پەرلەمانتارێک: لە %44ی وزەی كارەبا لە هەرێمی کوردستان بەهەدەر دەدرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێک: لە %44ی وزەی كارەبا لە هەرێمی کوردستان بەهەدەر دەدرێت

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان باس لە دۆخی ئێستای وزەی كارەبا دەكات لە هەرێمی کوردستان و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەشێكی زۆر لە وزەی كارەبا لە هەرێمی کوردستان بەفیرۆ دەڕوات و ئەوەش دەخاتە ڕوو، لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە دۆخی كارەبا باش بكات.

گولیزار سندی، جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "یەكێك لە بەرنامەکانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باشبوونی دۆخی كارەبایە و چەند وێستگەیەكی كارەبا كراوەتەوە و بەرهەمهێنانی كارەبا گەیشتووتە 10 هەزار میگاوات لە رۆژێكدا، بەڵام لە وەرزی زستاندا خواست لەسەر كارەبا زۆرە، ماوەیەك پێش ئێستا میوانداری وەزیری كارەبامان كرد باسی ئەوەمان كرد كە پێوەری زیرەك كە ئێستا دەستی پێكردووە چارەسەری كێشەی كارەبا دەكات، چونكە ئێستا %44ی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەهەدەر دەڕوات و سودی لێ نابینرێت".

گوتیشی: "لەو بەهەدەردانە هەم دزی لە كارەباكە دەكرێت و هەمیش بابەتی تەكنیكی بەهەدەر دەڕوات، ئەو بەهەدردانە زۆرە، چونكە زیاد لە سنوور ئەو ئامێرانە پێدەكرێت لە ماڵان كە وزەی كارەبا زۆر دەوێت، هاوكات زیادەرۆیی لەسەر كارەبا دەكرێت، بۆیە دەبێت ئەو دزییە نەهێڵدرێت، چونكە تا بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەبێ، كەچی دزی لە كارەبا زۆرتر دەبێت و ئێمە بەدواداچوونمان بۆ ئەو كێشانە كردووە".

ئاماژەی بە ئەوەش دا: "پڕۆژەی پێوەری زیرەك زۆرە گەورەیە و جێگەی دەستخۆشییە كە دەست بەو كارە كراوە و تا ئێستا چوار سەد هەزار پێوەری زیرەك لە هەرێمی كوردستان دانراوە و بەردەوام دەبێت رەنگە تا ساڵێكی تریش بخایەنێ و گرنگە زوو بخرێتە كار، چونكە تا ئەمە نەكرێت ئەوا چارەسەۆری گرفتی كارەبا ناكرێت و بۆ ئێستاش زۆر گرنگ كە دەرچوونی لیژنەكانی نەهێشتنی زیادەرۆی لە هەموو شار و شارۆچكەكان هەبێ و بەردەوام بێ، تاكو پرۆژەی زیرەك دەخرێتە كار".