كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێک: پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى 2021 پشت بە رێککەوتنى هەولێر و بەغدا دەبەستێ

ئەندامێکى کوردی لێژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژە یاساى بودجەى 2021ى عێراق پشت بە رێککەوتنى نێوان هەردوولا دەبەستێ، بۆیە پێویستە بە زووترین کات رێککەوتنێکى نوێ ئەنجام بدرێ.

شێروان میرزا، ئەندامى لێژنەى کاروبارى دارایی و ئابوورى پەرلەمانى عێراق بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "پێویستە بە زووترین کات رێککەوتنێکى نوێ لە نێوان هەردوو حکوومەتى هەرێم و بەغدا ئەنجام بدرێ، چونکە پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژە یاساى بودجەى گشتى عێراق بۆ ساڵى 2021 پشت بە رێککەوتنى نێوان هەردوولا دەبەستێ، ئەو 320 ملیار دینارەى کە مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێ بەپێى رێککەوتنى هەردوو حکوومەتە بۆ ساڵى 2020".

راشیگەیاند: "ئەگەر رێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا واژوو بکرێت، ئەوا رێککەوتنەکە دەبێتە بڕگەیەک لە پڕۆژە یاساى بودجە و لە پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر دەدرێت و بە یاسا پشکى هەرێمی کوردستان لە بودجەى گشتى عێراق جێگیر دەکرێ".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" کاتێکى کەم ماوە لەبەردەم پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەى بودجە، بۆیە وا باشترە کە پەلە بکرێت لە هاتنى شاندى هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و هەرچى زووە ئەو بابەتە بەپێى رێککەوتنێکى نوێ یەکلابکرێتەوە".