پەرلەمانتارێكی گۆڕان لە بەغدا: هەوڵی دابەشكردنی مووچە لە بەغداوە نەزۆكە و سەرناگرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێكی گۆڕان لە بەغدا: هەوڵی دابەشكردنی مووچە لە بەغداوە نەزۆكە و سەرناگرێت

“حكوومەتی عێراق لەم بابەتەدا مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات”

ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند كە هەوڵی دابەشكردنی ڕاستەوخۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە، هەوڵێكی “نەزۆكە و سەرناگرێت”.

بەهار مەحموود، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی پڕۆژەی چەند پەرلەمانتارێكی كوردی نەیاری هەرێمی كوردستان و هەندێك لە شۆڤێنییەكانی پەرلەمانی عێراق لە دژی هەرێمی كوردستان بە پاساوی دابەشكردنی ڕاستەوخۆی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن بەغداوە، ڕای گەیاند: “لەگەڵ ڕیزی زۆرم بۆ ئەو هاوكارانەم كە ئەو هەوڵە دەدەن، بەڵام من وەک کەسێکی یاسایی پێموایە ئەم هەوڵە نەزۆکە و سەرناگرێت”.

ڕوونیشی كردۆتەوە كە بەپێی ماددەكانی ١١٧ و١٢١ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، بابەتی مووچە کاری حکوومەتی هەرێمی كوردستانە، هەروەها “لەبەر ئەوەی بابەتێکی داراییە، پەرلەمان ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەت بڕیاری لێ بدات، واتە دەبێ حکوومەت ڕازی بێت بەم هەنگاوە”.

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان پرسیاری ئەوەی كردووە ئاخۆ حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق لەم کاتی قەیرانی داراییەدا ڕازی دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەبێ هیچ بەرامبەرێك لە حکوومەتی هەرێمەوە دابەش بكات؟ “بە بۆچوونی سادەی ئێمە، حکوومەت ئامادەی کارێکی لەم جۆرە نییە، چونکە لە لایەک بڕی پارەکە زۆرە و ناتوانێت بەبێ تەسلیمکردنی داهاتی هەرێمی كوردستان ئەو خەرجییە لە خۆی بگرێت، لە لایەکی تریشەوە ئەم هەنگاوە پێچەوانەی ماددەی ٧ی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی داراییە کە ئەنجامدەرەکەی تووشی سزای یاسایی دەکات”.

بەهار مەحموود ئاشكرای كردووە كە لەم بابەتەدا حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەم هەنگاوە ڕازی نابێت.