سیاسییەکی کورد: رەوتێکی ناو پەکەکە دژی رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستان دەوەستێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سیاسییەکی کورد: رەوتێکی ناو پەکەکە دژی رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستان دەوەستێتەوە

کاوە عەزیزی، ئەکادیمی و سیاسیی کوردی سووریا جەختی کردەوە، رەوتێکی بەهێز لەناو پەکەدا هەیە، هەوڵی فتنە و ئاژاوەگێڕی دەدا و دژی رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستان دەوەستێتەوە. روونیشی کردەوە، پەکەکە تا گوێیان لە خزمەتکردنی داگیرکارانی کوردستان تێوەگلاوە.

عەزیزی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بۆ (باسنیوز) گوتیشی: “پەکەکە بە هەموو شێوازێک و تەواوی راگەیاندنی خۆی، هەوڵ دەدا دووبەرەکی و باوەڕنەبوون بە بەرامبەرەکانی بچێنێ”. جەختیشی کردەوە: “پەکەکە تا گوێیان کەوتووەتە خزمەت وڵاتانی داگیرکاری کوردستان، ئەمەش زۆر بە روونی لە دەستوەردانی نایاسایی لە تەواوی بەشەکانی کوردستاندا دەردەکەوێ”.

گوتیشی: “پێدەچێ پەکەکە بەر لە ئێران و میلیشیاکانی وەک حزبوڵا و حووسی و حەشد و ئەوانی دیکە، لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە بکرێتە ئامانج”. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”رێککەوتننامەی شنگال لەو بوارەدا بە هەنگاوی یەکەم دادەنرێ”.

عەزیزی ئاشکراشی کرد: “PYD کە باڵی سیاسیی پەکەکەیە لە سووریا، بەڵام دوای رووداوەکانی سووریا، بە مەبەستی خنکاندنی بزووتنەوەی کوردی، لە بەرژەوەندیی رژێمی سووریا دەستوەردانی لە رۆژئاوای کوردستاندا کرد، بەڵام دوای دامەزراندنی هێزی سەربازییان و هەماهەنگیی ئەمەریکا لەگەڵ (هێزەکانی سووریای دیموکرات)، گۆڕانێکی گرنگ لە بیروبۆچوونی PYDدا دروست بوو”.

روونیشی کردەوە: “PYD هەمووی لەگەڵ PKKدا نییە، بەڵکو هەرە زۆریان نایانەوێ بەشێک بن لە PKK، تەنانەت دەیانەوێ لێی رزگار بن، بۆ جەختکردنەوەی ئەمە، یەکێک لە مەرجەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە دانوستان لەگەڵیاندا ئەوە بوو، PKK لە رۆژئاوای کوردستان بچێتە دەرێ، ئەگەرچی رازیش نەبوون، بەڵام هەر لە دانوستاندا بەردەوامن و جەختیش لە سەرکەوتنی دەکەنەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “ئێستا کادیرە کۆنەکانی PYD فەرامۆش کراون، بەڵکو پشت بەو رەوتە سوودمەندە نوێیە دەبەستن، کە دز و جەردە و پیاوی رژێم و ئەوانی دیکەن”.
عەزیزی گوتی: “پێم وایە بەڕێز مەزڵووم عەبدی نوێنەرایەتیی ئاراستە نیشتمانییەکەی کوردی سووریا دەکات لەناو PYDدا، رۆڵێکی گەورەشی هەیە لە بەردەوامبوونی دانوستانەکان، بەڵام باڵە گرێدراوەکەی پەکەکە لەناویاندا، کە دەستیان بەسەر راگەیاندن و کاروبارەکانی دیکەدا گرتووە، خەریکی ئاژەوەگێڕی و دووبەرەکی نانەوەن و تەگەرە ئەخەنە بەردەم یەکێتیی ریزەکانی کورد”.

ئەو ئەکادیمییە پێداگیری دەکا، کە :”پێویستە باڵی بەڕێز مەزڵووم عەبدی بەهێز بکرێ و پاڵپشتیی بکرێ، بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ باڵەکەی سەر بە پەکەکە لەناو PYDدا دابنێ”. گوتیشی: “PYD هەموویان لەگەڵ ئەو راگەیاندنەیاندا نین دژ بە هەرێمی کوردستان و رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستان، بەڵکو تەنیا ئەو رەوتەیانە، کە سەر بە پەکەکەن و لەناو پەیەدەدان”.
عەزیزی داواش دەکا: “پێویستە پەیەدە لە چالاکیی خۆی بۆ گفتوگۆی خۆبەخۆی کورد بەردەوام بێ و دڵنیاییەک بدا بە ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد، چونکە ئەنجومەن زۆر جدییە لە سەرخستنی گفتوگۆی خۆبەخۆی کوردانی سووریا و گەیشتن بە رێککەوتنێکی سیاسی و رێکخستنەوەی دۆخی کورد لە سووریا”.

جەختیشی کردەوە: “پێویستە ئەنجوومەن و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەخێرایی بگەن بە رێککەوتن و شەڕی راگەیاندنی نێوانیان رابگرن، رێکیش بکەون لەسەر ئەوەی، دەستوەردان لە هیچ بەشێکی کوردستاندا نەکەن، لەبەر ئەوەی ئێمە کوردی سووریاین و پێویستە کێشەکانی خۆمان چارەسەر بکەین، چونکە نیوەی خاکەکەمان داگیر کراوە و نیوەکەی دیکەیشی هەڕەشەی داگیرکردنی لەسەرە”.

د. کاوە عەزیزی کۆتایی بە قسەکانی هێنا و گوتی: “پێویستە ENKS پەلە بکات لە دانوستان و بە جدییبوونی خۆی، دڵنیایی بدات بە لایەنی بەرامبەر، کە دوژمنی ئەو نییە، بەڵکو نزیکترین هاوپەیمان و هاوڕێیەتی و هەوڵی دڵنیایی بدات لەنێو هەردوولا، بۆ ئەوەی بەزوویی بگەنە رێککەوتنێکی گشتگیر، بۆ چارەسەرکردنی تەواوی ناکۆکییەکان”.