌ له‌ناو ده‌وڵه‌تی فیدراڵی عێراق و حكوومه‌تی فیدراڵی مامه‌ڵه‌ی فه‌رمی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانیدا ده‌كات. ئه‌م ده‌ستووره‌ و پره‌نسیپه‌كانی فیدراڵیه‌تی دارایی، ڕێگه‌ به‌ ده‌ستتێوه‌ردان و هه‌نگاوێكی له‌و جۆره ‌ناده‌ن.

جگه‌ له‌ ڕێگرییه‌ ده‌ستوورییه‌كان، زه‌مینه‌ی واقیعی و ڕێگرییه‌ دارایی و كارگێڕییه‌كانیش هیچ كات ڕێگه‌ به‌ كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ ناده‌ن.

دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران پرۆسه‌یه‌كی دینامیكییه‌ و وه‌ك دابه‌شكردنی مینحه ‌و مووچه‌ی نه‌گۆڕی هه‌ندێ چین و توێژی تر نییه‌، تاكو بتوانرێت له‌ ڕێگه‌ی كارتی زیره‌كه‌‌وه‌، ته‌نیا به‌ ته‌مویلكردنی بانكه‌كان دابه‌ش بكرێت، كاره‌كه‌ ته‌نیا به‌ كردنه‌وه‌ی هه‌ژمارێكی بانكی بۆ فه‌رمانبه‌ران كۆتایی نایه‌ت، وه‌ك هه‌ندێك کەس باسی ده‌كه‌ن.

بێ گومان بانكه‌كان هیچ كات به‌ سه‌رمایه‌ و كاشی به‌رده‌ستی خۆیان ئاماده‌ نین مووچه‌ بده‌ن، به‌ڵكو ده‌بێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه‌ پاره‌دار بكرێن، ئایا به‌غدا مانگانه‌ ئاماده‌یه‌ لانی كه‌م هه‌شت سه‌د ملیار دینار له‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه‌، له رێگه‌ی بانكه‌كانه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ سه‌ر هه‌ژماری مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم؟ ئایا به‌غدا له‌ ڕێگه‌ی گه‌نجینه‌ و فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كات؟ بێ گومان نه‌خێر.

گریمان به‌غدا باز به‌سه‌ر به‌ربه‌سته‌ ده‌ستووری و یاسایی و داراییه‌كانی ده‌دات و ویستی كاره‌كه‌ی هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كارێكی له‌و جۆره‌ بكرێت، پێویسته‌ سه‌ره‌تا حكوومه‌تی به‌غدا چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و لقێكی گه‌نجینه‌ له‌ شاره‌كانی هه‌رێم بكاته‌وه‌، كه‌ سه‌ر به‌ گه‌نجینه‌ی گشتی بن له‌ به‌غدا، له‌ رێگه‌ی تۆڕێكی كارگێڕییه‌وه‌ فه‌رمانگه‌كان و گه‌نجینه‌كان و بانكه‌كان پێكه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بانكانه‌ له‌ رووی كارگێڕییه‌وه‌ سه‌ر به‌ به‌غدا بن، ده‌بێت یان بانكه‌كانی هه‌رێم له رووی كارگێڕیشه‌وه‌ بچنه‌ سه‌ر به‌غدا، یان بانكه‌كانی عێراق چه‌ند لقێكیان له‌ هه‌رێم بكه‌نه‌وه‌.

بۆ خه‌رجكردنی مووچه‌، مانگانه‌ ده‌بێت وه‌زاره‌تی دارایی به‌غدا ڕه‌زامه‌ندی بدات، فه‌رمانگه‌كان لیستی مووچه‌كانیان بنێرن بۆ گه‌نجینه‌كان بۆ وردبینی، له‌سه‌ر بنه‌مای لیستی وردبینیكراوی هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ك، چه‌ك و نووسراوی ته‌مویل و فه‌رمانی خه‌رجكردنی مووچه‌ بۆ بانكه‌كان بنێردرێت. بێ گومان لیستی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران لیستێكی گۆڕاوه‌ و مانگانه‌ گۆڕانكاریی زۆری تێدا ده‌كرێت، ئایا گه‌نجینه‌كان و وه‌زاره‌تی دارایی به‌غدا دان به‌و گۆڕانكارییا‌نه‌دا ده‌نێن، كه‌ ‌فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌نجامی ده‌ده‌ن؟ یان ده‌بێت بۆ هه‌موو دامه‌زراندن و گواستنه‌وه ‌و سه‌رمووچه‌ و مۆڵه‌ت و گه‌ڕانه‌وه‌ و گۆڕانكاریی ده‌رماڵه‌ و هه‌ر گۆڕانێكی تر بۆ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك، ره‌زامه‌ندیی به‌غدا وه‌ربگیرێت؟ ئه‌ی لێره‌دا ڕۆڵ و پێگه‌ و بوونی حكوومه‌تی هه‌رێم چۆن لێك دەدرێته‌وه‌؟.

ئه‌م جۆره‌ بیرۆكانه‌ له‌ناواخنیاندا ئه‌وه‌نده‌ بێ بنه‌ما و هه‌ڵگری‌ ناكۆكی و نه‌گونجاوی و دژیه‌كین، كه‌ هیچ كات شیاوی ئه‌وه‌ نین بكرێنه‌ بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ و بژارده‌ی كار له‌سه‌ركردن، ئه‌وه‌ندە مه‌یلی ناوه‌ندگه‌راییانه‌یان تێدایه‌‌‌، ئه‌وه‌نده‌ كاتیان به‌سه‌ر چووه‌، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌یش شیاو نین له‌ناو یه‌ك پارێزگاشدا بخرێنه‌ گه‌ڕ، نه‌وه‌ك له‌ناو ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵیدا.