حاكم شێخ لەتیف بۆ بانگەشەكارانی گواستنەوەی مووچە بۆ بەغدا: مووچەخۆران تووشی نائومێدی مەكەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

حاكم شێخ لەتیف بۆ بانگەشەكارانی گواستنەوەی مووچە بۆ بەغدا: مووچەخۆران تووشی نائومێدی مەكەن

”پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتی بڕیارێكی لەم شێوەیەی نییە“

ئەندامێكی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕوونكردنەوە بەو پەرلەمانتارە كوردە نەیارانەی هەرێمی كوردستان دەدات كە بانگەشەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ سەر بەغدا دەكەن و رای دەگەیەنێت كە بۆ ئەوەیەتی جارێكی دیكە مووچەخۆرانی كوردستان تووشی نائومێدی نەكرێن.

حاكم شێخ لەتیف، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە پێگەی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) وتارێكی بڵاو كردۆتەوە بە ناونیشانی (ئایا پەرلەمانی عێراق دەتوانێ بڕیار لەسەر گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات؟“، تێیدا دەستخۆشی لە هەوڵەكانی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان كردووە، بەڵام ”بۆ بەرچاوڕوونی و بۆ ئەوەی مووچەخۆران دڵخۆش نەكرێن و دواتریش تووشی نائومێدیی زیاتر ببنەوە، وەك چەند جارێك تووشی ئەو نائومێدییە كراون“، بە پێویستی زانیوە ڕوونكردنەوەكە بدات.
ئەوەشی ئاشكرا كردووە: “پەرلەمانی عێراق دەسەڵات بڕیاردانی خەرجکردنی پارەی نییە و ناتوانێ ھیچ بڕە خەرجییەکی زیادە بەدەر لەوەی لە بودجەدا بڕیاری لەسەر دراوە، زیاد بکات یان حكوومەت ناچار بکات بەو خەرجییە”، بەڵكوو هەر خەرجییەكی زیادە دەبێت پڕۆژەكەی لە ڕێگەی حكوومەتەوە پێشكەش بكرێت یانیش بە ڕەزامەندیی حكوومەت بێت، “ئەگەرنا پابەندی بۆ حكوومەت دروست ناكات”.
بە بڕوای حاكم شێخ لەتیف، پەرلەمانی عێراق بێ رەزامەندیی حكوومەت ئەگەر بیەوێت بڕیارێكی لەم شێوەیە بدات، “تەنها یەك دەسەڵاتی هەیە، ئەویش دەركردنی بڕیارێكی نامولزەمە بۆ حكوومەتی عێراق كە لە چوارچێوەی یاسای بودجە و كارگێڕیی دارایی، چارەسەرێك بۆ كێشەكە بدۆزێتەوە”.
ئەوەشی نەشاردۆتەوە كە پڕۆژەیەكی لەم شێوەیە پێویستە سەرەتا بۆ حكوومەتی عێراق بنێردرێت یان ڕەزامەندیی حكوومەتی عێراقی بۆ وەربگرێت، بەڵام لەم حاڵەتەشدا بابەتەكە دەوەستێتە سەر ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان.
پەرلەمانتارەكەی پێشووی گۆڕان جەختی كردۆتەوە كە حكوومەتی عێراق مووچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج ناكات، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە كە خەرجكردنی ئەم بابەتە بەستراوەتەوە بە رادەستكردنەوەی نەوت و داهاتی خاڵە سنوورییەكان، جگە لەوەی “ئێستا خۆی كێشەی گەورەی دارایی هەیە و شەقامی عێراق و پەرلەمانتارانیش قەبوڵ ناكەن”.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لە عێراق كە بە نەیاریكردنیان بۆ هەرێمی كوردستان ناسراون، هەڵمەتێكیان لە پەرلەمانی عێراق دەست پێكردووە گوایە دەیانەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بخەنە سەر بەغدا، هەرچەندە شارەزایانی بواری دەستوور جەخت دەكەنەوە كە دەستوور دەسەڵاتێكی لەم چەشنەی بە حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق نەداوە.